نزیكەی 200 ماڵی گەڕەكێكی داقوق كارەبای نیشتمانییان نییە، لە شەو و رۆژێكیشدا تەنیا كەمتر لە حەوت كاتژمێر كارەبای مۆلیدەیان پێدەگات، لەكاتێكدا گەرمای ئەو ناوچەیە زیاتر لە 41 پلەی سیلیزییە.
گەڕەكی روناكی لە قەزای داقوق، دوو هەفتەیە محەویلەی كارەبای نیشتمانییان سوتاوە و تا ئەمڕۆ چوارشەممە 29ـی حوزەیران، چاكنەكراوەتەوە.
سام مەحمود، دانیشتوی ئەو گەڕەكەیە و دەڵێت هیچ كەسێك بە دەم داواكارییەكانیانەوە ناچێت و چارەسەری كێشەكەیان بۆ ناكات، بۆیە خەڵك بە ناچاری و لە بەر گەرما ناتوانن لە ماڵەكانیاندا بمێننەوە، ئەوەش یەكەمجار نییە و چەندین جار محەویلەی ئەو گەڕەكە سوتاوە، چونكە فشاری زۆری لەسەرە.
گەڕەكی روناكی لە دوای 2003ـەوە دروستبووە، بە زیادەڕۆیی هەژماردەكرێت، زیاتر لە 200 ماڵی تێدایە كە زۆرینە كورد و ئەوانیتر عەرەب و توركمانن، بە هەموو گەڕەكەكە یەك محەویلەی كارەبای نیشتمانییان هەیە.
سامان حەوێز، دانیشتویەكی دیكەی ئەو گەڕەكەیە و بە (كەركوك ناو)ـی وت محەویلەی كارەبای نیشتمانیی بەهۆی فشاری زۆرەوە سوتاوە و كەس بە هانایانەوە ناچێت، لەكاتێكدا داوای مافی سەرەتایی خۆیان دەكەن، چونكە كەس لەو گەرمایەدا بەبێ كارەبا و كارپێكردنی ئامێرەكانی فێنككەرەوە ناتوانن بەرگە بگرن.
ڤیدیۆ: داقوق/ حوزەیرانی 2022/ ناڕەزایی دانیشتوانی گەڕەكی روناكی دژی نەبونی كارەبای نیشتمانی
"خەڵك منداڵە بچوكەكەی لەناو ئۆتۆمبێلدا دادەنێت و ئیش بە تەبریدی ئۆتۆمبێلەكەی دەكات لەبری نەبونی كارەبا لە ماڵەوە" بەوتەی سامان.
خەڵكی ئەو گەڕەكە دوێنێ سێشەممە 28ـی حوزەیران گردبونەوە و داوایانكرد ئیدارەی قەزاكە چارەسەری كێشەكەیان بۆ بكات.
عەباس سابیر، وتەبێژی قایمقامیەتی داقوق بە (كەركوك ناو)ـی وت سكاڵای هاوڵاتیانی ئەو گەڕەكەیان بە دەست گەیشتووە، كە گەڕەكێكی زیادەڕۆییە و لە دەرەوەی دیزانی شارەوانیدایە، بەڵام سەرباری ئەوەش داوایان لە ئیدارەی كەركوك كردووە دوو محەویلەی دیكە بۆ گەڕەكەكە دابینبكرێت، چونكە تەنیا یەك محەویلەیان هەیە و بەهۆی فشاری زۆرەوە دەسوتێت.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) ئەو گەڕەكە دوو هەفتەیە تەنیا كارەبای مۆلیدەی ئەهلییان هەیە، كە لە شەو و رۆژێكدا نزیكەی حەوت كاتژمێرە.
لێپرسراوەكەی قایمقامیەتی داقوق لەڕێی (كەركوك ناو)ـەوە بەڵێنیدا لە ماوەی سێ بۆ چوار رۆژدا كێشەی نەبونی كارەبای نیشتمانی ئەو گەڕەكە چارەسەر بكرێت و داواشیی لە هاوڵاتیان كرد تا دەتوانن دەست بەكارەباوە بگرن و بەكارهێنانی كەمتر بكەنەوە.
قەزای داقوق بە دوری 44 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشوری كەركوك و ژمارەی دانیشتوانی بە زیاتر لە 97 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت.