دوكەڵ لە بەری چەپی موسڵ بەرزدەبێتەوە و هەرزوو دەبێتە بارستەیەكی گەورە بە ئاسمانیی شارەكەوە، هاوڵاتیانیش لە دوورەوە پێشبینیی سەرچاوەی ئەو دوكەڵە دەكەن و بەهیوان ئەمجارە ئەوەی هەستیی پێدەكەن، راست دەرنەچێت.
ئاگرەكە پێش گەیشتنیی تیمەی بەرگری شارستانی فراوانتر دەبێت و لەوكاتەدا عومەر حسێنی، رۆژنامەنووس دەگاتە شوێنی روداوەكەوە و بە مۆبایلەكەی راستەوخۆ دەستپێدەكات، داوا لە گەنجانیش دەكات لە كوژاندنەوەی ئاگرەكەدا بەشداری بكەن، لەكاتێكدا بڵێسەی ئاگر تا دەهات داری زیاتری لەناودەبرد.
عومەر حسێنی بە (كەركوك ناو)ـی وت "هەموو وەرزێكی هاوین دارستانی موسڵ دەسوتێت، بەڵام ئاگرەكەی ئەمجارە جیاواز بوو.. قەبارەكەی گەورەتر بوو، لەو كەسانە بوم راستەوخۆ گەیشتنە شوێنەكە بەڵام ژمارەمان كەمتر بوو لەوەی كار بۆ كوژاندنەوەی ئاگرەكە بكەین، بۆیە بە راستەوخۆ گواستمەوە و بانگەوازم كرد تا ئەوكاتەی ئۆتۆمبێلەكانی بەرگری شارستانی گەیشتن".
تیمەكانی بەرگری شارستانی بە هاوكاری ئەو گەنجانەی لە شوێنی روداوەكەدا بون توانییان لە هەشت كاتژمێردا ئاگرەكە كۆنتڕۆڵبكەن و چوار تانكەری ئاویان بۆ رێگری لە دوبارەبونەوەی ئاگر لەوێ دانا.
رۆژنامەنوس ئەحمەد جەفال، كاتێك لە نزیكی ئاگرەكە راوەستابوو وتی بارودۆخەكە ناجێگیر بوو، یەكێك پەیوەندی بە ئیدارەی پارێزگاوە كرد و داوایكرد بەڵێندەرانی پارێزگا بە ئۆتۆمبێل و بلدۆزەر و شۆفڵ فریایانبكەون.
ڤیدیۆ: 29ـی حوزەیرانی 2022/ چركەساتی ئاگرەكەی دارستانی موسڵ
ئاگرەكەی چوارشەممە 29ـی حوزەیرانی 2022، زیاتر لە 60 دۆنم لە دارستانی موسڵی كرد بە خۆڵەمێش لە نێویاندا ئەو دارانەی تەمەنیان 20 ساڵ دەبێت.
موقەدەم سەعد حەمادی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەرگری شارستانی نەینەوا بە (كەركوك ناو)ـی وت "لە كاتژمێر 7:30 خولەكی ئێوارەدا توانیمان ئاگرەكە كۆنتڕۆڵبكەین، ئەوەش بە بەشداری 20 تیمی بەرگری شارستانی و هاوكاری گەورەی خەڵك و دامەزراوە خزمەتگوزارییەكانی شارەكە، بەهۆی روداوەكەشەوە دوو كارمەندمان برینداربون.. یەكێكیان دەستی شكا و ئەویتر توشی تەنگەنەفەسیی بوو".
دارستانی موسڵ لەسەر روبەری زیاتر لە 900 دۆنم دەكەوێتە بەری خۆرهەڵاتی روباری دیجلە و بە سیاج چواردەوری گیراوە بۆ رێگریی لە كردنەوەی ئاگر و سوتاندنی.
ئەمیر عەباجی، كاتێك بە دڵتەنگیییەوە چاودێری شەپۆلێك لە بڵاوكراوەی ناو سۆشیال میدیای لەبارەی ئاگرەكەوە دەكرد، لە كۆمێنتدا هۆشداری سەبارەت بە داگیركردنی زەوییەكانی ئەو دارستانە دەنوسی كە بۆتە جێی "تەماحی" زۆر كەس و بە دەرفەتێك بۆ وەبەرهێنان دەیبینن، كە بەهۆیەوە پارەی زۆریان دەستدەكەوێت.
لەوكاتەدا ئەمیر مۆبایلەكەی دانا و بە (كەركوك ناو)ـی وت "دوای ئاگرەكە، دارستانەكە وشك دەكرێت و پاشان دەكرێتە چێشتخانە و هۆڵی ئاهەنگگێڕان".
ئەو روداوەی چوارشەممەی رابردوو، چوارەم ئاگركەوتنەوەی هاوشێوە بوو لە چەند ساڵی رابردودا، كە یەكێكیان لە 2017 و لەكاتی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارەكەدا، یەكێكی تریان لە ساڵی 2019ـدا و بەدوای لە ساڵی 2020ـدا تۆماركراون.
حەسام خەلیل، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی نەینەوا كە بە مەیدانی سەرپەرشتی كوژاندنەوەی ئاگرەكە كرد، رەتیدەكاتەوە ئاگرەكە بە ئەنقەست كرابێتەوە یان سیفەتی تاوانكاری وەربگرێت، بەدوای ئەویشدا عەبدولستار حەبو، بەڕێوەبەری شارەوانی موسڵ رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و دەڵێت "سوتانی دارستانەكان لە هەموو دنیادا هەیە و پلانمان هەیە بۆ دروستكردنی روبەری سەوز لە دارستانەكان و قەرەبوی ئەو زیانانەی بەر دارەكان كەوتووە".
گەنجانی موسڵ بەدوای مەترسییەكاندا دەڕۆن
لە بەرانبەر ئەو دڵتەنگییەی هاوڵاتیان بەهۆی سوتانی دارستانەكەوە تووشی بون، ئەنەس تائی، خاوەنی پرۆژەی موسڵی سەوز هەڵمەتێكی بۆ بەخشینی دار دەستپێكرد.
ئەنەس كە پێشتر (كەركوك ناو) راپۆرتێكی لە بارەی پرۆژەكەیەوە بڵاوكردەوە، لە كاتی روداوەكەدا بە پەلە دەچێتە دارستانی موسڵ بەڵام هیچی لەدەستنایەت تەنیا بەخشینی دار نەبێت، لەوێ پۆستێكی بڵاوكردەوە و نوسی "من ئەنەس تائی، 200 دار دەبەخشم بۆ قەرەبوكردنەوەی ئەو دارانەی ئەمڕۆ سوتان".
ئەو بیرۆكەیە سەرنجی هاوڵاتیانی راكێشا و هەرزوو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دەیان كەسی دیكە لە چالاكوان، رۆژنامەنوس و پەرلەمانتارانی نەینەوا ژمارەی ئەو دارانەیان نوسی كە بۆ قەرەبوی ئاگرەكە دەیبەخشن.
یوسف موئەیەد، فەرمانبەری تەندروستی نەینەوایە و لەكاتی روداوەكەدا لە نەخۆشخانەیەكی موسڵ دەوامی دەكرد، كاتێك هەڵمەتەكەی لە سۆشیال میدیا بینی، وردەكارییەكانی گەیاندە بەشە جیاوازەكانی شوێنی دەوامەكەیی و هانیدان ببەخشن، لەڕێیەوە توانی بەڵێنی بەخشینی زیاتر لە 500 دار كۆبكاتەوە تا لە دارستانی موسڵ بنێژرێن.
بەپێی ئامارەكانی بەرگری شارستانی عیراق، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 13 هەزار و 600 روداوی ئاگركەوتنەوە لە پارێزگامانی عیراق، بەبێ هەرێمی كوردستان، تۆماركراون و سەدا 47ـیان بەهۆی شۆرتی كارەباوە رویداوە.
تائی كە بەردەوام تەلەفۆنی لەو كەسانەوە بۆ دێت دار دەبەخشن، بەڵێنیدا لە بری ئاگر وابكات دارستانی موسڵ پڕ بكات لە دار.
جگە لەو هەڵمەتە، گەنجان بە دانانی سندوقی بەخشین بە ناوچە دیارەكانی شاری موسڵ هانی هاوڵاتیانیان دا بە پارە و بەپێی توانای خۆیان هاوكاری بكەن.
دارستانی موسڵ ئێستا لە چاوەڕوانی 20 هەزار نەمام و داردایە كە بەڵێنی بەخشینی دراوە لە موسڵ و ناوچە جیاوازەكانی تری عیراقەوە.
شارەوانی موسڵ رونكردنەوەیەكی لە بارەی رێكخستنی پرۆسەی چاندنی دار و هەڵبژاردنی جۆرەكەی بڵاوكردەوە، داوایكردووە واز لە داری (یوكالبوتس) و (بۆلۆنیا) بهێنن كە ئێستا لە دارستانی موسڵ هەن، بەڵكو بیگۆڕن بەو جۆرانەی گەڵاكانیان بە چڕی ناوەرێت و نابێتە هۆی كەوتنەوەی ئاگر.
لە دووەم رۆژی دوای ئاگرەكەوە، پرۆسەی رێككردنەوەی خۆڵ و زەوی دارستانەكە دەستیپێكردووە، وادیارە موسڵاوییەكان جارێكیتر سەرقاڵی دروستكردنەوە و بوژاندنەوەی دارستانەكە دەبن، وەك چۆن باوباپیرانیان سەد ساڵ لەمەوبەر یان پێشتر ئەنجامیانداوە.