ئیدارەی كەركوك رایدەگەیەنێت كە هیچ هاوڵاتییەكی كەركوكی و خاوەن رەگەزنامەی پارێزگاكە، كارتی نیشتەجێبون و كۆبۆنی خۆراكی لێناسەندرێتەوە، تەنانەت "ئەگەر لەهەر بارودۆخێك و بەهەر هۆكارێك پارێزگاكەی بەجێهیشتبێت". لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی نوسراوەكە "هێشتا ژمارەی لێنەدراوە تا هەڵبوەشێتەوە".
ئەمڕۆ دووشەممە 4ی تەمموز، ژمارەیەك دەزگای راگەیاندن و سۆسیال میدیا، نوسراوێكی راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت-یان بڵاوكردەوە، تیایدا ئاماژەیان بەوەدا ناوبراو بڕیارێكی دژی كورد دەركردووە. هەروەها وا وێنای دەكەن كە بڕیارەكە ئامانج لێی بێبەشكردنی ئەو خێزانە كوردانەیە كە خانووەكانیان لە كەركوك تاپۆ نییە لە كۆبۆنی خۆراك و كارتی نیشتەجێبون.
نوسراوەكە كە 3ی تەمموز واژۆكراوە، بەڵام مۆر و ژمارەی دەرچونی لەسەر نییە و تیایدا هاتووە "وردبینییەكی گشتگیر دەكەین بۆ كارتی نیشتەجێبون و كۆبۆنی خۆراك، دواتر بەراوردی دەكەین بە شوێنی نیشتەجێبونی هەمیشەییان، ئەمەش وەك ئامادەكارییەك بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەر كارتێكی نیشتەجێبون و كۆبۆنی خۆراكی ئەو كەسانەی نیشتەجێی ناوەندی كەركوك و قەزاو ناحییە و گوندەكانی تری پارێزگای كەركوك نین".
دوابەدوای بڵاوبونەوەی نوسراوەكە، شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق، لە راگەیەنراوێكدا جەختیكردەوە "دوای ئەوەی نوسراوەكەمان بەدەست گەیشت، بۆ بێبەشکردنی ئەو خیزانە کوردانەی خانوەکانیان تاپۆ نییە لە كۆبۆنی خۆراک و کارتی نیشتەجێبون، راستەوخۆ دەستتێوەردانمان كرد و ئەو نوسراوە هەڵوەشایەوە و بەهیچ شێوەیەک کاری پێناکرێت".
هاوكات فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، دەڵێت "بڕیارەكەی پارێزگاری سەپێنراوی كەركوك بڕیارێكی تەواو شۆڤێنیە و پێچەوانەی هەموو بنەماكانی پێكەوە ژیان و بنەما یاسایی و دەستوورییەكانە و دەبێت داوای لێبوردن بكات"، بەپێی راگەیەنراوەكەی كە لە سایتی فەرمی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بڵاوكراوەتەوە.
بڕیارەكەی پارێزگاری سەپێنراوی كەركوك بڕیارێكی تەواو شۆڤێنیە و پێچەوانەی هەموو بنەماكانی پێكەوە ژیان و بنەما یاسایی و دەستوورییەكانە
سەرچاوەیەكی باڵا لە دیوانی پارێزگای كەركوك، لەڕێی (كەركوك ناو)ەوە رونكردنەوە لەسەر نوسراوەكە دەدات و جەختیكردەوە "ئەو نوسراوە هێشتا دەرنەچووە تا هەڵبوەشێتەوە، تائێستا هەر رەشنوسە و بەشێوەیەكی رەسمی بڵاونەكراوەتەوە و مۆری لێنەدراوە، بەڵام ئەمڕۆ (دووشەممە 4ی تەمموز) دزەی پێكراوە و بڵاوكراوەتەوە".
وتیشی "بەڵام كاردەكەین بۆ ئەوەی لە نزیكترین كاتدا نوسراوەكە دەربچێت و بڵاوبكرێتەوە (ژمارەی لێبدرێت)".
كاردەكەین بۆ ئەوەی لە نزیكترین كاتدا نوسراوەكە دەربچێت و بڵاوبكرێتەوە
لەبارەی ئامانجی دەركردنی نوسراوەكە، سەرچاوەكە وتی "كۆمەڵێك لایەنی ئەرێنی دەبێت، لە نێویاندا گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچە كۆنترۆڵكراوەكانی خۆیان لە هەموو پارێزگاكان، هەروەها رۆڵی دەبێت لە دوبارە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان و گەڕاندنەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان".
هێشتا هەزاران ئاوارەی پارێزگاكانی سەڵاحەدین و نەینەوا و پارێزگاكانی تر لە كەركوك و تێكەڵ بە خەڵكی پارێزگاكە بون و لە گەڕەكە جیاوازەكان دەژین و نەگەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان.
ترسی كورد لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، هەزاران خێزان لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەیر 2017ەوە پارێزگاگەیان بەجێهێشتووە و نەگەڕانەوە كەركوك، لەكاتێكدا فۆرمی خۆراك و كارتی نیشتەجێبونیان لە كەركوكە.
هەروەها هەزارانی تر لەدوای ساڵی 1991ەوە كە ئاوارەی پارێزگاكانی هەرێم بون لە سەردەمی حزبی بەعشدا نەگەڕاونەتەوە كەركوك، لە هەمانكاتدا ئەوانیش كۆبۆنی خۆراك و كارتی نیشتەجێبونیان لە كەركوكە.
لەبارەی ترسی لایەنی كوردی لەو نوسراوە و كاردانەوە خێراكانیان لە میدیا و لە ئاستی باڵای دامەزراوەكاندا، سەرچاوەكە وتی "ئەم رێكارە هیچ هاوڵاتییەكی كەركوكی و خاوەن رەگەزنامەی پارێزگاكە ناكاتە ئامانج تەنانەت ئەگەر لەهەر بارودۆخێك و بەهەر هۆكارێك پێشتر شارەكەی بەجێهێشتبێت، بەپێی ئەم رێكارە نە كارتی نیشتەجێبون و نە كۆبۆنی خۆراكی لێوەرناگیرێتەوە".