تیمەكانی پۆلیسی فریاكەوتنی كەركوك، سەركەوتوو بون لە رزگاركردنی ژنێك كە دەیویست كۆتایی بە ژیانی خۆی و منداڵەكەی بهێنێت، ئەوەش لەڕێی خۆفڕێدانی لەسەر پردێكی پەڕێنەوەی پیادە لە گەڕەكی شۆڕیجە.
ئەو ژنە پاشنیوەڕۆی دووشەممە 4ی تەمموز، چۆتە سەر پردەكە و ویستویەتی بە منداڵەكەیەوە خۆی فڕێبداتە خوارەوە و كۆتایی بە ژیانی خۆیی و منداڵەكەی بهێنێت.
سەرچاوەیەك لە تیمەكانی پۆلیسی فریاكەوتن، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەلایەن هاوڵاتیانەوە ئاگاداركراینەوە لە حاڵەتێكی هەوڵدانی ژنێك بۆ كۆتاییهێنان بە ژیانی خۆی و منداڵەكەی، ئەوەش لەڕێی هەوڵدان بۆ خۆفڕێدانی لەسەر پردێكی پەڕێنەوەی پیادە... چوینە شوێنی روداوەكە و تیمەكانمان سەركەوتوو بون لە رزگاركردنی ئەو ژنە و منداڵەكەی".
چوینە شوێنی روداوەكە و تیمەكانمان سەركەوتوو بون لە رزگاركردنی ئەو ژنە و منداڵەكەی
تیمەكە كە عەقید مازن غەریب، بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکوک سەرپەرشتی دەكرد، دوای رزگاركردنی ژنەكە و پەشیمانكردنەوەی لەو كارە، ژنەكە و منداڵەكەیان بۆ پۆلیسی پاراستنی خێزان و منداڵ گواستەوە.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، ژنەكە كێشەی كۆمەڵایەتی هەبووە، بۆیە هەوڵی "خۆكوشتن"ی داوە.
لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە، ئەمە سێیەم حاڵەتی رزگاركردنی هاوڵاتیانی كەركوكە لە هەوڵی خۆكوشتن.
لە 4ی نیسان، كچێكی 23 ساڵ لەكاتی هەوڵدان بۆ خۆفڕێدانی لە مۆڵێكی كەركوك بە مەبەستی كۆتاییهێنان بە ژیانی، رزگاركرا، حاڵەتی دووەم هەمان مانگ گەنجێكی شارەكە كە بەهەمان شێوە دەیویست كۆتایی بەژیانی خۆی بهێنێت لەڕێی خۆفڕێدانەوە، ئەویش لەلایەن پۆلیسی كەركوكەوە رزگاركرا.
بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی كەركوك، لە شەش مانگی سەرەتای 2022دا 16 حاڵەتی "خۆكوشتن" لە پارێزگای كەركوك تۆماركراوە، 11یان لە رەگەزی مێ بون و چواریان نێر. ئامارەكە لەلایەن مقەدەم عامر شوانی، وتەبێژی پۆلیسی كەركوكەوە دراوە بە (كەركوك ناو).
لە شەش مانگی ئەمساڵدا 16 حاڵەتی خۆكوشتن تۆماركراوە
دواین حاڵەتیان لە 30 حوزەیران، كچێكی تەمەن 25 ساڵ بوو، كاتێك تەرمەكەی لە ماڵەكی خۆیدا لە گەڕەكی یەكی حوزەیران دۆزرایەوە، پەتێك بە ملییەوە بوو و هەڵواسرابوو.
ناهیدە عەلی، چالاکوانی بواری مافەكانی ژنان و مافەكانی مرۆڤ، بە (كەركوك ناو)ی وت "زۆرینەی حاڵەتەكان بەهۆی توندوتیژی خێزانییەوە رودەدەن، هەندێكیان توندوتیژیی و پێشێلكردنی مافەكانیان بەڕادەیەك زۆر بووە بڕیاریداوە كۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت".
وتیشی "هەندێك كەیسی تریان سیناریۆی بۆ ئامادەكراوە و دەڵێن توشی نەخۆشی دەرونی بووە و پەنای بۆ خۆكوشتن بردووە... لە ڕاستیدا مافە سەرەتاییەكانی خۆی پێبدە كەس پەنا بۆ خۆكوشتن نابات". لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی خۆكوشتن رێگایەكی هەڵەیە.