رێبەرێكی نوێ بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ گوتاری رق و كینە دەنوسرێت، بەناوی "قەیرانی گوتاری رق و کینە: رێگەکانی دەستکردن بە چارەسەرکردنی – رێبەرێک بۆ رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و چالاکوانان". سەلام عومەر، سەرنوسەری (كەركوك ناو)، لە نوسینەوەی بەشێكی رێبەرەكەدا بەشداریكردووە.
رێبەرەكە بەشێكە لە کۆکراوەی ئەزموونی دەیان لەو هاوبەشانەی کە لە عیراق، میانمار و پاکستان لەگەڵ گروپی مافی كەمینەكان (MRG)ـدا كاریانكردووە، ئەوەش لە چوارچێوەی بەرنامەی (هاوپەیمانی لە پێناو یەکسانیی و گەشەپێدانی گشتگیر - CREID-). لە ماوەی پێنج ساڵی رابردودا.
(MRG)، لە ماڵپەڕی تایبەتی خۆی بڵاویكردەوە "جیهان تەوژمێکی گەورە لە گوتاری رق و کینە بەخۆوە دەبینێت. بەپێی شیکارییەک، لەماوەی نێوان 2011 تا 2021، بەکارهێنانی گوزارشتەکانی رق و کینە لەرێی ئینتەرنێتەوە لە پاکستان 400 هێندە زیادیکردوە. زۆرجار کەمینەکان زیاتر دەناڵێنن بەدەست گوتاری رق و کینەوە و هەستدەکەن بەرانبەری دەستەوەستانن".
هەروەها هاتووە "ئەم رێبەرە بە جۆرێک دانراوە کە پراکتیکی و بەسوود بێت بۆ ئەو رێکخراوانەی لە بواری کەمینەکان، کلتورە جیاوازەکان، بڕواداری و مافەکانی مرۆڤ کاردەکەن لە ئاستێکی لۆکاڵیدا. ئەم رێبەرە بۆ ئەوە نییە پێت بڵێت چی پێویستە بکرێت، بەڵکو بۆ رونکردنەوەی ئەو پڕۆژە سەردەمییانەیە كە هاوبەشەکانمان جێبەجێیانکردوە بۆ روبەڕبونەوەی گوتاری رق و کینە و هەروەها چ شتێک لەو رێگەیەوە فێربون".
رێبەرەکە چۆنیەتی دروستکردنی فەرهەنگێکی تایبەت بە زاراوەکانی رق و کینە لەخۆدەگرێت، هەروەها چۆنیەتی چاودێریکردنی ئاست، جۆر، پاڵنەر و ئامانجەکانی گوتاری رق و کینە، جگە لەوەش چۆن و لەکوێ گوتاری رق و کینەی زەق ئاشکرابکرێت و چۆن کار لەگەڵ گەنجان یاخود میدیادا بکرێت بۆ بەرهەمهێنانی گوتاری ئەرێنی بۆ روبەڕوبونەوەی رق و کینە.
بۆ داونلۆدكردنی رێبەرەكە كلیك بكە: