نەجم جبوری، پارێزگاری نەینەوا، بەشێك لە كێشەكانی موسڵ و دەشتی نەینەوای بۆ وەعد قەدۆ، پەرلەمانتاری شەبەك و نزیك لە حەشدی شەعبی گەڕاندەوە، لە نێویاندا "موشەكبارانكردنی هەولێر"، ناوبراویش وەڵامیداوەتەوە و وتویەتی "بەڵێنت پێدەدەم لە پۆستەكەت بەردەوام نابیت".
ئەو شەڕەقسە و تۆمەتبەخشینەوەیە لە كۆبونەوەیەكدا هات كە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، سەرپەرشتی دەكرد، لەگەڵ پەرلەمانتارانی نەینەوا و ئیدارەی پارێزگا، ئەوەش لە یەكەم رۆژی جەژن 9ی تەمموز لە موسڵ.
شێروان دوبەردانى، ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عیراق لە فراكسیۆنی پارتی و بەشداربوی كۆبونەوەكە، بۆ (كەركوك ناو) جەختیكردەوە "نەجم جبورى لەبەردەم كازمیدا هێرشى توندى کردە سەر وەعد قەدۆ، ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عیراق لەسەر پشکى حەشدى شەعبی و بە کازمی وت كە بەشێکی زۆر لە کێشەکانى موسڵ و روداوەكانی دەشتى نەینەوا پەیوەندى بە وەعد قەدۆوە هەیە، لەو وتەیەیدا باسی هێرشەكانی سەر هەولێری كرد لەڕێی موشەكەوە".
نەجم جبورى لەبەردەم كازمیدا هێرشى توندى کردە سەر وەعد قەدۆ و وتی بەشێکی زۆر لە کێشەکانى موسڵ و روداوەكانی دەشتى نەینەوا پەیوەندى بەوەوە هەیە
"لە بەرامبەردا وەعدۆ قەدۆ، نەجم جبوری تۆمەتباركرد بەوەی دۆخى پارێزگاى نەینەوای شێواندووە"، بەوتەی دوبەردانی.
هاوكات زیاد سنجاری، رۆژنامەنوسی پارێزگای نەینەوا كە ئەو رۆژە سەرقاڵی روماڵكردنی سەردانەكەی كازمی بوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "نەجم جبوری، وەعد قەدۆی تۆمەتباركردووە بەوەی کە لە دەشتی نەینەواوە کاریگەری لەسەر هەولێر دروستکردووە".
سنجاری، هەروەها جەختیكردەوە لەوەی پارێزگاری نەینەوا، بەوەوە نەوەستاوە و وەعد قەدۆی تۆمەتباركردووە بەوەی "رێگریكردووە لە خەڵك بۆ دروستكردنی خانوو لە ناوچەكانی خۆیان دەشتی نەینەوا بە بیانوی ترسی دیمۆگرافی، هەرچەندە خەڵكەكە بەڵگەنامەی رەسمیان هەبووە كە دەیسەلەماند خاوەنی راستەقینەی ئەو زەوییانەن".
هەر لەو كۆبونەوەیەدا كە ژمارەیەك فەرماندەی ئەمنی و سەربازیش ئامادەی بون، وەعد قەدۆ، وەڵامی جبوری داوەتەوە و پێی وتووە "بەڵێنتپێدەدەم لە ماوەیەكی داهاتودا لە پۆستەكەتدا نامێنیتەوە".
بەپێی وتەی ئەو رۆژنامەنوسە، ئەو وتانە مستەفا كازمی توشی سەرسوڕمان كردووە.
وەعد قەدۆ ناسراو بە ئەبو جەعفەر شەبەكی، فەرماندەی پێشوی حەشدی شەعبییە و لە هەڵبژاردنی تشرینی یەكەمی 2021دا بووە براوەی كورسی كۆتای شەبەك لە نەینەوا.
شێروان دوبەردانی، جەختیكردەوە "كازمی ئەو یەكتر تۆمەتباركردنەی پێ خۆش نەبووە و هەر لەوێ بڕیاریداوە لیژنەیەک پێکبهێنێت بۆ راستى و ئاشکراکردنى هەموو ئەو پرسانە کە جێى گومانن و ئەو کێشانەى تا ئێستا چارەسەرنەکراون".
كازمی ئەو یەكتر تۆمەتباركردنەی پێ خۆش نەبووە و هەر لەوێ بڕیاریداوە لیژنەیەک پێکبهێنێت بۆ راستییەكان
هەر لەو كۆبونەوەیەدا، نوێنەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان و نەجم جبوری-ش داوایانكرد چیتر لە سنوری نەینەواوە بۆردومانی هەولێر نەكرێت، بەوتەی دوبەردانی.
نەینەوا/ 9ی تەمموزی 2022/ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لە موسڵ. ڤیدیۆ: راگەیاندنی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق.
لە دوو ساڵی رابردودا ناوبەناو شاری هەولێر دەكرێتە ئامانج لەڕێی موشەك و كاتیۆشاوە و چەندین جار حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی موشەكەكان لە سنوری نەینەوا ئاراستەكراون، هاوكات داوایكردووە لێكۆڵینەوە لەو هێرشانە بكرێت و دۆخی ئەمنی نەشێوێنرێت.
باسكردنی چارەسەركردنی كێشەی بەنزینی پارێزگاكە و ئاوەدانکردنەوەى موسڵ و تەواوکردنى پڕۆژە ستراتیژییەكانی موسڵ. بەشێكی تر بون لە داواكارییەكانی حكومەتی خۆجێی نەینەوا لە سەرۆك وەزیرانی عیراق.
مستەفا کازمى، لە زانکۆى موسڵ ئامادەى مەراسیمێك بوو كە تایبەت بوو بە تێپەڕبونی شەش ساڵ بەسەر رزگاركردنی موسڵ لەژێر چنگی داعش و لە وتارێكیدا داوای لە سیاسەتمەداران کرد کە ئەولەویەتیان بۆ بەرژەوەندی گشتی بێت.
كازمی ئاماژەی بەو قەیرانانەش كرد کە پارێزگاکە توشی بووە، لەنێویاندا كەمی سوتەمەنی و پێیوابوو كە بەشێكی هۆكارەكەی بەهۆی قاچاخچییەكانەوەیە.
كازمی بەڵێنیدا مانگی ئابی ئەمساڵ جارێكی تر بگەڕێتەوە بۆ موسڵ، بۆ دانانی بەردی بناغەی كۆمەڵێك پڕۆژە.