10 رۆژە گەڕەكێك روناكی كارەبایان نەبینیوە

دياله‌، گۆڕه‌پانێكی سه‌ره‌كی له‌ ناوه‌ندی قه‌زای خانه‌قین فۆتۆ: ئه‌میر خانه‌قینی

لەیلا ئەحمەد

دانیشتووانی گەڕەكێكی قەزای خانەقین 10 رۆژە كارەبای نیشتیمانیان بڕاوە، لانیكەم چوار مانگیشە مۆلیدەی گەڕەك سوتاوە و چاكنەكراوەتەوە، لەكاتێكدا پلەكانی گەرما لەو قەزایە لە دوو رۆژی رابردودا نزیكبۆوە لە 43 پلە.

تاهیر سەفەر، ئەنجومەنى گەڕەکى مەڵک شاهى لە خانەقین، وتی "پێش جەژن محاویلەی گەڕەكەكە سوتا، لەوكاتەوە كە 10 رۆژ دەكات كارەبامان نییە، زیاتر لە چوار مانگیشە مۆلیدەی گەڕەك سوتاوە و خاوەنەكەی ئامادەنییە چاكی بكاتەوە".

"ماڵ و منداڵ زۆر گەرمامان دەبێت، چەند رۆژێكە گەرماكەی تاقەتپڕوكێنە، بەڕاستی زۆر بێزاربوین، چەندینجار فەرمانگەی كارەبا و قایمقاممان ئاگاداركردۆتەوە، هەر دەڵێن چاوەڕێین محاویلەی كارەبامان لە بەعقوبەوە بۆ بێت". تاهیر سەفەر وایوت.

ماڵ و منداڵ زۆر گەرمامان دەبێت، چەند رۆژێكە گەرماكەی تاقەتپڕوكێنە

خانەقین سەر بە پارێزگای دیالە و یەكێكە لە ناوچەكانی جێناكۆك لە عیراق.

كێشەیەكی تری ئەو گەڕەكە ئەوەیە، مۆلیدەكەیان نزیكەی چوار مانگە شكاوە و خاوەنەكەی ئامادەنییە چاكی بكاتەوە.

ئەنجومەنی گەڕەكی مەڵك شاهی، وتی "خاوەنەكەی تەنانەت رێگانادات هیچ كەسێكیش مۆلیدە لەو گەڕەكە دابنێت، سكاڵام لە دژی ئەویش تۆماركردووە، بەڵام بێسود بووە".

خاوەنی مۆلیدەكە بەپێی وتەی تاهیر سەفەر، وتویەتی "تەنیا لە حاڵەتێكدا رێگەدەدەم مۆلیدە لەم گەڕەكە دابنرێت ئەویش ئەگەر كەسێك شوێنی مۆلیدەكەم لێبكڕێت بە 20 هەزار دۆلار".

ئەحمەد ئیبراهیم، دانیشتوی ئەو گەڕەكە وتی "ناچارم مانگانە 150 هەزار بۆ 200 هەزار دینار بدەم بە بەنزین و مۆلیدەیەكی بچوكم كڕیوە كاری پێدەكەم، ئەوەش ناچارییە".

ناچارم مانگانە 150 هەزار بۆ 200 هەزار دینار بدەم بە بەنزین و مۆلیدەیەكی بچوكم كڕیوە كاری پێدەكەم

لەو گەڕەكە 60 خێزان نیشتەجێن و لە چاوەڕوانی حكومەتدان كێشەكانیان بۆ چارەسەر بكات.

بەشار شاكر، بەڕێوەبەرى فەرمانگەی كارەبای خانەقین، وتی "لەپێش جەژنەوە دوو گەڕەكی خانەقین (مەڵك شاهی و جەبراوە)، محاویلەكانیان سوتاوە، ناردومانن بۆ بەعقوبە بۆ چاككردنەوەیان و هێشتا چاكنەكراونەتەوە"، وتیشی "ئێمە داوامانكردووە محاویلەی نوێمان بۆ بنێرن، نازانین لە چەند رۆژی داهاتودا چی دەبێت".

فەرمانگەی كارەبای گەرمیان – سەر بە حكومەتی هەرێم-، چوارشەممە 14ی تەمموز محاویلەیەكی بۆ گەڕەكی مەڵك شاهی نارد، بەڵام دوای یەك رۆژ لە دانانی ئەویش تێكچوو، بەوتەی بەشار.

وتیشی "هۆكارێكی درەنگ ناردنی محاویلە بەهۆی پشوی جەژنەوەیە، هۆكارێكی تر ئەوەیە، چاودێری زۆر لە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای دیالە هەیە و دەبێت بۆ بردنی هەر ئامێرێك دەستەی نەزاهە ئاگاداربێت".

بڕیارە لەم یەك دوو رۆژەدا، خەڵكی گەڕەكەكە و خاوەنی مۆلیدەكە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە سەردانی قایمقامی خانەقین بكەن.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT