میرزا دینایی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان لە ماڵێكدا كۆدەكاتەوە

شنگال/ ئابی 2021/ دیمەنێك لە خانی پێكەوەژیان لە ناحیەی شنونێ. فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

عەمار عەزیز

دواجار ماڵی پێكەوەژیان لە ناحیەی سنونێ لە قەزای شنگال كرایەوە، ئەوەش دوای ساڵێك و هەشت مانگ لە كاركردنی بەردەوام تیایدا. ماڵەكە بریتییە لە ناوەندێكی روشنبیری، کۆمەڵایەتیی و مینبەرێكی گشتى بۆ گەنجانی ناوچەكە بە هەموو پیكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی.

ئەو ماڵە لە 23ی تەمموز بەئامادەبونی نوێنەرانی پێكهاتەكانی پارێزگای نەینەوا، لێپرسراوانی كارگێڕیی و ئەمنی بە فەرمی كرایەوە، دوای ئەوەی لە تشرینی دووەمی 2020 دەستكرا بە دروستكردنی لەسەر روبەری 1200 مەتری چوارگۆشە و لە سێ نهۆم پێكهاتووە.

میرزا دینایى، سەرپەرشتیارى ماڵى پێکەوەژیان بە (کەرکوک ناو)ى وت "لەکاتى کردنەوەى ماڵى پێکەوەژیان کورد، عەرەب، سونە، شیعە و ئێزیدى بەشداربون، هەروەها گروپێکى میوزیکى دەشتى نەینەوا لەوێ بون و بەو شێوەیە چالاكییەكانمان دەستپێكرد".

لەکاتى کردنەوەى ماڵى پێکەوەژیان کورد، عەرەب، سونە، شیعە و ئێزیدى بەشداربون

ماڵی پێكەوەژیان لەلایەن میرزا دینایی، خاوەنی خەڵاتی ئۆرۆرا بۆ خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی، پشتگیری دارایی دەكرێت، دینایی لەپای كارە مرۆڤایەتییەكانی لە ساڵی 2019 ئەو خەڵاتەی لە یێریڤانی پایتەختی ئەرمینیا پێبەخشرا و هەر لەوكاتەشەوە بڕیاریدا بە دروستكردنی ئەو ماڵە.

ماڵەكە چوار هوڵى تایبەت بە کۆنفرانس و وتنەوەى خول و وانەى تیایە کە تایبەتە بە راهێنانى گەنجان لە بوارە جیاوازەکاندا بەتایبەت پێکەوە ژیان، هەروەها کتێبخانەى گشتیى و کافتریا و شانۆى رۆمانى لەناو بیانەکەدا هەیە لەگەڵ باخچەیەکى گەورە.

shngal.mu-1
نەینەوا/23ی ئابی 2022/ چالاكییەك تایبەت بە كردنەوەی ماڵی پێكەوەژیان لە ناحیەی سنونێ لە شنگال. فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

"ئامانجمان لە دروستكردنی ئەم ماڵە، ساڕێژكردنی برینەکانی خەڵكی ناوچەكە و هەروەها ماڵەكە بۆ هەموو پێكهاتەكانە و لەپێناو گەڕاندنەوەى باوەڕ و بەهێزکردنى پێکەوە ژیانە، دروشمەكەشمان هەمومان یەک میللەت و یەک ماڵێن"، میرزا دینایی وایوت.

جەختیشیكردەوە "کاركردنی ئێمە لەژێر ئەو دروشمەدا دەبێت، ماڵى پێکەوەژیان هەنگاوێکى بچوکە بۆ خزمەتکردنى کۆمەڵگا، هیوادارین بتوانین ئەو ئامانجەى کە هەمانە جێبەجێی بکەین".

كردنەوەی ئەو ماڵە لەكاتێكدایە بەهۆی شەڕی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە داعش" كە لە ئابی 2014دا قەزای شنگالیان كۆنترۆڵكرد، جۆرێك لە بێمتمانەیی لەنێوان پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی ناوچەكەدا دروستبوو، بەهۆی كاریگەری شەڕەكە لەسەر ئایین و نەتەوەكان و كۆمەڵكوژی دژی ئایینەكان لە نێویاندا ئێزیدییەكان.

ڤیدیۆ: میرزا دینایی لەكاتی وەرگرتنی خەڵاتەكەدا لە تشرینی یەكەمی 2019

میرزا دینایی وتی "ئەم ماڵە تەنیا خزمەتی كۆمەڵگە دەكات لە بوارى رۆشنبیرى گشتى-دا، بەهیچ شێوەیەك دەستوەردان لە کاروبارى سیاسى و ئەمنیدا ناكات".

ئەم ماڵە تەنیا خزمەتی كۆمەڵگە دەكات لە بوارى رۆشنبیرى گشتى-دا

یەكەم چالاكی ماڵی پێكەوەژیان، بڕیارە لە 3ی ئابدا بەڕێوەبچێت، ئەوەش لە ساڵڕۆژی كەوتنی شنگال و كۆنترۆڵكردنی لەلایەن چەكدارانی داعشەوە لە ساڵی 2014دا.

دینایی وتی "لەو رۆژەدا چالاكییەكی تایبەتمان دەبێت، بۆ مانگەكانی تریش چالاكییەكانمان لە بواری پێكەوەژیان و رۆشنبیری گشتی-دا دەستپێدەكات".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT