لە هەر هۆڵێكی تاقیكردنەوەی خوێندنی كوردی-دا، نزیكەی نیوەی خوێندكارەكان یان زیاتر لە نیوە، هۆڵەكانی تاقیكردنەوەیان لە كەركوك بەجێهێشت، ئەوەش بەهۆی هاتنەوەی پرسیاری "دەركی و تەرككراو". كە بەپێی وتەی پەرلەمانتارێك بایی 40 نمرە پرسیاری دەرەكیی و تەرككراو هاتبۆوە.
ئەو كێشەیە ئەمڕۆ سێشەممە 2ی ئاب، لەنێو هۆڵەكانی تاقیكردنەوەی پۆلی شەشەمی زانستی لەوانەی كیمیا لە پرسیارەكانی خوێندنی كوردی رویدا و دواتر ناڕەزایی بەدوای خۆیدا هێناو بەشێك لە خوێندكاران و كەسوكاریان لەبەردەم قەڵای كەركوك بۆ ئەو مەبەستە گردبونەوە.
ئالان رەحمان، خوێندكارێكی پۆلی شەشەمی زاستی، بە (كەركوك ناو)ی وت "پرسیاری دەرەكی و هەروەها تەرككراو هاتبۆوە، ساڵانە لە خوێندنی كوردی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی عیراق ئەم كێشەیە دوبارەدەبێتەوە، بەڵام ئەمساڵ لە وانەی كیمیا كێشەكە گەورە بوو".
ساڵانە لە خوێندنی كوردی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی عیراق ئەم كێشەیە دوبارەدەبێتەوە
وتیشی "لەو هۆڵەی ئێمە تاقیكردنەوەمان هەبوو، لە كۆی 160 خوێندكار 55 خوێندكار دوای بینینی پرسیارەكان هۆڵەكەیان بەجێهێشت".
دکتۆر فواد ئەحمەد، سەرپەشتیارى وانەى کیمیایە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی كەركوك – بەشی خوێندنی كوردی-، بە (كەركوك ناو)ی وت "هەموو ساڵێك لە وانەی كیمیا ئەم كێشەیە دوبارەدەبێتەوە، یان هەڵەی زۆری تیایە و ناڕونی هەیە، یان پرسیاری دەرەكی و تەرككراو دێتەوە، بەو هۆیەوە خوێندكار دەخەنە دڵەڕاوكێیوە و هۆڵی تاقیكردنەوە بەجێدەهێڵن".
ئەو سەرپەرشتیارە، دوای بینینی پرسیارەكان، وەك هەڵوێستێك دەستلەكاركێشانەوەی وەكو سەرپەرشتیار راگەیاند.
ڤیدیۆ: گردبونەوەی خوێندكاران، كەسوكاریان و ژمارەیەك لە مامۆستایان لەبەردەم قەڵای كەركوك.
لەبارەی ئەوەی بۆ دەستلەكاردەكێشێتەوە، وتی "چەندینجار لەگەڵ بەڕێوەبەرى خوێندنى کوردى و یەکەى سەرپەرشتیاران ئەم كێشانەم باسكردووە بە ئامانجی دوبارەنەبونەوەی، بەڵام چارەسەرنەكرا و ساڵانە دوبارەدەبێتەوە، بۆیە منیش وازمهێنا".
دكتۆر فواد، وتی "من سەرپەرشتیاریی هۆڵێكی تاقیكردنەوەم دەكرد، 140 خوێندكاری لێ بوو، 23 خوێندكار نەهاتبون، 52 خوێندكاریش هۆڵەكەیان بەجێهێشت".
لەكاتی ناڕەزاییەكانی خوێندكاران و كەسوكاریان و بەشێك لە مامۆستایاندا، لەبەردەم قەڵای كەركوك، ئومێد محەمەد، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ، قسەی كرد و وتی "بایی 40 نمرە پرسیار لە دەرەوەی پڕۆگرام هاتۆتەوە، ئەوانەی پرسیار دادەنێن بەرپرسیارن"، زیاتر وتی "ئەمە بەشێكە لە كڕین و فرۆشتن بە پرسیاری تاقیكردنەوە". بەبێئەوەی هیچ بەڵگەیەكی باوەڕپێكراو بخاتەڕوو.
بایی 40 نمرە پرسیار لە دەرەوەی پڕۆگرام هاتۆتەوە
ئامادەیی خۆیشی نیشاندا، بۆ ئەوەی لەگەڵ مامۆستایان و نوێنەری خوێندكاراندا سەردانی بەغدا بكەن بۆ قەرەبوكردنەوەی ئەو كێشەیە و وتی "ساڵانە ئەم كێشەیە دوبارەدەبیتەوە و دەبێت چارەسەربكرێت".
پرسیاری هەمان وانە لە خوێندنی عەرەبی و توركمانی بێ كێشە بوو.
شێرزاد رەشید کاکە، بەڕێوەبەرى خوێندنى کوردى لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی كەركوك، لەبارەی ئەو كێشەیە بە (كەركوك ناو)ی وت "بەڵێ كەسانێك دەڵێن پرسیاری دەرەكی هاتۆتەوە، ئێمەش داوامان لە ئەندامانی كورد لە لیژنەی تاقیكردنەوە گشتییەكان كردووە راپۆرتێك بۆ ئەو مەبەستە ئامادەبكەن و بۆ وەزارەتی پەروەردەی بەرزبكەنەوە، بۆ ئەوەی بزانین ئایا پرسیاری دەرەكی هاتۆتەوە".
جەختیشیكردەوە "لە وەزارەت لیژنەى پسپۆڕ هەیە، بانگهێشتى ئەو مامۆستایانە دەکەن کە پرسیارەکانیان دانەوە و پێداچونەوەى بۆ دەکەن، ئەگەر بێت و پرسیاری دەرەكیی و تەرككراو هاتبێتەوە و قسەی قوتابیان راست بێت، ئەوا هەر قوتابییەك ئەگەر بەهەڵەش وەڵامی ئەو پرسیارەی دابێتەوە ئەوا بەڕاست بۆی هەژماردەكرێت". ئەمە تەنیا بۆچونی خۆی بوو، هێشتا وەزارەتی پەروەردە هیچ رونكردنەوەیەكی لەسەر ئەو بابەتە نییە.