دادگای كەركوك، سزای زیندانی بۆ دوو ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی كەركوك دەكرد، ئەوەش بە تۆمەتی بەرتیلوەگرتن.
سزادانەكە بەپێی دوو سەرچاوە، لەم هەفتەیەدا بووە، ئەوەش دوابەدوای ئەوە هاتووە كە ئەو دووو ئەفسەرە "بەشداربون" لە وەرگرتنی بەرتیل لە هاوڵاتییەك بۆ چاوپۆشیكردن لە دۆسیەیەك.
یەكێك لە سەرچاوەكانی (كەركوك ناو) كە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی كەركوك لە ئەركدایە، وتی "یەكێك لە تاوانبارەكان بەڕێوەبەری نەهێشتنی تاوانە لە بنکەی پۆلیسی ئازادی و رائیدە، ئەو بە سێ ساڵ زیندانیكردن سزادراوە".
ئەوەی تریش هەر رائیدە و سزاكەی شەش ساڵ زیندانییە.
سەرچاوەیەكی تر لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی كەركوك، وتی "ئەو دوو ئەفسەرە لە دۆسییەیەكی بەرتیلوەرگرتندا تێوەگلاون، ئەوەش دوای ئەوەی ئاشكرابوو هاوڵاتییەك لەسەر بەرتیلوەرگرتن سكاڵای لەسەر تۆماركردون".
سەرچاوەکە وتیشی هەردوو ئەفسەرە سزادراوەکە "چاوپۆشیان لە داخستنی دۆسییەیەكدا كردووە و لە بەرامبەردا بەرتیلیان وەرگرتووە".
چاوپۆشیان لە داخستنی دۆسییەیەكدا كردووە و لە بەرامبەردا بەرتیلیان وەرگرتووە
"جگە لە سزادانیان، ئەفسەرەكان لە خزمەت دورخرانەوتەوە، ئەوەش هەر بەپێی بڕیاری دادگا"، یەكێك لە سەرچاوەكان وایوت.
پەیامنێرانی (كەركوك ناو)، ئەمڕۆ دووشەممە 8ی ئاب لەسەر ئەو كەیسە چەندجارێك پەیوەندییان بە ژمارەیەك لە لێپرسراوانی پۆلیسی كەركوكەوە كرد، بەڵام هیچ وەڵامێكیان دەستنەكەوت.