باوك و كچێكی ئاوارە لە دهۆك، چوار رۆژ لەمەوبەر دیارنامێنن و بەوتەی كەسوكاریان هیچ هەواڵێكیان نییە، دوای ئەوەی بۆ چەند كاتژمێرێك ماڵەوە بەجێدەهێڵن.
فاروق میرزا (42 ساڵ)، ئاوارەی ئێزیدی لە كەمپی چەم مشكۆی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە پارێزگای دهۆك، 4ـی ئابی 2022 لەگەڵ كچێكیدا (ئاخنین فاروق – شەش ساڵ) بە گەشتێكی چەند كاتژمێری بەرەو باخێك دەچێتە دەرەوە، كە دەكەوێتە ناوچەی بێدارێ لە نزیك نەخۆشخانەی گشتی زاخۆ.
"كاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆ فاروق تەلەفۆنی لە هاوڕێیەكیەوە پێگەیشت و داوایكرد لە مەزرەعەكەی سەردانی بكات، ئەویش ویستی بە تەنیا بڕوات، بەڵام ئاخنین-ـی كچم وتی منیش دێم، ئیتر پێكەوە بە تاكسی رۆیشتن، تا كاتژمێر 4ـی دەمەوئێوارەش بە تەلەفۆن قسەمان كرد و وتی شوێنەكەیان زۆر خۆشە، هیچ كێشەیەك نەبوو" بەوتەی سێڤێ باپیر، هاوسەری فاروق بۆ (كەركوك ناو).
هاوسەری فاروق وتی "كات گەیشتە نزیكی 9ـی شەو و نەهاتنەوە، بۆیە تەلەفۆنم بۆ كردەوە، بەڵام تەلەفۆنی ئەو و هاوڕێكەشی كە ژمارەكەیمان لابوو هەر داخرابون، منیش زۆر ترسام، راستەوخۆ تەلەفۆنمان بۆ دەزگا ئەمنییەكان كرد، بۆ رۆژی دواتر، لە 5ـی ئاب هاوڕێكەی تەلەفۆنی كردەوە و وتی فاروق تا 10ـی شەو لای ئەو بووە، دواتر لەگەڵ كچەكەی بە تاكسی لە باخەكە رۆیشتووە".
ماوەی نێوان كەمپەكەی فاروق و ئەو باخەی كەسوكاری دەڵێن بۆی رۆیشتووە؛ بە ئۆتۆمبێل نیو كاتژمێرە.
سەرچاوەیەك لە پۆلیسی ئیدارەی زاخۆ بە (كەركوك ناو)ـی وت "وێنە و زانیاری ئەو هاوڵاتییەمان بڵاوكردۆتەوە و تیمەكانیشمان لە گەڕان و لێكۆڵینەوە بەردەوامن، بەڵام هیچ سەرەداوێكمان نەدۆزیوەتەوە"، ئەو سەرچاوەیە داواشی لە هاوڵاتیان كرد هەر كەسێك زانیاریی لەبارەی ئەو باوك و كچەوە هەیە پەیوەندییان پێوەبكەن.
پۆلیس لە پەیجی فەرمی خۆی لە فەیسبوك وێنەی فاروق و كچەكەی بڵاوكردۆتەوە تا هاوڵاتیان لەبارەی چارەنوسیانەوە زانیارییان پێبدەن.
خێزانەكەی فاروق خەڵكی كۆمەڵگەی بۆرك-ـی قەزای شنگالن، جگە لە ئاخنین، چوار كچی دیكەی هەیە كە بچوكەكەیان تەمەنی یەك ساڵە.
هاوسەری فاروق دەڵێت "هاوڕێكەی فاروق جارێكیتر بە تەلەفۆن لەگەڵ برایەكمدا قسەی كردووە و قسەكانی جاری یەكەمی گۆڕیوە، ئەمجارە وتویەتی لەگەڵ فاروق بۆتە دەمەقاڵی، بەرلەوەی لە باخچەكە بڕوات، بەڵام سەرباری ئەوەش ئەو كابرایە هێشتا دەستگیرنەكراوە".
سێڤێ باپیر باسی لەوەكرد بارودۆخی داراییان باش نییە، چونكە هاوسەرەكەی كاری نەكردووە و لەلایەن دراوسێیەكانی كەمپی چەممشكۆوە هاوكاری دەكرێت، -ئەو كەمپە لە زاخۆیە و زیاتر لە 21 هەزار ئاوارەی تێدایە-.
"خەریكە شێت ئەبم بۆ سۆراغی كچەكەم و هاوسەرەكەم، هێزە ئەمنییەكانیش هیچ بە ئێمە ناڵێن، ژیانمان وەك دۆزەخی لێهاتووە بۆیە داوا لە خەڵك دەكەم بە هانامانەوە بێن" سێڤێ، هاوسەری فاروق وای وت.