لە شینی ئیمام حسێندا 70 خانەقینی برینداربون

دیالە/ 9ی ئابی 2022/ بەڕێوەچونی مەراسیمی عاشورا لە ناوەندی قەزای خانەقین فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

ئەمیر خانەقینی

70 كەس لە قەزای خانەقین بە قەمە برینداربون و بەشێكیان برینەكانیان قوڵە و لەلایەن تیمەكانی تەندروستییەوە چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە، ئەوەش لە مەراسمی عاشورادا.

مەراسیمی عاشورا كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 9ی ئاب لە قەزای خانەقین لە پارێزگای دیالە و زۆرینەی پارێزگاكانی عیراق بەڕێوەچوو، تیایدا هەشت تیمی قەمە و 28 دەستەی زنجیر لە خانەقین بەشدارییانكرد.

ئەیاد کەرکوکی، لێپرسراوی راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی خانەقین، لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "لەكاتژمێر 4ی بەرەبەیانەوە تیمەكانمان كەوتنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ خزمەتكردنی ماتەمگێڕانی عاشورا".

جەختیشیكردەوە "تا كاتژمێر شەشی بەیانی 70 كەس لە هەموو تەمەنە جیاوازەكان بە قەمە و لە ئەنجامی لێدانی قەمە لە جەستەی خۆیان برینداربون و چارەسەری پێویستیان بۆ كرا".

ashwraa
دیالە/ 9ی ئابی 2022/ بەڕێوەچونی مەراسیمی عاشورا لە خانەقین فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

ساڵانە و لە رۆژ دەیەمی مانگی موحەرەم هاوڵاتیانی شیعە مەزهەب بە مەراسیمی جۆراوجۆر ‌و لە رۆژی عاشورادا شین بۆ ئیمامی حسێنی كوڕی عەلی دەگێڕن.

مەراسیمەكانی عاشورا، ئەمڕۆ سێشەممە 9ی ئاب، لە تەواوی پارێزگاكانی عیراق دەستیپێكرد، لەوانەش لەو پارێزگایانەی كە ناوچەی جێناكۆكن لە عیراق.

پەیامنێری (كەركوك ناو) لە پارێزگای كەركوك وتی كە رێگا سەرەكییەكانی ناو شار و لەو شوێنانەی مەراسیمەكانی تێدا بەڕێوەدەچوو داخرابون، هەروەها زۆرێك لەو بازاڕ و دوكانانەی لەو ناوچانەوە نزیكن. تیمی ئەمنی و تەندروستی چاودێری بەڕێوەچونی مەراسیمەكانیان دەكرد.

عاشورا دەكەوێتە رۆژی دەیەمی مانگی موحەرەمی ساڵی كۆچیەوە، لەو ڕۆژەداو لەساڵی (61)ی كۆچی حسەینی كوڕی ئیمامی عەلی كچەزای پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لەشەڕی كەربەلادا لەلایەن سوپای زەیدی كوڕی معاویەوە كوژراو گەمارۆیەكی سێ ڕۆژیش خرایە سەر (اهل البیت)‌و نەهێڵدرا ئاو و خواردنیان پێبگات.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT