تەرمی خوشك و برایەك كە بەتەنیا پێكەوە لە خانەقین لەماڵێكدا دەژیان، لەلایەن پۆلیسەوە هەڵگیرایەوە، بەپێی لێپرسراوانی تەندروستی و ئەمنی پێدەچێت هەردوكیان سێ رۆژ لەمەوبەر گیانیانلەدەستدابێت. دەزگا ئەمنییەكانی خانەقین بۆ دڵنیابونەوە لە چۆنیەتی مردنیان تەرمەكانیان بۆ پزیشكی دادوەری بەعقوبە ناردووە.
ئیخلاس موراد عەزیز (56ساڵ)و مەهدی موراد عەزیز (45ساڵ)، نیوەڕۆی پێنجشەمە 11ی ئاب، تەرمەكانیان لە ماڵەكەی خۆیاندا لە گەڕەكی مەزرەعە دۆزرایەوە، دوای ئەوەی برازایەكیان بۆ "هەواڵپرسین سەردانیان دەكات و دەبینێت هەردوكیان گیانیانلەدەستداوە"، ئەوەش بەپێی وتەی دیمەن برفان خوشكەزایەكی دوو مردووەكە.
ئەو خوشك برایە هیچیان زەواجیان نەكردبوو، پێكەوە لەماڵێكیدا دەژیان، مەهدی نەخۆشی داونی هەیە و ئیخلاسی خوشكیشی كە نەخۆشی درێژخایەنی هەبووە و مامۆستای زمانی ئینگلیزی بوو، ئەو برایەی بەخێودەكرد و چاودێری دەكرد.
دیمەن كە خۆی لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژیت و لەڕێی تەلەفونەوە قسەی بۆ (كەركوك ناو) كرد، وتی "پێنج رۆژ بوو پورە ئیخلاسم لەسەر هێڵ نەبوو تا قسە بكەین، بۆیە پێنجشەممە كوڕی خاڵێكی ترم كە لە خانەقین دەژیت و ناوی حەیدەرە وتی من دەچم سەریان لێدەدەم، كە چووە بەردەم ماڵیان تەلەفونی كرد و وتی دەرگا ناكەنەوە، دراوسێیەكانیش وتیان چەند رۆژێكە نەمانبینیون".
پێنج رۆژ بوو پورە ئیخلاسم لەسەر هێڵ نەبوو تا قسە بكەین
دیمەن وتی "هەر ئەوكات وتمان لەسەر دیوارەكەوە بچۆرە ژورەوە، ئەوەندەی نەبرد تەلەفونی كرد و بەگریانەوە وتی هەردوكیان هەر یەكەو لە ژورێكدا مردون". زیاتر وتی "ئێمە توشی شۆك بوین، بۆچی هەردوكیان پێكەوە مردون".
هەرئەوكات دەزگا ئەمنییەكان ئاگاداردەكەنەوە و تەرمەكانیان هەڵدەگرنەوە و دەیبەنە نەخۆشخانەی گشتی خانەقین.
مەهدی و ئیخلاس، دوو خوشك و چوار برای تریان هەیە، برا گەورەكەیان ماڵی لە خانەقینە و لەسەر جێ كەوتووە، سیانەكەی تر لە ئەڵمانیا دەژین، یەكێك لە خوشكەكانیان لە بەغدایە و ئەوەی تریش بە هەمان شێوە لە ئەڵمانیا دەژیت.
سەرچاوەیەك لە نەخۆشخانەی گشتی خانەقین، ئەمڕۆ هەینی 12ی ئاب بە (كەركوك ناو)ی وت "كاتژمێر سێی دوێنێ پێنجشەممە تەرمی ئەو خوشك و برایە هێنرایە نەخۆشخانە، كوڕەكە نەخۆشی داونی هەبووە، خوشكەكەشی بەپێی وتەی كەسوكاری تائێستا دوجار جەڵتەی دەماغ لێیداوە و شەكرەی هەبوو".
"تەرمەكانمان ئامادەكرد و رەوانەی پزیشكی دادوەری بەعقوبەمان كردن بۆ ئەوەی توێكارییان بۆ بكرێت و دڵنیابینەوە لەوەی هۆكاری مردنیان چییە".
تەرمەكانمان رەوانەی پزیشكی دادوەری بەعقوبە كرد بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی هۆكاری مردنیان چییە
دیار شەوکەوت، بەڕێوەبەرى پۆلیسی قەزاى خانەقین بە (کەرکوک ناو)ی وت "تەرمەكان هەریەكە و لە ژورێكدا بون، هیچ شوێنەوارێكی ئەشكەنجە و ئازار بە جەستەیانەوە نەبووە".
جەختیشیكردەوە "بەپێی وتەی پزیشكەكان ئەو خوشك و برایە سێ رۆژ زیاترە مردون، بەڵام بۆ دڵنیابونەوە لەوەی چۆن مردون چاوەڕێی راپۆرتی پزیشكی دادوەری بەعقوبە دەكەین".
لە قەزای خانەقین كە سەر بە پارێزگای دیالەیە پزیشكی دادوەریی نییە و لە زۆر حاڵەتدا بۆ دڵنیابونەوە لە مردنی كەسێك تەرمەكەی رەوانەی بەعقوبە – مەڵبەندی پارێزگای دیالە- دەكرێت.