ژمارەیەك چەكدار كە هێزە ئەمنییەكان بە "داعش" ناویان دەبەن، هەڵدەكوتنە سەر گوندێكی قەزای داقوق و دوای تەقاندنەوەی ماڵی موختاری گوندەكە، مێرمنداڵێكی 13 ساڵ دەڕفێنن كە كوڕی بەڕێوەبەری خوێندنگەی گوندەكەیە.
روداوەكە شەوی رابردوو بەر لە كاتژمێر 10 لە گوندی سمود لە باشوری خۆرئاوای قەزای داقوق رویدا.
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە ناوچەكە بە (كەركوك ناو)ی وت "چەكدارەكان هاتونەتە ناو گوندەكەوە و چونەتە سەر ماڵی موختاری گوندەكە و بە بۆم ماڵەكەیان تەقاندۆتەوە".
موختارەكە ناوی حەسەن عەبدوڵا ئیبراهیمە و لەكاتی هێرشەكەدا خۆی و خێزانەكەی لە داقوق بون.
سەرچاوەكە جەختیكردەوە "دوای تەقاندنەوەی ماڵی موختاری گوندەكە، مێردمنداڵێكی گوندەكەیان رفاندووە بەناوی عەبدوڵا حەسەن (13ساڵ)".
دوای تەقاندنەوەی ماڵی موختاری گوندەكە، مێردمنداڵێكی گوندەكەیان رفاندووە
ئەو مێردمنداڵە كوڕی بەڕێوەبەری خوێندنگەی گوندەكەیە و تا بڵاوكردنەوەی ئەم هەواڵە (كاتژمێر 12ی نیوەڕۆ) هیچ چارەنوسێكی نییە.
شایەتحاڵێكی گوندەكە بە (كەركوك ناو)ی وت "پێنج چەكدار لەناو گوندەكە بینراون و جلوبەرگی سەربازییان لەبەركردووە، پێدەچێت چەكداریی تریان لە دەوروبەری گوندەكە جێگیركردبێت".
دوای تەقاندنەوەی ماڵی موختارەكە و رفاندنی ئەو مێردمنداڵە، چەكدارەكان گوندەكەیان بەجێهێشتووە و هێزێكی ئەمنی بۆ سۆراغی هاوڵاتیانی گوندەكە لە گوندەكە جێگیربون.
گوندی سمود لە باشوری خۆرئاوای داقوق، 25 خێزانی لێیە و لە نەتەوەی عەرەبن.
حەسەن عەبدوڵا ئیبراهیم، موختاری گوندەكە ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێك لەسەر ئەو روداوە بدات.
ئەو روداوە دوای تەنیا چوار رۆژ دێت، لە ئاراستەكردنی سێ موشەك بۆ سەر فەوجی سێی سوپای عیراق لە ناوچەی چوبغان لە باشوری داقوق لە شەوی 9ی ئاب.
دوای ئەو سێ موشەكە روبەڕوبونەوەی چەكداریی رویداوە لە نێوان سوپا و ژمارەیەك چەكدار، كە بەپێی هێزە ئەمنییەكان چەكداری داعش بون. لەو روداوەدا دوو سەرباز برینداربون.
قەزای داقوق بە دوری 44كم دەكەوێتە باشوری ناوەندی پارێزگای كەركوك و زۆرینەی گوندەكانی لە سەردەمی شەڕی داعشدا (2014 - 2017) كەوتە دەست چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش).