هەریەكە لە پۆلیسی كەركوك و پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگاكە، سكاڵای یاسایی لەسەر شۆفێرێك تۆماردەكەن بەهۆی پەلاماردانی پۆلیسێكی هاتوچۆ و برینداركردنی. بەپێی ماددە یاساییەكان شۆفێرەكە سزادەدرێت لەنێوان ساڵێك بۆ سێ ساڵ.
ئەو روداوە دوێنێ شەممە 13ی ئاب لە بازاڕی حەسیرەكە رویدا، "كاتێك پۆلیسەكەی هاتوچۆ داوای مۆڵەت و ساڵانەی ئۆتۆمبێلی لە شۆفێرەكە كردووە"، بەپێی وتەی ئوسامە خالید، وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی كەركوك.
ئوسامە بە (كەركوك ناو)ی وت "شۆفێرەكە ئۆتۆمبێلێكی جامڕەشی پێبووە، ئەوەش بەپێی رێنماییەكانی هاتوچۆ رێپیدراو نییە و پێویستە شۆفێرەكە سزابدرێت و دەستبەسەر ساڵانەی ئۆتۆمبێلەكەیی و مۆڵەتی شۆفێرییەكەیدا بیگیرێت".
رونیشیكردەوە "شۆفێرەكە ئامادەنەبووە بەڵگەنامەكانی پێبدات، بەو هۆیەوە بۆتە دەمەقاڵێیان و بە مۆبایلەكەی لەسەر پۆلیسەكەیداوە و برینداری كردووە".
بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە دەست (كەركوك ناو) كەوتووە، دەركەوتووە پۆلیسەكە لەكاتی روداوەكەدا خوێن لەسەری دەڕوات، لەوكاتەدا گەنجێك لە ژورێكی ناو كابینەی هاتوچۆدا كە پێدەچێت شۆفێرەكە بێت، دەڵێت "ئەو دەستپێشخەر بووە و لێیداوم، دەتوانن سەیری كامێراكانی چاودێری بكەنەوە"، چەند جارێكیش بەدەنگی بەرز ئەو قسەیە دوبارە دەكاتەوە.
ئەو دەستپێشخەر بووە و لێیداوم، دەتوانن سەیری كامێراكانی هاتوچۆ بكەنەوە
هەر لە گرتە ڤیدیۆیەكەدا چەند ئەفسەرێكی هاتوچۆ و ئۆتۆمبێلێكی هاتوچۆ دەردەكەون و شۆفێرەكە سەردەخەنە ناو ئۆتۆمبێلێك.
سەرچاوەیەك لە كەسوكاری شۆفێرەكە بە (كەركوك ناو)ی وت "دادگا و پۆلیس دەتوانن سەیری كامێراكانی ناوچەكە بكەنەوە، چونكە كارمەندەكەی هاتوچۆ دەستپێشخەر بووە لەو شەڕەدا".
بەڵام وتەبیژی پۆلیسی هاتۆچۆی كەركوك، جەختیكردەوە لەوەی "شۆفێرەكە دەستپێشخەر بووە و كارمەندەكەی پۆلیسی هاتوچۆی برینداری كردووە".
وتیشی "پۆلیسەكەی هاتوچۆ چارەسەری لە نەخۆشخانە وەرگرتووە و ئێمەش سكاڵامان لە دژی شۆفێرەكە تۆماركردووە و ئێستا لە بنكەی پۆلیسی ئازادی دەستبەسەرە".
بەپێی بڕگەی دووەم لە ماددەی 38ی یاسای هاتوچۆی ژمارە 8ی ساڵی 2019، هەركەسێك هێرشبكاتە سەر كارمەندی هاتوچۆ كە لەكاتی بەجێهێنانی ئەركەكەیدا بێت، ئەوا زیندانیدەكرێت كە لە ساڵێك زیاتر نەبێت. بەڵام ئەگەر بەو هۆیەوە برینداربێت و ئازاری پێبگات، یان جلە فەرمییەكانی بدڕێت، ئەوا سزاكەی توندتر دەبێت.
هاوكات بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی كەركوك، لە راگەیەنراوێكدا، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 14ی ئاب، بڵاویكردەوە "لەسەر راسپاردەی فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك، سكاڵا لەسەر ئەو كەسە تۆماردەكەین كە هێرشیكردۆتە سەر پۆلیسیكی هاتوچۆ".
ئاماژەی بەوەشداوە كە سكاڵاكە بەپێی ماددەی 230ی یاسای سزادانی عیراقی دەبێت.
بەپێی ئەو ماددەیە سزای شۆفێرەكە كەمتر لە سێ ساڵ زیندانیكردن دەبێت، یان غەرامەكردن، ئەگەر ئەو كارمەندەی هێرشیدەكرێتەسەر لەكاتی ئەركی فەرمیدا بێت.
ئەو دوو سكاڵایە لەكاتێكدایە، بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو) كە لە كەسوكاری شۆفێرەكەوە دەستیكەوتووە، هەوڵدەدرێت لەگەڵ بنەماڵەی پۆلیسەكە رێككەوتن بكەن لەڕێی عەشایەرییەوە كێشەكە چارەسەر بكەن.