سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم:
حەق نییە بچینە حكومەتێكەوە ماددەی 140 لە پێشینەی كارەكانیدا نەبێت

هەولێر/ ئابی 2022/ فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان فۆتۆ: فەرمان سادق

فەرمان سادق – هەولێر

فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەپێویستی دەزانێت سەركردایەتیی كورد لە هیچ حكومەتێكدا بەشدارنەبن و هیچ هێزێكیش بە شایەتی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق نەزانن، ئەگەر بڕوای تەواوی بە ماددەی 140 نەبێت و هەوڵ بۆ جێبەجێكردنی نەدات.

لەم چاوپێكەوتنەی (كەركوك ناو)ـدا، فەهمی بورهان كە ئەركێكی دەستەكەی چاودێری جێبەجێكردنی ماددەی 140ـی دەستورە، دەڵێت ئەو ماددەيە تەنیا سەدا 20ـی جێبەجێكراوە، لەكاتێكدا لە 2005ـەوە هەیە تا چارەنوسی ناوچەكانی جێناكۆك بە سێ قۆناغی (ئاساییكردنەوە، سەرژمێری و راپرسی) لە نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستاندا یەكلایبكاتەوە.

 

كەركوك ناو: ماددەی 140 لە كوێی دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراقدایە؟، لەكاتێكدا سەركردایەتی كورد بە تایبەت یەكێتیی و پارتی تۆمەتباردەكرێن كە گفتوگۆكانیان زیاتر بۆ پۆستە نەك جێبەجێكردنی ئەو ماددەیە.

فەهمی بورهان: لە پێناوی ناوچە دابڕاوەكاندا خەباتی زۆر كراوە و خوێنی زۆریش رژراوە، ئاستی چاوەڕوانی خەڵكەكەش زۆر زیاترە و پێیانوایە دەبێت هەوڵەكانمان بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 زیاتر بوایە لەوەی هەیە.

بە بڕوای من لەكۆی دانیشتنەكانی پێكهێنانی حكومەت ماددەی 140 پانتاییەكی فراوانی داگیركردووە، ئەم چاوپێكەوتنەش بە دەرفەت دەزانم وەك سەرۆكی دەستە داوا لە سەركردایەتی سیاسی كورد و حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەم؛ یەكێتی و پارتیش بەرپرسیار دەكەم كە دەبێت مەسەلەی كەركوك و ناوچە كوردستانییەكان لە ئەولەویەتی گفتوگۆكانیان بێت لەگەڵ لایەنی شیعە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق، واتە حەق نییە بچنە هیچ حكومەتێكەوە ئەگەر جێبەجێكردنی ماددەی 140 نەخاتە كاری لە پێشینەی، هیچ هێزێكیش شایانی ئەوە نییە حكومەتی لەگەڵدا پێكبهێنین ئەگەر بڕوای تەواوی بە جێبەجێكردنی دەستوور و ماددەی 140 نەبێت.

دەبوایە هەر لەسەرەتاوە بە ماددەی 140 قایل نەبین

 

كەركوك ناو: ئێستا مشتومڕی ناڕەسمی لەسەر هەمواركردنەوەی دەستور هەیە، پێتانباشە لەو چوارچێوەیەدا ماددەی 140ـیش هەمواربكرێتەوە؟

فەهمی بورهان: دەبوو سەرەتا بەو ماددەیە رازی نەبین، هیچ نەتەوەیەكم نەبینیوە خاكی خۆی بخاتە مامەڵەیەكی دەستورییەوە، هەموو بەڵگە مێژووییەكان ئەوەیان سەلماندووە و خۆیشیان ئەوە دەزانن و لەسەر ئاستی سەرۆك كۆمارەكانیان دانیان پێداناوە كە كەركوك و شنگال و جەلەولا و بەدرەو جەسان خاكی كوردستانن، ئێستاش كە بوەتە ماددەیەكی دەستووری دەبێت خەباتی بۆ بكەین وەك خۆی جێبەجێبكرێت.

 

كەركوك ناو: لە سێ قۆناغەكەی ماددەی 140ـی دەستور چەندی جێبەجێكراوە؟

فەهمی بورهان: كەمتر لە سەدا 20ـی جێبەجێكراوە.

 

كەركوك ناو: مەترسی ئەوەتان هەیە ئەگەر بەپێی ئەو ماددەیە قۆناغی كۆتایی و راپرسی بكرێت، هیچ ناوچەیەكی جێناكۆك لەدەستبدەن؟

فەهمی بورهان: رەنگە هەبێت، بەڵام بە دیاریكراوی ناتوانم ناوی ئەو ناوچەیە بڵێم.

 

كەركوك ناو: گومانت لەسەر كام ناوچە هەیە لەدەستیبدەن؟

فەهمی بورهان: بەڵێ گومانم هەیە، گومان نییە بەڵكو حەقیقەتە و لەسەر زۆر ناوچە هەیە، چونكە رێژەی ئەو تەعریبە دەزانم كە كراوە و چەندە مەترسیدارە، قەبارەكەشی زۆر زۆرە و لە رووی دیمۆگرافییەوە لە زۆر شوێن ناوچەكانی گۆڕیووە.

 

كەركوك ناو: دەتوانی ناوی ئەو ناوچانە ئاشكرابكەیت؟

فەهمی بورهان: با ئەمەیان بۆ دیدارێكی تر بێت.. بەڵام قەبارەی تەعریب دوای ریفراندۆم و رووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 –پاشەكشێی پێشمەرگە و گەڕانەوەی هێزی حكومەتی فیداراڵی بۆ ناوچەكانی جێناكۆك- زۆر زۆر زیادیانكردووە لەسەر كەركوك و زۆر ناوچەی تریش، زۆریش بە مەترسیدار دەستیپێكردووە و كە رقێكە بەرانبەر بەو ریفراندۆمەی خەڵكی كورستان كردویانە.

سەدا 20ـی ماددەی 140ـی دەستور جێبەجێكراوە

 

كەركوك ناو: هیچ ئامارێكتان لەسەر "تەعریب" هەیە وەك ئێوە باسیدەكەن؟

فەهمی بورهان: بەپێی ئەو راپۆرتانەی لای ئێمە هەیە؛ پێماندەڵێت چ "تەعریبێكی مەترسیدار" لە مەندەلی و بەدرەو جەسان و سەعدیە و جەلەولا هەیە، رەوشی شنگالیش دیارە كە چۆنە، تەنانەت خەڵكی قەزا و ناحیەكانی دەوروبەری كەركوكیش دیارە بە چ رێژەیەك هاتونەتە ناو كەركوكەوە، ئەوەتا دەبینین حكومەتی عیراق ئامادە نییە رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال جێبەجێبكات، هەموو ئەوانە پەیامن، ئەگەر سەركردایەتی سیاسی كورد ئەمڕۆ لەو پەیامە تێبگات باشترە لە سبەی.

 

كەركوك ناو: وێنەكە وانیشاندەدرێت حكومەتی عیراق نایەوێت ماددەی 140 جێبەجێبكات، ئەی فشار و بەرپرسیارێتی لایەنی كوردستانی لەو پرۆسەیەدا چی بووە و چییە؟

فەهمی بورهان: هەموومان بەرپرسیاریێتیمان لە ئەستۆدایە، بەڵام بە قەبارەی جیاواز، خاڵێكی دیكەش هەیە كە نابێت چاوەڕێی ئەوە بكەین لە حكومەتی عیراق بێتە ژێرباری جێبەجێكردنی ماددەی 140ـەوە، بەڵكو دەبێت ئێمە كۆڵنەدەین و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێنینە سەرخەت.

 

كەركوك ناو: كارەكانی لیژنەی جێبەجێكردنی ماددەی 140 زۆر سستە یان راگیراوە، لەكاتێكدا ئێوە باس لە "تەعریب" دەكەن، كەواتە هەنگاوی دواتر چییە و چی دەكەن؟

فەهمی بورهان: لیژنەكە هەڵنەوەشێنراوەتەوە، بەڵكو ئێستا ئیش بۆ ناوچەكانی باشوور دەكات، بەڵام بۆ ناوچە كوردستانییەكان ئیشناكات و دەمێكە وازیان هێناوە، بۆیە لەمەدا نیگەرانین لە حكومەتی عیراق بەهۆی ئەم جۆرە بیركردنەوە و ئاراستەی كاركردنەوە.

ئێمە كێشەی خاكمان لەگەڵ هەموو حكومەتەكانی عیراق هەبووە،... بۆیە ئەو حكومەتە هەروا بە ئاسانی نایەتە ژێربار تا لەڕێگەی گفتوگۆ و دیدێكی عەقلانی ئەو ناوچانە بگەڕێنێتەوە سەر هەرێمی كوردستان، ئەمەش خەباتی بەردەوامی دەوێت و لەم قۆناغەشدا خەباتێكی دەستوری دەوێت.

قەبارەی تەعریب لە دوای روداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەرەوە زیادیكردووە

 

كەركوك ناو: لە چەندین ناوچەی جێناكۆك جگە لە ململانێی سیاسی و ئیداری، ئاڵۆزی سەربازیش هەن، وەك قەزای شنگال، ئێوە چیتان بە چارەسەری كێشەكانی ئەو قەزایە كردووە؟

فەهمی بورهان: وەك دەستە ناتوانین هیچ شتێكی راستەوخۆ بۆ هیچ ناوچەیەكی كوردستانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بكەین، ئەوەی دەیكەین دیوە یاساییەكەیە و دەبێت بە راپۆرت حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاگادار بكەینەوە، فراكسیۆنەكانی كوردستانی لە بەغدا بەبێ جیاوازی بخەینەگەڕ و لیژنەیەكی چاودێری توند دروستبكەین لەناو ئەندام پەرلەمانەكانی خۆمان، بۆ ئەمەش لەگەڵ فراكسیۆنەكانی یەكێتی و پارتی كۆبووینەتەوە و لە داهاتودا لەگەڵ فراكسیۆنەكانی تریش كۆدەبینەوە.

سەرۆكایەتی كۆمار و كۆی وەزارەتەكانی خۆمان لە بەغدا ئەركیانە چاودێری ئەو ناوچانە بكەن و بە تەلەفۆنیش لەگەڵ سەرۆك كۆمار قسەمان كردووە و خۆیشی دەستپێشخەر بووە و بەڵێنیشیداوە پشتگیریمان بكات، بۆیە بەردەوام راپۆرتمان نوسیوە و دیداریشیمان لەگەڵ بەرپرسانی یەكە ئیدارەكانی ئەو ناوچانە هەبووە، جگە لە گەیاندنی كێشەكان بە نوێنەری وڵاتان و باسكردنی ئەو بارودۆخەی بەسەر ناوچەكەدا سەپێنراوە.

 

كەركوك ناو: لە دوای گۆڕانكاری (دوای 16ـی ئۆكتۆبەر) لە ئیدارەدانی كەركوك و ناوچەكانی دیكەی جێناكۆك جیاوازی لە خزمەتكردنی گەڕەكە كوردییەكاندا كراوە؟

فەهمی بورهان: پارێزگاری كەركوك جیاوازی زۆر دەكات لەنێوان ناوچەكاندا، سەدا 80ـی بودجەی شارەكە بۆ دەرەوەی كەركوك خەرجدەكرێت و ئەوەیشی دەمێنێتەوە بۆ ناو كەركوك دەیكاتە "خزمەتگوزاری بۆ گەڕەكە عەرەبنشینەكان"، بۆیە ناحەقییەكان زۆر لەوە زیاترە بە دیمانەیەكی میدیایی هەموی بخرێتەڕوو، ئەمە نمونەیەكە و لە شنگال و ناوچەكانی دیكەش جیاوازی كراوە و دەكرێت.

بۆیە دەڵێم نابێت بچینە هیچ حكومەتێكەوە ئەگەر یارمەتیدەر نەبێت بۆ چارەسەركردنی ئەو رەوشەی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هەیە.

لەسەر خاكی كوردستان، سەدان سكاڵا لە دادگاكانی عیراق تۆمار دەكەین

 

كەركوك ناو: خاوەندارێتی زەوی كشتوكاڵی لە كەركوك و ناوچەكانی دیكەی جێناكۆك لە نێوان جوتیارانی كورد و عەرەب یەكێكە لەو كێشانەی بە هەڵپەسێراوی ماونەتەوە و ناوبەناو بارگرژی لێدەكەوێتەوە، هەوڵی ئێوە بۆ چارەسەری ئەو دۆسیەیە چییە؟

فەهمی بورهان: دادگا ژمارەیەكی زۆر زەوی لە بەرژەوەندی جوتیارانی كوردی قەزای داقوق یەكلاییكردۆتەوە، بەڵام ئەمە بە مانای كۆتاییهاتنی ئەو كێشەیە نییە، چونكە رۆژانە جوتیاران كورد ناڕەزایی دەردەبڕن، بڕیارمانداوە لە داهاتویەكی نزیكدا بانگەوازێك بۆ پارێزەرانی كوردستان رابگەیەنین تا سەدان سكاڵا لە دادگاكانی عیراق لەسەر هەر بستێكی خاكی كوردستان تۆمار بكەین، ئێمە خۆمان بەخاوەنی ئەو پرسە دەزانین و ئیشی لەسەر دەكەین، داواش لە هەموو جوتیارانی كورد دەكەین بچن سكاڵا تۆماربكەن، چونكە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق هەیە كە كۆی بڕیارەكانی ئەنجومەنی شۆڕشی حزبی بەعسی هەڵوەشاندۆتەوە (بڕیاری پێدانی زەوی كشتوكاڵی بە گرێبەست بە جوتیاری عەرەب) بەڵام جێبەجێناكرێت.

 

كەركوك ناو: یەكێتی و پارتی بۆچی لە دوای روداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەرەوە بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك رێكنەكەوتن؟

فەهمی بورهان: گرفتەكانی بەردەم یەكێتی و پارتی وردە وردە بەرەو چارەسەر دەچن، هەردوولا لەوە تێگەیشتوون ئەگەر بەیەكەوە رووبەڕووی مەترسی و تەحەدییەكان نەبنەوە ئەوا بارودۆخەكە لەبەردەم پرسیاری جددیدایە، ... پێموایە لە داهاتویەكی نزیكدا لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوكیش دەگەنە رێككەوتن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT