تۆمارگەی عادل یەكێك لە كۆنترین تۆمارگەكانی كەركوك سوتاو بەهۆیەوە لەگەڵ لەناوچونی ئەرشیفی 50 ساڵی هونەرمەدانی كەركوك، دەیان ئامێری موزیك سوتان.
تۆمارگەكە درنگانێکی شەوی رابردوو 24ی ئاب لە شەقامی ئەتڵەس لە كەركوك بەهۆی شۆرتی كارەباوە گڕیگرت، تا تیمەكانی ئاگركوژێنەوە گەیشتنونەتە شوێنی روداوەكە، بەشی هەرە زۆری تۆمارگەكە سوتاوە.
عادل قادر (66ساڵ)، خاوەنی تۆمارگەكە بە (كەركوك ناو)ی وت "لە ساڵی 1974ەوە لەم تۆمارگەیە كاردەكەین، دوو ساڵ پێشتر لە بازاڕی قەزانچییەكان بوین، چەندین بەرهەمی هونەرمەندانی كۆنی كەركوك لێرە تۆماركراون، بەتایبەت هونەرمەندانی كورد و توركمان... ئەرشیفی ناوازەمان هەبوو، بەداخەوە ئەرشیفی 50 ساڵی هونەرمەندانی كەركوك كە لەم تۆمارگەیە تۆماركرابون سوتان و لەناوچون".
جەختیشیكردەوە كە زیاتر لە 5000 هەزار ئەرشیفی كاسێت و قەوان لەناوچون.
لەنێو ئەو بەرهەمانەدا عادل قادر ئاماژەی بەوەكرد كە لە ساڵی 1984دا دانیشتنێكی تایبەتی هونەرمەند حسێن عەلی-یان تۆماركردووە لە گەڕەكی بڵاغ و بە "ئاهەنگێكی تایبەت" ناوی برد، وتی "هێشتا بڵاونەكرابۆوە و بەداخەوە ئەویش سوتا و لەناوچوو".
ڤیدیۆی تۆمارگەی عادل لە كەركوك دوای سوتانی.
تۆمارگەی عادل لە ماوەی كاركردنیدا بەرهەمی بۆ هونەرمەندان هابە، شەهاب قەساب، ئایدن جامچی، سەڵاح داودە و حسێن عەلی و دەیان هونەرمەندی تر تۆماركردووە.
عادل وتی "تەنیا تۆمارگە نەبوو، بەڵکو ئامێری میکسەر و سپیکەر و چەندین ئامێری ترمان چاكدەكردەوە، بەداخەوە ئەوانەی سوتان بەشێكی ئامێری خەڵك بوون و هێنابویان بۆیان چاكبكەینەوە".