ژمارەیەك چەكداری نەناسراو دەستڕێژی گولـلە لە كەسایەتی سیاسیی و مێژونوسی شاری كفری (سوهەیل خورشید عەزیز) دەكەن و دەستبەجێ گیانلەدەستدەدات.
روداوەكە نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 28ی ئاب لە ناوەندی قەزای كفری رویدا، لەبەردەم ماڵەكەی خۆیاندا.
عەلی جەمال قدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لە لێدوانێكیدا كە كۆپییەكی بۆ (كەركوك ناو) ناردووە، جەختیكردەوە لەوەی سوهەیل خورشید (62ساڵ) لەلایەن ژمارەیەك چەكدارەوە دراوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و كوژراوە.
وتیشی "پۆلیس چونەتە شوێنی روداوەکە و دەستیان بە لێکوڵینەوە کردووە بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی تاوانباران و تەرمی ناوبراو بەمەبەستی توێکاری رەوانەی پزیشکی دادوەری قەزای کەلار کراوە".
پۆلیس چونەتە شوێنی روداوەکە و دەستیان بە لێکوڵینەوە کردووە بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی تاوانباران
سوهەیل خورشید فەرمانبەری فەرمانگەی كشتوكاڵی كفرییە و كەسایەتییەكی سیاسیی و مێژونوس و نوسەرە.
هاوكات ناوبراو بە كەسایەتییەكی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ناودەبرێت و ئەندامی تەڤگەری ئازادیە كە حزبێكی نزیكی پەكەكەیە.
جومعە کەریم، ئەندامی ئەنجومەنی تەڤگەری ئازادیی لە گەرمیان، لەبارەی روداوەكە بە رادیۆی دەنگی وتووە "گومان دەکەین کارێکی تیرۆریستی بێت و چاوەڕێی دەرئەنجامی پشکنینی پزیشکی دادوەرین کە ئێستا لە توێکاریدایە"، زیاتر وتی "ئەو پیاوە كێشەی لەگەڵ کەسدا نییە و خەڵکی کفری هەموی شایەتی بۆ دەدات".
ئاماژەی بەوەشدا كە ئەوان لە دوای توێكاری بۆ تەرمەكەی وەكو تەڤگەری ئازادی، قسەی زیاتر لەسەر ئەو بابەتە دەكەن و وتی "گومانمان لەوەیە کە کارێکی تیرۆریستی بێت، چونکە دەوڵەتی داگیرکەری تورک ناهێڵێت کەسی ئازاد سەرهەڵبڕێت و قسە بکات".
كفری قەزایەكی جێناكۆكە لە نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان، بەڵام لەڕوی ئیدارییەوە سەر بە ئیدارەی گەرمیانە لە ناوچەی جێناكۆك.