هەناردەی نەوتی خاوی كەركوك بۆ توركیا، مانگی رابردوو زیاتر لە ملیۆنێك بەرمیل كەمیكردووە و داهاتەكەی بەپێی نرخی فرۆشتنی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا، بۆ كەمتر لە نیوە دابەزیووە كە زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلارە.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی نەوتی عیراق، لە ئابی 2022ـدا ههناردهی نهوتی خاو له تهواوی كێڵگهكانی وڵاتدا گهیشتۆته 101 ملیۆن و 859 هەزار و 528 بهرمیل، به داهاتی نۆ ملیار و 784 ملیۆن دۆلار.
هەر بەرمیلێك نەوتی خاوی عیراق لەو مانگەدا بە زیاتر لە 96 دۆلار مامەڵەی پێوەكراوە.
مانگی ئاب، له كێڵگه نهوتییهكانی كهركوكهوه یەك ملیۆن و 109 هەزار و 528 بهرمیل نهوتی خاو ههناردهی بهندهری جیهان كراوه له توركیا، داهاتەكەی دەگاتە زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار.
بڕی هەناردە و داهاتی نەوتی كەركوك زیاتر لە نیوەی كەمبۆتەوە بەراورد بە مانگی تەمموز، كە دوو ملیۆن و 344 هەزار و 536 بهرمیل ههناردهی بهندهری جیهان كرا بە داهاتی زیاتر لە 249 ملیۆن دۆلار.
لە ئامارەكەی وەزارەتدا هیچ ئاماژەیەكی بە بڕی هەناردەكراوی نەوتی كەركوك بۆ ئوردن نەكردووە لەڕێی تانكەرەوە كە لە مانگەكانی پێشوتردا هەبوو.
هەناردەی نەوتی كەركوك لە مانگی حوزەیراندا نزیكەی دوو ملیۆن و 911 هەزار بەرمیل بوو بە داهاتی نزیكەی 346 ملیۆن دۆلار، جگە لە هەناردەی نزیكەی 300 هەزار بەرمیل بە تانكەر بۆ ئوردن بە داهاتی زیاتر لە 32 ملیۆن دۆلار.
لە مانگی ئایاریشدا هەناردە زیاتر بوو كە گەیشتە زیاتر لە سێ ملیۆن و داهاتەكەی 335 ملیۆن دۆلار بوو لەگەڵ نزیكەی 354 هەزار بەرمیلی هەناردەكراو بۆ ئوردن و بە داهاتی 34 ملیۆن دۆلار.
ئەوەش لەكاتێكدایە هەناردە بۆ بەندەری جیهان لە مانگی نیسانی 2022ـدا زیاتر لە دوو ملیۆن و 991 هەزار بەرمیل بوو، بە داهاتی زیاتر لە 304 ملیۆن دۆلار، هەر لەو مانگەدا زیاتر لە 299 هەزار بەرمیل بە تانكەر هەناردەی ئوردن كرا بە داهاتی زیاتر لە 26 ملیۆن دۆلار.
بەڵام هەناردەی مانگی ئادار ملیۆنێك و 448 هەزار بەرمیل بوو، لە شوباتدا زیاتر لە ملیۆنێك و 475 ههزار بەرمیل و لە كانونی دوەمی ئەمساڵ زیاتر لە دوو ملیۆن و 545 هەزار بەرمیل نەوت رەوانەی توركیا كرابوو.
لە سنوری پارێزگای كەركوك پێنج كێڵگهی سهرهكی بهرههمهێنانی نهوتی خاو ههیه؛ ئاڤانا، بای حەسەن، قوبەی بابا، جمبور و خەبازە كه لەژێر دەسەڵاتی كۆمپانیای نهوت باكور سهر به حكومەتی عیراقیدان.