ئەبو دونیا، لێپرسراوی ئەمنی كەرتی دوبزی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) و دوو لە یاریدەدەرەكانی لە ناوچەی چیمەن لە كەركوك كورژران، ئەوەش لە بۆردومانێكی فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای عیراقدا.
كاتژمێر 5ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 4ی ئەیلول، سوپای عیراق بە فڕۆكەی ئێف 16 گوندی کۆچەكی لە ناوچەی چیمەن نزیك بەنداوی خاسە لە كەركوك بۆردومانكرد.
بەپێی راگەیەنراوێكی ئاژانسی هەواڵگری و لێكۆڵینەوەی فیدراڵی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عیراق، ئەبو دونیا، لێپرسراوی ئەمنی كەرتی دوبزی داعش و دوو لە یاریدەدەرەكانی كوژراون.
لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە "لەڕێی چاودێریی بەردەوام و دەستكەوتنی زانیاریی ورد، توانراوە مۆڵگەیەكی تیرۆریستان لە ناوچەی چیمەن نزیك بەنداوی خاسە ئاشكرابكرێت و بەهەماهەنگی لەگەڵ ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكاندا و لە رێگەی فڕۆكەی ئێف 16ەوە بۆردومانەكەمان ئەنجامدا".
هەروەها ئاماژە بەوەكراوە كە دواتر هێزێكی ئاژانسی هەواڵگری چونەتە شوێنی روداوەكە و لاشەی كوژراوەكانیان دۆزیوەتەوە.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ تیمی (كەركوك ناو) چونە شوێنی روداوەكە كە بەدوری 10كم دەكەوێتە باكوری خۆرهەڵاتی كەركوك.
هاوڵاتییەكی گوندی كۆچەك بە (كەركوك ناو)ی وت "بەدرێژایی ئەمشەو دەنگی فڕۆکە دەهات و دواتر کاتژمێر پێنجی بەرەبەیان گوێبیستی دەنگێکی بەهێزبوین لە خواروی دێیەکە كە چەم و قامیشەڵانە و دیتمان ئاگرێکی گەورە لە چەم و قامیشەڵانەکە بەربووە".
وتیشی "پاش نیو کاتژمێر لە روداوەکە هێزێکی زۆری سوپای عیراق هاتنە ناوچەکە و بەدیاریکراوی شوێنی ئاگرەکە".
دانیشتویەكی تری گوندەكە وتی "لە رابردودا هیچ جۆرە جموجۆڵێکی نائاساییمان لەناوچەکە بەدینەکردووە".
لەو شوێنەی ئەبو دونیا و یاریدەدەرەكانی كوژران، تەنیا 2كم لە سەنگەرەكانی پێشمەرگەوە دورە، پێشمەرگە لەو سنورە ئەركی پاراستنی بەنداوی خاسەی لە ئەستۆیە.
فەرماندەیەکی پێشمەرگە لەو سنورە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، وتی "بۆردومانەکە لە سنوری دەسەڵاتی ئێمەدا نەبووە، بەڵکو دەکەوێتە ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی سوپای عیراقەوە".
وتیشی "بەڵام زانیاریمان پێدرا كە بۆردومانەكە لەدوری 2كم لە سەنگەرەكانی پێشمەرگەوە ئەنجامدەدەرێت... هەروەها زانیاریی ئەوەمان پێدرابوو كە جموجۆڵی نائاسایی هەیە، بۆیە ئێمە لە حاڵەتی ئینزاردابوین".