حكومەت بەنیازە هەموو حەوزە ماسییەكانی داقوق لەناوببات، بەهۆی ئەوەی بەشێوەیەكی "زیادەڕۆ" دروستكراون و بە مەترسی بۆ سەر ئاوی ژێر زەوییان دادەنێت، هەرچەندە بەرهەمی ماسی قەزاكە بەناوبانگترینە و بەرزترین نرخی لە 10 ساڵی رابردودا تۆماركرد.
ژمارەی حەوزە ماسییەكانی داقوق بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، نزیكبۆتەوە لە 3000 هەزار حەوز و بژێوی ژیانی هەزاران خێزانیان لەسەرە، بەڵام بەپێی ئامارەكانی فەرمانگەی سەرچاوە ئاوییەكانی قەزاكە، تەنیا حەوت حەوزیان یاسایین و حكومەت هەڕەشەی لەناوبردنیان دەكات.
عماد باقی، دانیشتوی قەزای داقوق، یەكێكە لەو كەسەی كە بژێوی خێزانەكەی لەسەر بەرهەمی ماسییە، ئەمساڵ، بە "ساڵی زێڕینی ماسی داقوق" ناودەبات بەهۆی بەرزبونەوەی نرخەكەیی.
نرخی هەر كیلۆیەك لە ماسی داقوق ئەمساڵ گەیشتە 11 هەزار دیناری عیراقی، ئەوەش بەرزترین نرخی لە 10 ساڵی رابردودا.
ساڵی رابردودا لەمكاتەدا یەك كیلۆ ماسی داقوق لە نێوان 4000 بۆ 5000 هەزار دینار بوو.
عیماد وتی "ساڵی وا هەبووە بەرهەمی ماسییەكانمان تەنانەت نەیتوانیوە مەسروفاتیش دەربكاتەوە و زەرەرمان كردووە، بەڵام ئەمساڵ سەرەڕای ئەوەی ئالیك زۆر گرانبوو، بەڵام قازانجی باشمانكرد".
ئەمساڵ سەرەڕای ئەوەی ئالیك زۆر گرانبوو، بەڵام قازانجی باشمانكرد
عیماد كە حەوزە ماسییەكەی دەكەوێتە ناوچەی چوبخانە لە باكوری داقوق (44كم لە ناوەندی شاری كەركوك)، ساڵانە نزیكەی 150 هەزار ماسی دەفرۆشێت، هەر ماسییەك بەگشتی لە نێوان دوو بۆ سێ كیلۆدایە.
محەمەد جوامێر، خاوەنی چوار حەوزی ماسییە لە سنوری ناوچەی تاڵەبانی لە داقوق، دەڵێت لە پاڵ بەرزبونەوەی نرخی ماسی، نرخی ئالیكیش بۆ دوو هێندە بەرزبۆتەوە.
"ساڵانی رابردوو یەك تەن ئالیك بە 600 هەزار دینار بوو، ئەمساڵ نرخەكەی گەیشتۆتە ملیۆنێك و 300 هەزار دینار"، محەمەد جوامێر جەختیكردەوە "هەر ماسییەك تا دەبێتە دوو كیلۆ و نیو پێویستی بە پێنج كیلۆ ئالیك هەیە".
ماسی داقوق بە تام و چێژەكەی بەناوبانگە و خواستی زۆری لەسەرە، بەجۆرێك زۆرێك لە چێشتخانەكان لە زۆرینەی پارێزگاكانی عیراق وا لە كڕیارەكانیان دەگەیەنن كە ماسی داقوقیان پێشكەش دەكەن.
بژێوی هەزاران خاوەنی كێڵگەی بەخێوكردنی ماسی، شۆفێر و خاوەنی چێشتخانەكان لەسەر ئەو حەوزی ماسییانەیە، بەڵام لەكاتێكدایە تەنیا حەوت حەوزییان بەپێی ئاماری فەرمانگەی سەرچاوە ئاوییەكانی داقوق یاسایین.
شوان تاهیر، شۆفێری گواستنەوەی ماسییە لە حەوزەكانەوە بۆ چێشتخانە و بازاڕەكان، دەڵێت حكومەت لەبری دەستگیرۆیی بەربەستی دروستكردووە لەبەردەم كارەكانیان. وتی "لە بازگەكان رێگەنادەن بەرهەمەكان بۆ شارەكانی هەرێم ببەین و دەڵێن رێگەپێدراو نییە، بۆیە جاری واهەیە بە ناچاری بەرێگای قاچاغدا دەڕۆین".
وتیشی "چێشتخانە و بازاڕەكانی ماسی لە پارێزگاكانی تری عیراق بەردەوام داوای ماسیمان لێدەكەن و خواستی زۆری لەسەرە".
سەرچاوەیەك لە فەرمانگەی سەرچاوە ئاوییەكانی قەزای داقوق، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەسەر راسپاردەی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عیراق، تیمێك پێكهێنراوە بۆ لادانی زیادەڕۆ لەسەر پڕۆژە ئاوییەكانی كەركوك، لەوانەش حەوزە ماسییەكان... حەوزە ماسییەكان مۆڵەتی یەك مانگیان پێدراوە كە دەبێت حەوزەكان لەناوببەن".
وتیشی "هۆكارەكەی جگە لە زیادەڕۆیی، مەترسی بۆ سەر ئاوی ژێر زەوی دروستدەكەن، چونكە بۆ بەخێوكردنی ماسییەكان بیر لێدراوە... هەروەها هەر زەوییەك بكرێتە حەوزی ماسی، جارێكی تر ناتوانرێت كشتوكاڵی لێ بەرهەمبهێنرێت".
ئەوەش لەكاتێكدایە لە كانونی دووەم ئەمساڵ، خاوەن كێڵگەكانی بەخێوكردنی ماسی، لە خۆپیشاندانێكدا دژایەتی خۆیان بۆ بڕیارێكی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عیراق نیشاندا، كە تیایدا ئاماژە بە لەناوبردنی حەوزە ماسییەكان دەكات، بەڵام ئیدارەی كەركوك بڕیارەكەی بەكاتی راگرت و داوای لە قایمقامیەتی داقوق كرد بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ وەزارەتدا گفتوگۆبكەن.
پێدانی مۆڵەتی یەك مانگ بە كێڵگەی بەخێوكردنی ماسی لە داقوق، لەكاتێكدایە بەشێك لە حەوزەكان ماسییەكانیان هێشتا بچوكە و پێویستی بە مانگ زیاتر هەیە بۆ ئەوەی رەوانەی بازاڕبكرێن.
بەگشتی جوتیارانی قەزاكە بۆ (كەركوك ناو) جەختیانكردەوە كە ئامادەنین بڕیارەكە جێبەجێبكەن، شەلال ئەحمەد، خاوەنی كێڵگەیەكی بەخێوكردنی ماسی جەختی لە رەتكردنەوەی بڕیارەكە كردەوە.
جوتیارانی داقوق ساڵانە لە شاری حلە مەڵبەندی پارێزگای بابل-ەوە ماسی بچوك بە 150 بۆ 200 دینار دەكڕن و بەخێویان دەكەن تا گەورە دەبن.
سێ جۆر ماسی لە داقوق بەخێودەكرێت، كارب، سلفەر و گلاس، بەوتەی شەلال ئەحمەد كارب زۆرترین خواستی لەسەرە.
هەر دۆنمێك زەوی كە دەكرێت بە حەوزی ماسی، پێویستە 750 بۆ 1000 ماسی تێبكرێت. شەلال وتی "ئەگەر لەوە زیاتری تێبكرێت، توشی كەمی ئۆكسجین دەبن و لەناودەچن".
لەكۆتاییدا شەلال وتی "داواكارین حكومەت هاوكاریمان بكات و بیر لە لەناوبردنی حەوزە ماسییەكانمان نەكاتەوە، چونكە ژیانی هەزاران خێزانیان لەسەرە".