ئەهوارەكانی باشوری عیراق سەدا 90 روبەرەكەیان لەدەستداوە، ئەوەش بە "كارەسات" وەسف دەكرێت، بەوپێیەی كاریگەری نەرێنی لەسەر دانیشتوان و ئابورییان داناوە، كە سەرچاوەی سەرەكی لە ئەهوارەكانەوەیە.
لەمساڵدا ئەهوارەكانی عیراق "روبەڕوی توندترین وەرزی وشكەساڵی بوونەتەوە لەوكاتەوەی لە 2003ـدا جارێكیتر پڕبونەوە لە ئاو"، بەوتەی جاسم ئەسەدی، شارەزای ژینگە.
ئەو بە (كەركوك ناو)ـی وت لە ساڵانی رابردوو لە نێویاندا 2009، 2015 و 2018 چەند شەپۆلێكی وشكەساڵی ئەهوارەكانی گرتەوە، بەڵام لەمساڵدا زیاتر بووە، بە تایبەت لە ئەهواری حەوێزەی پارێزگای میسان و حەماری غەربی و ئەهواری وەسەت لە پارێزگای زیقار.
"ئێستا روبەری ئاوی لە ئەهوارەكاندا بە 550 كیلۆمەتر دەخەمڵێنرێت لە كۆی 5560 كیلۆمەتر، ئەوەش ئەو ئامانجەیە كە ناوەندی دوبارە بوژاندنەوەی ئەهوارەكان لە وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو لە ساڵی 2005ـدا دایناوە" ئەسەدی، كە بەڕێوەبەری نوسینگەیەكی رێكخراوە ناوخۆییەكانە لە قەزای جەبایش (خۆرهەڵاتی زیقار)، وای وت.
ئەوەش لە كاتێكدایە لەیس عوبێدی، توێژەری ژینگە بۆ (كەركوك ناو)ـی رونكردەوە ئەو روبەرەی لە ئەهوارەكاندا كە ئاوی تێدا ماوە، ناگاتە رێژەی سەدا 10ـی ئەو روبەرە ئاوییەی لە ساڵی 2019ـدا هەبوو.
حكومەتی پێشوتری عیراق، بە سەرۆكایەتی سەدام حسێن، لە پرۆسەیەكی رێكخراودا ئەهوارەكانی وشك كرد، بە پاساوی بەكارهێنانی وەك حەشارگەی چەكدارانی دژ بە حكومەتەكەی، روبەرێكی بەرفراوانیشی كرد بە ناوچەی سەربازی و رێگەی نەدا خەڵكی تێدا نیشتەجێ بن، ئەوەش دانیشتوانەكەی ناچار بە ئاوارەیی كرد.
بەڵام دوای روخانی ئەو حكومەتە لە 2003ـدا جارێكیتر ئاو بۆ ئەهوارەكان گەڕێنرایەوە.
داڕمانی "ئابوری ئاو"
دابەزینی ئاستی ئاوی ئەهوارەكان كاریگەری كردۆتە سەر دانیشتوانی ناوچەكە، بەوپێیەی بژێوی هەندێكیان لەسەر بڕینی قامیش و فرۆشتنی و دروستكردنی پێداویستییەكانی ماڵانە، بە زیانیش بۆ ئەو كەسانە كەوتۆتەوە كە گامێش بەخێو دەكەن، جگە لەوەی ئەهوارەكان زۆرینەی سامانی ماسی-ـیان لەدەستداوە.
دایكی جەواد، بەهۆی وشكەساڵییەوە ئەهوارەكانی باشوری بەجێهێشتووە و لە ناوچەیەكی هەڕەمەكی نەهرەوان، لە دەوروبەری باشوری بەغداد نیشتەجێیە، بە ئامانجی گرەنتی بەدەستهێنانی سەرچاوەی ئاوی و ژینگەیەكی گونجاو بۆ بەخێوكردنی گامێش.
حاجی سەبرییە، بە دایكی جەواد ناسراوە، جلوبەرگێكی رەنگ رەشی كلتوری لە بەردایە و لە شەستەكانی تەمەنیدایە، ئەو لە شیری گامێش قەیماغ دروستدەكات و لە گۆڕەپانێكی بەغدای پایتەخت دەیفرۆشێت.
هاوڵاتی نیشتەجێی ناوچەی ئەهوارە روبەڕوی زیانی "زۆر" بونەتەوە و بەشێكیان بە ناچارن بەرەو ناوچەكانی دیكە بە ئامانجی دەستكەوتنی سەرچاوەی ئاوی، كۆچیان كردووە كاتێك لە شوێنی خۆیاندا سەرچاوەی بژێوییان لە دەستدا، بەوتەی لەیس عوبێدی.
بەخێوكردنی گامێش چیتر قازانجی نییە
پرۆسەی بەخێوكردنی گامێش بۆتە بارگرانی، چونكە لەوەڕگەی سەوز نەماوە و یەك تۆن عەلەف لە 300 هەزار دینارەوە بۆ 800 هەزار دینار بەرزبۆتەوە، جاسم ئەسەدی وادەڵێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا بەشێك لە بەخێوكەرانی گامێش ناچارن ئاوی خواردنەوە بۆ ئاژەڵەكانیان بكڕن، بەهۆی دابەزینی ئاستی سەرچاوەكانی ئاو، كە وایكردووە رێژەی خوێ و پیسبون لە ئاوی ئەهوارەكاندا بۆ شەش هەزار هێندە لە ملیۆنێكدا زیاتر بن، ئەوەش دەبێتە هۆی نەهۆشی بۆ گامێش.
لە ئەنجامی ئەو كێشانەدا، ئاستی شیریش كەمیكردووە، كە پێشتر هەر گامێشێك نزیكەی شەش لیتر شیری دەدا بەڵام ئێستا كەمتر لە سێ لیتر شیر دەدات.
"هەموو ئەو هۆكارانە وایكردووە نرخی گامێشێك لە سێ ملیۆن و 500 هەزار دینارەوە بۆ كەمتر لە دوو ملیۆن دینار دابەزێت" بەوتەی ئەسەدی.
زیاتر لە 700 گامێش بەهۆی وشكەساڵی ئەهوارەكانی پارێزگای زیقارەوە مردار بونەتەوە
بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی سروشتی عیراق، نزیكەی 27 هەزار سەر گامێش لە ئەهوارەكانی ناوەڕاستی نزیك قەزای جەبایش هەیە.
"تائێستا زیاتر لە 700 گامێش بەهۆی وشكەساڵی ئەهوارەكانی پارێزگای زیقارەوە مردار بونەتەوە" بەپێی لێدوانێكی عەباس سالم حسێن، بەڕێوەبەری گشتی سامانی ئاژەڵ بۆ عیراقییەی نیمچەرەسمی حكومەتی عیراق.
هەروەها توێژەر لەیس عوبێدی جەختی لە هەمان ئامار كردەوە، پێیوایە رەنگە ژمارە راستەقینەكە زیاتریش بێت، بەوپێیەی ئامارێكی ورد لەسەر ژمارەی ئەو ئاژەڵانە نییە كە روبەڕوی نەخۆشی بونەتەوە لە ئەنجامی وشكەساڵی و زیادبونی رێژەی خوێ و پیسبون.
سەدا 95ـی سامانی ماسی لەناوچون
"ماسیگرەكان ناتوانن هیچ ماسییەك راوبكەن، چونكە ئەهوارەكانی عیراق سەدا 95ـی ماسییان لەدەستداوە بەراورد بە ساڵی 2019، تەنیا ماسی بچوك ماونەتەوە كە دەتوانن بەرگەی خوێ بگرن، ئەوانەش نرخیان لە بازاڕەكاندا زۆر نییە و راوچی پارەیەكی باشی دەستناكەوێت" ئەسەدی وای وت.
ئەوەشی رونكردەوە كە هەمەجۆری بایەلۆژی بەهەمانشێوە روبەڕوی "مەترسی" بۆتەوە، سەگی ئاوی بەهۆی كەمبونەوەی روبەری ئاوی و ژینگە دەناڵێنێت، بارودۆخەكە بۆ هەندێك جۆری باڵندەی كۆچەریش هەر وایە.
ئەگەری دەرچون لە لیستی كەلەپوری جیهانی
ئەهوارەكانی عیراق لە لیستی كەلەپورە جیهانییەكاندایە، بەهۆی هەمەجۆری بایەلۆژی و هەبونی ئەو زیندەوەری جیاوازانەی لە لیستی "سور" یان لە پۆلێنی ئەو گیاندارانەدایە كە روبەڕوی هەڕەشەی لەناوچون بونەتەوە.
لە 17ـی تەمموزی 2016، لیژنەی كەلەپوری جیهانی لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ پەروەردە و زانست و كولتور (یونسكۆ) بە كۆی دەنگ بڕیاریدا ئەهوارەكانی عیراق بخاتە لیستی كەلەپورە جیهانییەكانەوە.
جاسم ئەسەدی دەڵێت ئەهوارەكان بەهۆی وشكبونەوە لەبەردەم هەڕەشەی دەركردنیدایە لەو لیستە جیهانییە، بەڵام "ئەوە گرنگ نییە"، بەڵكو گرنگترینیان لە دەستدانی ئەهوارەكان و لەناوچونی ژینگەی سروشتی و كۆچی دانیشتوانەكەیی و داڕمانی ئەو ئابورییەیە كە لە ئەهوارەكانەوە سەرچاوەی گرتووە.
ئەو شارەزایەی ژینگە وتی "دانانی ئەهوارەكان لە لیستی كەلەپورە جیهانییەكان یان دەرچونی لەو لیستە خاڵێكی گرنگ نییە بەلای دانیشتوانی ئەو ناوچەیە، لەكاتێكدا ئەوان لە پێناو پاراستنی ژیانیان و سەرچاوەی بژێوی و ئاژەڵداری دەجەنگن"، جەختیشیكردەوە ئەگەر ئەهوارەكان هەمەجۆری بایەلۆژی نەمێنێت، ئەوا لەو لیستە جیهانییەدا دەردەچێت، وەك چۆن لە ساڵانی رابردودا ژمارەیەك شوێن و شوێنەواری هەندێك لە وڵاتان لە لیستەكەدا دەركران.
سێ هۆكار بۆ رودانی "كارەسات"
هۆكارەكانی وشكەساڵی و دابەزینی ئاستی ئاو، بەبڕوای ئەسەدی، پەیوەندی بە سیاسەتی وڵاتانی دراوسێ و بە تایەبت توركیا و ئێرانەوە هەیە، كە هەردوكیان بەنداو لەسەر روبارەكانی دیجلە و فورات بنیاتدەنێن، حكومەتی عیراقیش شكستیهێناوە لە فشارخستنە سەر ئەو وڵاتانە بۆ زیادكردنی ئاستی بەردانەوەی ئاو.
جاسم ئەسەدی رەخنەی لە خراپی ئیدارەدانی سەرچاوەكانی ئاو لە باشوری عیراق گرت، چونكە لە هاوینی 2021ـەوە دەستپێكی وشكەساڵی دەركەوتووە بەڵام لایەنی بەرپرس لە ئەهوارەكان "وەك نەعامە سەریان خستۆتە ناو خۆڵەوە"، ئەوەشی وەك ئاماژەیەك بۆ كەمتەرخەمی و پشتگوێخستنی دۆسیەی ئەهوارەكان بەكارهێنا.
مەهدی رەشید حەمدانی، وەزیری سەرچاوەكانی ئاو لە بەیاننامەیەكدا، كۆتایی ئابی ئەمساڵ، بڵاویكردەوە كە عیراق زیانلێكەوتەی گەورەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و لەناوچونی سەرچاوەكانی ئاوە، بەهۆی نەبونی رێككەوتن لە نێوان ئەوان و ئەو وڵاتانەی سەرچاوەی روبارە ئاوییەكانی عیراقن.
لەبارەی هەوڵەكانی وەزارەتەكەیەوە ئاماژەی بەوەدا كە بەردەوام داوا لە وڵاتانی سەرچاوەی ئاوی دیجلە و فورات دەكەن لە زیادبونی ئاستی ئاو و كەمبونەوەشیدا پێكەوە بە یەكسانی بەشداربن، كاردەكەن بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و گرتنەبەری رێكاری پێویست.
شارەزاكەی ژینگە، جاسم ئەسەدی دەڵێت ئەوەی روبەڕوی ئەهوارەكان بۆتەوە "كارەساتێكی راستەقینەیە"، لەكاتێكدا لەیس عوبێدی، توێژەری ژینگە بە "كارەساتی ژینگەیی" وەسفدەكات كە بە بێدەنگی تێدەپەڕێت، بێ ئەوەی كەس خەمی بێت و هەوڵ بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی بدات.