ژمارەیەك لە هاوڵاتیان، لە ترسی نەزۆكی ئامادەنین ڤاكسینی دژە كۆرۆنا وەربگرن، لەكاتێكدا ئەوە تەنیا دەنگۆیەكە و بەپێی شارەزایانی بواری تەندروستی زانیاریی لەو شێوەیە بنەمای نییە.
ئەو هاوڵاتییانە كە لە پارێزگای كەركوك دادەنیشن و قسەیان بۆ (كەركوك ناو) كردووە، جەختیانكردەوە لەوەی ئەو زانیارییانەیان تەنیا لەزاری خەڵك و لەڕێی قسەوقسەڵۆكەوە پێگەیشتووە و باوەڕیان پێكردووە، بەبێ ئەوەی بەدواداچون بۆ راستی ئەو دەنگۆیانە بكەن. ئەوەش وایكردووە خۆیان بەدوربگرن لە وەرگرتنی ڤاكسین.
ئێسماعیل سالار، لە شاری كەركوك دادەنیشێت، یەكێكە لەو كەسانەی تائێستا ئامادەنەبووە پێكوتەی كۆڤید-19 وەربگرێت. وتی "دەنگۆی زۆرهەیە لەبارەی ئەوەی وەرگرتنی ڤاکسین دەبێتە هۆی نەزۆکی و لە داهاتودا کاریگەری لاوەکی زۆری دەبێت، بۆیە تائێستا نەچوم بۆئەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرم".
"ئەو دەنگۆیانەم زیاتر لەنێو بازاڕ و لەنێو هاوڵاتیاندا بیستووە و منیش باوەڕم پێكردووە و نامەوێت و دەترسم ڤاكسین وەربگرم".
ئەو دەنگۆیانەم زیاتر لەنێو بازاڕ و لەنێو هاوڵاتیاندا بیستووە و منیش باوەڕم پێكردووە
لە سەرەتای مانگی ئاداری ساڵی 2021دا، یەکەمین کاروانی ڤاکسینی کۆرۆنا گەیشتە عیراق و رۆژی ٤ـی هەمان مانگ یەکەمین کاروان گەیشتە شاری کەرکوک، لە ١٢ـی ئادار یەکەم کەس لە کەرکوک ڤاکسینی وەرگرت.
لەگەڵ دۆزینەوەی ڤاکسین و گەیشتنی بە عیراق و کەرکوک، چەندین دەنگۆ و بابەتی ناڕاست، دەربارەی جۆرەکانی ڤاکسین بڵاوکرانەوە، بەشێكی ئەو دەنگۆیانە هەرزوو لەناو خەڵك و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرانەوە.
دکتۆر سەباح نامیق، بەڕێوەبەری بەشی تەندروستی گشتی لە فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک، کە خۆی وەکو یەکەم کەس لە ئاداری 2021 ڤاكسینی دژە كۆرۆنای وەرگرتووە، وتی "هەموو ئەو دەنگۆیانەی لەلایەن هاوڵاتییانەوە بڵاودەکرێنەوە سەبارەت بەوەی ئەگەر کەسێک ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرێت ئەوا توشی نەزۆکی دەبێت، دورن لەڕاستییەوە"، زیاتر وتی "بڵاوکردنەوەی ئەو دەنگۆیانە تەنها بۆ ئەوەیە خەڵکی ڤاکسین وەرنەگرێت و خەڵکی سارد بکەنەوە لە وەرگرتنی ژەمە ڤاکسین".
دکتۆرە شەهلا مەجید حەمید، پسپۆڕ لە بواری نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبون، لەبارەی ئەو دەنگۆیانەوە تایبەت بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەوە هیچ بنەمایەكی نییە و تەنیا دەنگۆی خەڵكە، تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی وا سەردانی ئێمەی نەکردووە گوایە ڤاکسینی وەرگرتبێت و تۆشی نەزۆکی بوبێت... سەدان حاڵەتمان بۆ هاتووە كە ژنەكە ڤاكسینی وەرگرتووە و ئێستا دووگیانە، تەنانەت پیاوەكەشی ڤاكسینی وەرگرتووە... لە نێویاندا خوشكی خۆم".
ئەوە هیچ بنەمایەكی نییە و تەنیا دەنگۆی خەڵكە، تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی وا سەردانی ئێمەی نەکردووە گوایە ڤاکسینی وەرگرتبێت و تۆشی نەزۆکی بوبێت
"ڤاکسین تەنیا دژە زیندەییە و هیچ کاریگەرییەكی لەسەر منداڵدان و هێلکدان نییە و نابێت، مرۆڤ لە سەرەتای تەمەنییەوە تاوەكو گەورە دەبێت چەندین جۆری ڤاكسین وەردەگرێت و هیچیان كاریگەرییان لەسەر نەزۆكی نییە، بە ڤاكسینی دژە كۆرۆناشەوە"، دکتۆرە شەهلا مەجید وایوت.
"ڤاكسینی كۆڤید-19 بەهەمان شێوەی ڤاکسینەکانی تر، تەنها بۆ دروستکردنی بەرگرییە بۆ مرۆڤ لەدژی نەخۆشی".
لە پارێزگای کەرکوک و بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی عیراق، زياتر لە 500 هەزار كەس ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتووە، ئەوەش لە کۆی ملیۆنێک و 726 هەزار کەس لە دانیشتووانی پارێزگاکە، بەپێی خەمڵاندنی وەزارەتی پلاندانانی عیراق بۆ ساڵی 2021.