دوای 35 رۆژ لە نەشتەرگەری
مقەستێك لەناو سكی نەخۆشێكدا دەردەهێنرێت

كەركوك/ 11ی ئەیلولی 2022/ شلێر عومەر، ئەو نەخۆشەی مقەستێك لە سكی-دا جێمابوو لەكاتی نەشتەرگەریدا. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

نەخۆشێك لە كەركوك دوای تێپەڕبونی 35 رۆژ بەسەر نەشتەرگەرییەكەدا، دەردەكەوێت مقەستێك لە ناو سكی-دا بەجێماوە و بەوهۆیەوە بۆ جاری دووەم نەشتەرگەری بۆ دەكرێتەوە. بەڵام باری تەندروستی جێگیر نییە.

ئەو نەخۆشە (45 ساڵ)ە، دانیشتوی قەزای چەمچەماڵ، لە 5ی ئابی رابردوو نەشتەرگەری بۆ كرا، لە نەخۆشخانەیەكی ئەهلی (دارولسەلام) لە كەركوك، سێ رۆژ لەمەوبەریش دەركەوت مقەستێك لەسكی-دا بەجێماوە و بۆ جاری دووەم نەشتەرگەری بۆ كرایەوە و مقەستەكە دەرهێنرا.

شێرکۆ قادر، هاوسەری شلێر، بە (كەركوك ناو)ی وت "گرێیەكی حەوت كیلۆیی لە سكی خێزانەكەمدا بوو، ئەوەبوو دکتۆرە فائیزە سابیر، بڕیاریدا نەشتەرگەری بۆ بكات... لە پاش نەشتەرگەرییەکەوە بەردەوام هاوسەرەکەم هەستی بەئازار دەکرد لەناو سكی-دا، چەندین پزیشكمان پێكرد و نەمانزانی هۆكارەكەی چییە، تا دواجار چوینە نەخۆشخانەی ئازادی فێرکاری لە کەرکوک، دوای تیشك، دەركەوت مقەستێك لە سكی-دایە".

نەخۆشەكە سێ رۆژ لەمەوبەر نەشتەرگەری بۆ كرایەوە و مقەستەكە لە سكی-دا دەرهێنرا.

"لەئێستادا مقەستەکە دەرهێنراوە، بەڵام تەندروستی هاوسەرەکەم جێگیر نییە و ناتوانێت خواردن و خواردنەوە بخوات"، زیاتر وتی "ماوەی دوو رۆژە تەنیا بە ئاو، دەم و لێوی تەڕدەكەین".

ئەو خێزانە سكاڵایان لەسەر دکتۆرە فائیزە سابیر تۆماركردووە. دكتۆرە فائیزە پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ژنان و منداڵبونە.

mqast
وێنەی مقەستەكە لەناو ئەو تیشكەی كە بۆ نەخۆشەكە كراوە. تایبەت بە كەركوك ناو

دکتۆرە فائیزە سابیر، ئەمڕۆ یەكشەممە 11ی ئەیلول، لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "من لەو كەیسەدا تاوانبارنیم، بەڵکو پێویستە یاریدەدەری نەشتەرگەر کە لەگەڵ مندا لەژوری نەشتەرگەری بوو، پێداویستییەکانی نەشتەرگەرییەكەی هەژمار بكردایەتەوە، چ لەکاتی هاتنەژورەوەی بۆ هۆڵی نەشتەرگەریی، چ لەکاتی تەواوبون و دەرچون لەهۆڵی نەشتەرگەری".

فائیزە كە هەر خۆی نەشتەرگەری دووەمی بۆ نەخۆشەكە كردۆتەوە، وتی "وەزارەتی تەندروستی پزیشکی پابەندنەکردوە کە پێداویستی نەشتەرگەری هەژماربكاتەوە لە دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری".

فائیزە هەڕەشەی تۆماركردنی سكاڵای كرد لە دژی ئەوانەی ئەو بە تاوانبار دەزانن و وتی "منیش سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەم لە دژی ئەوانەی ناوم دەزڕێنن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT