لاوێن رێدار (33 ساڵ) بۆ سێیەمینجار دەبێتە پەرلەمانتار لەسەر لیستی سۆسیال دیموکراتەکانی سوید لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە، ئەوەش بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی سوید كە یەكشەممە 11ی ئەیلول بەڕێوەچوو.
لاوێن هەرچەندە خۆی لە ستۆکهۆڵم لەدایکبووە، بەڵام باوکی لە قەزای دوبز لەدایکبووە و باپیرانی خەڵکی ناوچەی رێدارن (ناحیەی شوان لە باكوری خۆرهەڵاتی كەركوك). هەرچی دایكيیەتی خەڵكی كوردستانی ئێرانە.
لاوێن ڕێدار، دەرچوی کۆلێژی یاسای زانکۆی ستۆکهۆڵمە، ماوەیەکیش لە ڕێکخراوی منداڵپارێزی سویدی کاری کردووە، هەر لەسەرەتای لاوییەوە چالاکانە کاریکردووە لەڕێکخراوی گەنجانی سۆسیال دیموکرات و یەکێک بووە لە بەڕێوەبەرانی رێکخراوەکە.
"بەهەوڵی ئێمە لە کۆنگرەدا رێکخراوەکە مافی چارەی خۆنووسینی بۆ میللەتی کورد لە هەموو چوارپارچەی کوردستان ناساند و داوایکرد پارتەکەشمان ئەو داوایە بچەسپێنێت"، لاوێن لە هەڵبژاردنی رابردودا كاتێك بۆ دوەمجار گەیشتە پەرلەمان لە چاوپێكەوتنێكی (كەركوك ناو)دا وایوت.
باوکی لاوێن بەرهەڵستکاری ستەمی رژێمی دیکتاتۆری عیراق بووە، بەوهۆیەوە لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی رابردودا خوێندنی زانکۆی بەغدادی بەجێهێشتووە و بووەتە پێشمەرگەی پاسۆک لە شاخەکانی کوردستان، ساڵی ١٩٨٢ پەڕاگەندە بووە و دواتر لە سوید گیرساوەتەوە.
لاوێن دەڵێت تێکۆشانی باوک و دایکی بۆ ئازادی کاریگەری گەورەی هەبووە لەسەر ئەوە تا كاری سیاسی بكات ئەوەش وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی. “رۆژانە دایک و باوکم، هەواڵ و روداوەکانی هەموو پارچەکانی کوردستانم بۆ باسدەکەن، هەمیشە هانیانداوم کە تێکۆشان بۆ ئازادی مرۆڤ و کوردستان بکەم".
لەبارەی کەرکوکەوە، لاوێن ڕێدار چوار ساڵ لەمەوبەر، جەختی لەسەر پێکەوە ژیان و دادپەروەری لە ئیدارەدانی شارەکە کردەوە. ئەو کە باوکی بەهۆی خەباتی سیاسییەوە لە شارەکە ڕاگوێزراوە و لەخوێندن بێبەشکراوە، بۆی گرنگبوو کە هیچ کەسێک بەهۆی باکگراوندی نەتەوەیی و بیروڕای سیاسییەوە توشی ئازاردان و راوەدونان نەبێت.
گرنگە هیچ کەسێک لە كەركوك بەهۆی باکگراوندی نەتەوەیی و بیروڕای سیاسییەوە توشی ئازاردان و راوەدونان نەبێت
لاوێن بۆ یهکهمجار ساڵی 2014 بوو بە پەرلەمانتار، ئەوكات تەنیا 24 ساڵی تەمەن بوو، لە ساڵی 2018 بۆ جاری دووەم، ئێستاش بەپێی ئەنجامە بەراییەكان بۆ جاری سێیەم توانی بگاتە پەرلەمانی سوید.
"گرنگە نەوتی کەرکوک بکەوێتە دەست ئیدارەیەکی بە دیموکراسی هەڵبژێردراوی شارەکە و داهاتەکەی بۆ خەڵکی شارەکە بەکاربهێنرێت. بۆ قوتابخانە، نەخۆشخانە و خزمەتگوزاری دیکە".
لاوێن زیاتر لەسەر پرسی کەمکردنەوەی بێکاری لەناو گەنجان، قەیرانی خانووبەرەی گەنجان لە ئەولەویاتی کارەکانی بووە. هاوشان لەگەڵ ئەوە لەسەر پرسی کورد کاری کردووە.
لەوکارانەی کە لاوێن چالاکانە بەشداربووە، کاریگەریدانان بوو لەسەر حکومەتی سوید کە هاوکاری سەربازی پێشمەرگە بکات لەشەری داعش (2014 - 2017). ئەو وتی "کارێکمان کرد کە راهێنەرە سویدییەکان دوای شەڕەکەش نەگەڕێنەوە بەردەوام بن لە راهێنان بەپێشمەرگە".
بەدەستپێشخەریی و کاریگەری کوردەکانی پەرلەمانی سوید، ستێفان لۆڤێنی سەرۆک وەزیرانی پێشوی سوید، دوای سەردانی بەغداد، سەردانی هەولیری کردووە و لەگەڵ سەرۆکی ئەوکاتی هەرێم کۆبوەتەوە.
لاوێن دەڵێت چالاکانە کاریکردووە تا حکومەتی سوید هاوکاری ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق بکات لە هەرێمی کوردستان، جگە لەو کۆمەکانەی لەڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەبەخشرێن، سوید پزیشک و دەروناسی شارەزا بۆ خەڵکانی ئاوارەو و ئازارچەشتووی دەستی داعش رەوانەی کوردستان کردووە.