وەلا، حەنان و جەمیلە، دوای ئاوارەیی و گەڕانەوە بۆ حەویجە روبەڕوی بارودۆخێكی دژوار و نەهامەتی دیكە دەبنەوە، تا بە هاوكاری رێكخراوێكی نێودەوڵەتی، هەر یەكێكیان لە بوارێكی جیاوازدا راهێنان دەبینێت و بەرەو ژیانێكی نوێ هەنگاو دەنێن.
رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ (IOM)، چیرۆكی ئەو سێ ئافرەتەی لە قەزای حەویجەی پارێزگای كەركوك بڵاوكردۆتەوە، دوای بەشدارییان لە راهێنان و چالاكییەكانیاندا.
چیرۆكی یەكەم: وێنەكێشان
وەلا عەلی (19 ساڵ)، لە 2014ـدا ئاوارەی كەمپێكی هەولێر بووە، دواتر خێزانەكەی چۆتە قەزای داقوق و پاش سێ ساڵ گەڕاونەتەوە بۆ حەویجە، كاتێك لە كۆتایی 2017ـدا لەژێر دەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام – داعش" كۆنتڕۆڵكرایەوە.
"شارەكە تا رادەیەك باش سەقامگیر بوو، بەڵام ژیان لەوێ بێزاریی و بێ ئومێدی بوو، وێرانكاری زۆر هەبوو، منیش لە ماڵەوە گیرمخوارد و نەمدەتوانی بچنە قوتابخانە، بەهۆی بارودۆخی دارایی خێزانەكە و هەروەها لەبەرئەوەی خاوەن پێداویستی تایبەت بوم".
وەلا لە كاتی ئاوارەیی و بەهۆی دروستبونی لافاوەوە لە داقوق، كەوتووە و زیانی زۆری بەركەوتووە، بۆیە چیتر ناتوانێت بەپێیەكانی بڕوات.
"كاتێك كچەكانی دیكەم دەبینی دەچن بۆ قوتابخانە، هەستم بە دڵگرانی دەكرد و كاریگەری نەرێنی لەسەر دەرونم دادەنا، هەستمەكرد بەهۆی مانەوەم بە درێژایی كات لە ماڵەوە خەریكە دەخنكێم".
وەلا بیستویەتی رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ چالاكی جۆراوجۆری هەیە؛ لە نێویاندا خولی وێنەكێشان، بۆیە دەستبەجێ خۆی ناونوس كردووە و بەشداریكردووە.
"هاتنم بۆ ئەم ناوەندە (خولی وێنەكێشان) ژیانی گۆڕیم، ئەمە دەرفەتێك بوو تا لە ماڵەوە بچمە دەرەوە و هەستكردن بە بێزاری و نیگەرانیم كەمبكەمەوە، ... لێرە خەڵكی دیكە و هاوڕێكانم دەبینم و لەگەڵ كچەكانی تردا، چێژ لە وێنەكێشان دەبینین و بەردەوام وێنەدەكێشم، تەنانەت كاتێك بۆ ماڵەوەش دەگەڕێمەوە".
ئەو راهێنانەی رێكخراوەكە بە ئامانجی هاوكاریكردنی هاوڵاتیانە لەروی دەرونییەوە دوای گەڕانەوەیان لە ژیانی ئاوارەیی.
وەلا دەڵێت هەر ئەو رێكخراوە هاوكارییان كردون بۆ نوێكردنەوەی بەڵگەنامە فەرمییەكانیان، بەوپێیەی كۆن بون و بەهۆی خراپی باری داراییەوە نەیاندەتوانی بچنە كەركوك، تا مامەڵەی نوێكردنەوەی بكەن.
چیرۆكی دوەم: خوێندەواری
حەنان شەش منداڵی هەیە، لەگەڵ گەڕانەوەیدا بۆ حەویجە پەشیمان بۆتەوە، "چونكە هەموو شتێكی وێرانە و ترسناك بوو"، بۆیە بەردەوام چاودێری منداڵەكانی دەكرد و رێگەی نەدەدا لە ماڵ بچنە دەرەوە، تا لە كۆتایی ئەو گۆشەگیرییەكە كاریگەری نەرێنی لەسەر دەرونیان دانا.
"منداڵە بچوكەكەم دەچێت بۆ قوتابخانە، بەڵام ئەوانیتر وازیان لە خوێندن هێنا"، هەروەها دەڵێت مانەوەی زۆر لە ماڵەوە، بەبێ سەرچاوەی بژێوی پێویست، هێندەی دیكە روبەڕوی كێشەی كردونەتەوە.
حەنان بە چالاكییەكانی رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ دەزانێت؛ دەچێتە خولی نەهێشتنی نەخوێندەواری، چونكە لە پێشتر و بە گرنگتری دەزانێت، "فێری ئەلفوبێی عەرەبی بوم، ئێستا دەتوانم بخوێنمەوە و بنوسم، ئەم ئەزمونە ژیانی منی گۆڕی، خوێندەواری لە هەموو شتێكدا هاوكارییم دەكات، بۆ نمونە كاتێك سەردانی كیلینێكی پزیشكی دەكەم، یان دەچنە شوێنێكی تر، دەتوانم ناونیشان و تابلۆكان بخوێنمەوە".
"خوێندەواری چاوەكانی كردمەوە، لە هەموی گرنگتر، دڵی كردمەوە" حەنان وای وت.
هەروەها دەڵێت پێشتر هەموو غەمەكانی لە دڵیدا دەهێشتەوە و ئێستا دەرفەتە بۆ كەمكردنەوەی نیگەرانییەكانی بەهۆی مەشغوڵی بە فێربونەوە.
"حەزدەكەم لە خولی وێنەكێشانیشدا بەشداری بكەم، بەڵام دوای تەواوكردنی خولی نەهێشتنی نەخوێندەواری، بەردەوام حەزم بە وێنەكێشان هەبووە، رەنگە تەمەنی گەورەبێت بەڵام كاتێك وێنەدەكێشم، هەست بە گەنجێتی و تەمەنێكی بچوكتر دەكەم، وەك كچێكی بچوك".
حەنان لە چوارچێوەی پرۆژەكەی هاوكاریكردنی رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ توانیویەتی بەڵگەنامە حكومییەكانیشی نوێ بكاتەوە، كە ئەوان بە دابینكردنی پارێزەر و راییكردنی مامەڵەكانیان لە فەرمانگەكاندا لەگەڵیاندا دەبن.
چیرۆكی سێیەم: ئارایشتگا
جەمیلە (34 ساڵ)، دایكی پێنج منداڵە و یەكێكە لە سومەندبوانی خولێكی فێربونی قژبڕین و ئارایشت، تا لەو ڕێیەوە لانیكەم بژێوی خێزانەكەی دابینبكات.
"مانەوەی زۆر لە ماڵەوە بەبێ سەرچاوەی بژێوی و هیچ كارێك زۆر سەختە"، ئەو وای وت، لەبارەی بارودۆخی ژیانیانەوە دوای گەڕانەوە بۆ حەویجە، كە شارێكی وێرانە و پڕ لە پاشماوەی شەڕ بوو.
"بارودۆخەكە باش نەبوو، خەڵك لەروی دەرونییەوە ماندوو بون، من هاوسەرەكەم نابینایە و بەردی گورچیلەی هەیە، بۆیە ناتوانێت كار بكات، كەسمان نەبوو كار بكات و پشتگیری خێزانەكە بكات، خەڵكی دیكە هاوكارییان دەكردین، (ماوەیەك لەمەوبەر) هیچمان نەبوو ئێوارە بیخۆین، ئەوەندە باری داراییمان خراپ بوو".
لە چالاكییەكانی كاری ئارایشتگادا بەشداری دەكات؛ فێری قژ بڕین، بۆیەی قژ و ئارایشتی خانمان دەبێت، "قایلم بەوەی دەیكەم، چونكە بەسودە و هاوكاریم دەكات لە ماڵەوە دەربچم و كاتەكانم بە شتێكی بەسودەوە بەسەرببەم".
جەمیلە دڵخۆشە بە ناسینی هاوڕێی نوێ، "قسە دەكەین، پێدەكەنین و لەگەڵ ژنەكانی دیكە پێكەوە سوبعەت دەكەین، ئەوەش هاوكاریمان بۆ لەبیرچونەوەی كەمێك لەو بارە دەرونییەی تیایدا دەژین".
ئەو پێویستی بە پاڵپشتی یاسایی هەبوو تا بەڵگەنامەكانی خێزانەكەی نوێ بكاتەوە.
"پێناسەكانمان زۆر كۆن بون، لە كۆتاییدا هەموو هاوڵاتییەكیش پێویستە پێناسەكەی بگۆڕێن بۆ كارتی نیشتمانی، بەڵام بەهۆی بەڵگەنامە كۆنەكانەوە روبەڕوی كێشە و تەحەدی دەبوینەوە، دەبوو بڕۆین بۆ كەركوك و لەبەر باری دارایی نەمانتوانی، ... بۆیە تیمێكی رێكخراوەكە هەموو شتێكیان بۆ كردین و بەمنزیكانە كارتە نوێیەكانمان وەردەگرینەوە" بەوتەی جەمیلە.
تێبینی: ناوەكانی حەنان و جەمیلە خوازراون