هاوڵاتیانی نیشتەجێی لانیكەم پێنج هەزار خانوو لە خانەقین لە خزمەتگوزاریی بێبەشن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی خانووەكانیان تاپۆیان نییە و پێناچێت حكومەتیش بەمزووانە كێشەكانیان بۆ چارەسەربكات.
هەرسێ گەڕەكی بەختیاری، سیروان و بان میل، لەو گەڕەكانەن كە لە دوای ساڵی 2003ەوە بەشێوەی زیادەڕۆ دروستكراون و زیاتر لە 5000 هەزار خانوی تیایە، دانیشتوانەكەی داوای تاپۆكردنی خانوەكان دەكەن بۆ ئەوەی پڕۆژەی خزمەتگوزارییان پێبگات.
ماجد حەمید، دانیشتوى گەڕەکى سیروان، ساڵی 2010 خانوییەكی لەو گەڕەكە دروستكردووە، دەڵێت "حكومەت هیچ خزمەتگوزارییەكی بۆ نەكردوین، گەڕەكەكەمان شەقام و ئاوی خواردنەوە و ئاڕۆی بۆ رانەكێشراوە، داوا دەكەن حكومەت تاپۆی بكات بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەكانمان بۆ دابین بكات".
گەڕەكی سیروان 1500 خانوی لێ دروستكراوە و هیچی تاپۆی نییە. تاپۆنەكردنی گەڕەكەكان و نەبونی خزمەتگوزاریی وایكردووە نرخی ئەو خانووانەی دروستكراون داببەزێت.
ماجد حەمید پیشەی مامۆستایە، خانووەكەی 45 ملیۆن دیناری تێچووە، بەڵام ئێستا تەنیا 20 ملیۆن دینار دەكات. ئەو داویكرد هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم بیر لە چارەسەركردنی كێشەی خانووە بێ تاپۆكانی خانەقین بكاتەوە.
عیماد فازڵ، لە هەمان گەڕەك دەژیت، وتی "نزیكەی 60 ملیۆن دینارم لە خانووەكەمدا خەرجكردووە، بەڵام ئێستا لێی پەشیمانم، چونكە بە تانكەر ئاو دەكڕم و جادە و ئاوەڕۆی نییە، چەند ساڵە چاوەڕێین خزمەتگوزاریمان پێبگات".
بە تانكەر ئاو دەكڕم و جادە و ئاوەڕۆی نییە، چەند ساڵە چاوەڕێین خزمەتگوزاریمان پێبگات
ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، لە تشرینی دووەمی 2019، بڕیاریدا بە تاپۆكردنی هەموو ئەو خانووانەی لهسهر زهوی زیادهڕۆ دروستكراون لە تەواوی پارێزگاكانی عیراق. ئەوەش بەپێی خەمڵاندنی نرخی زەوییەكە و پێدانی پارەكە بە حكومەت بە شێوەی قیستی 20 ساڵ. بەڵام ئەو بڕیارە هێشتا جێبەجێنەكراوە.
سۆران عەلى، بەڕێوەبەرى شارەوانى خانەقین – سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان- بە (کەرکوک ناو)ى وت "ئەو خەڵكانەی لەو گەڕەكانە دەژیت، لەسەردەمی حزبی بەعسدا خانەقینیان بەجێهیشتووە، دواتر لە چوارچێوەی ماددەی 140ی دەستوری عیراقدا گەڕاونەتەوە و زەوییان پێدراوە، ئێمە زەوییەكانمان پێداون، بەڵام ئەركی تاپۆكردنیان لای حكومەتی عیراقە".
بەپێی ماددەی 140ی دەستوری عیراق، هەر خێزانێكی ئاوارە – لەسەردەمی بەعسدا لە ناوچەكەی دەركرابێت- لەگەڵ گەڕانەوەیدا بۆ كەركوك، بەبڕی 10 ملیۆن دیناری عیراقی و پارچە زەوییەك قەربودەكرێتەوە، بەڵام هێشتا هیچكات لەو خێزانانە زەوییەكانیان لەسەر تاپۆنەكراوە و ئەو زەوییەی وەریانگرتووە حكومەت بەزیادەڕۆ ناوی دەبات.
خانەقین یەكێكە لە قەزاكانی سەر بە پارێزگای دیالە و بەپێی دەستوری عیراق بە ناوچەی جێناكۆك دادەنرێن، كە خاوەندارێتی لە نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم بەستراوەتەوە بەجێبەجێكردنی ماددەی 140.
سۆران عەلى، وتی "دوای ئەوەی لە ساڵی 2019 حكومەت بڕیاریدا بە تاپۆكردنیان، ئێمە لە 2020 راپۆرتمان لەسەر خانووەكان بۆ حكومەتی فیدراڵ بەرزكردەوە، بەڵام ئێمەش نازانین هۆكاری تاپۆنەكردنیان چییە... بە دوو حكومەت نەیانتوانیوە داواكارییەكانمان جێبەجێبكەن".
پەرلەمانتار، سۆزان مەسنور، كە یەكێكە لە نوێنەرانی پارێزگای دیالە لە پەرلەمانی عیراق و وەك خۆی دەڵێت بەدواداچونی بۆ ئەو پرسە كردووە، بە (كەركوك ناو)ی وت "یەكێك لە گرفتەكانی بەردەم تاپۆنەكردنی ئەو خانووانە، ئەوەیە ناوچەكانی جێناكۆك هێشتا خاوەندارێتیان یەكلایینەكراوەتەوە و بەپێی دەستوریش بابەتی فراوانبونی دانیشتووان و گۆڕین و زیادكردنی گەڕەك و گواستنەوەی ناسنامە قەدەغەكراوەكە تا ماددەكە جێبەجێ دەبێت، بۆیە ئەوەش بۆتە رێگر لەبەردەم تاپۆكردنی خانووەكان".
یەكێك لە گرفتەكانی بەردەم تاپۆنەكردنی ئەو خانووانە، ئەوەیە ناوچەكانی جێناكۆك هێشتا خاوەندارێتیان یەكلایینەكراوەتەوە
بەڵام وتی "لەگەڵ شارەوانی خانەقین و دیالە بەردەوامین بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەك تا خانووەكان تاپۆبكرێن، بەڵام گرفتێكی تر ئەوەیە گرژیی و ئاڵۆزییەكانی ئەمدواییەی عیراق بۆتەهۆی پەكخستنی كاری حكومەت و پەرلەمانیش بە ئركی خۆی نەتوانێت هەڵبستێت".