شێخ زیا نوری عاسی: هۆزی عوبێد سەرۆكی نوێی هەڵنەبژاردووە

كەركوك/2019/ خۆپیشاندانی ژمارەیەك لە هۆز و عەشیرەتە عەرەبییەكان دژی دەنگۆی رێككەوتنی نێوان یەكێتیی و پارتی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار لە عەرەب فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كەركوك ناو

شێخ زیا نوری عاسی، كەسایەتیی دیاری هۆزی عوبێد لە پارێزگای كەركوك، رەتیدەكاتەوە سەرۆكی نوێ بۆ هۆزی عوبێد دیاریكرابێت و دەڵێت "ئەوانەی ئەو چەند كەسە كردویانە هیچ بنەمایەكی نییە و نوێنەرایەتی هۆزەكە ناكەن"، لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی "دوای تەواوبونی پرسەی ئەنوەر عاسی، بە فەرمی و لە رێوڕەسمێكدا سەرۆكی هۆزی عوبێد هەڵدەبژێردرێت و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رادەگەیەنرێت.

شێخ زیا، كە دەكاتە برازای ئەنوەر عاسی، سەرۆكی پێشوی هۆزی عوبێد، ئەمڕۆ هەینی 23ی ئەیلول، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "ئەوەى ئەو چەند کەسە لە وەرەقەیەکی ساختەدا کە کەس نازانێت بنەمای چییە و چۆنە لای ئێمە وەک عوبێیدییەکان رەتکراوەیە... ئەوان تەنیا نوێنەرایەتی خۆیان دەكەن، نەك عوبێدی، عوبێدییەكان بەمە رازی نین".

ئەو لێدوانە دوای ئەوە هات كە هەر ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەنراوێكدا كە واژۆی سێ كەسایەتی دیاری هۆزی عوبێدی لە كەركوك لەسەرە، تیایدا ئاماژە بە دانانی شێخ قەیس مەزهەر عاسی كراوە، وەکو "سەرۆكی هۆزی عوبێد"، لە عیراق و وڵاتانی عەرەبی.

ئەو سێ كەسایەتییە هەرسێكیان بران، پێكهاتون لە (بورهان مەزهەر عاسی، غەسان و قەیس)، هاوكات برازای ئەنوەری عاسی، سەرۆكی پێشوی هۆزەكەن. لەگەڵ واژۆكردنی راگەیەنراوەكەدا بەناوی "میرنشینی هۆزی عوبێد" و بە مۆری قەیس مەزهەر عاسی راگەیەنراوەكەیان بڵاوكردۆتەوە، گوایە ئیتر قەیس سەرۆكی هۆزی عوبێدە.

qays
شێخ قەیس مەزهەر عاسی

بەڵام شێخ زیا نوری عاسی، كە ئەویش برازای شێخ ئەنوەر عاسیی كۆچكردووە و دەكاتە ئامۆزای ئەو سێ كەسایەتییەیە، دەڵێت "ئەوەی ئەوان کردویانە پێی دەوترێت شێخی فەیسبوکی، ئەگەرنا دەستنیشانکردنی سەرۆكێكی نوێ بەو جۆرە دورە لەیاسا و عورفی هۆزی عوبێد و تەنها بنەماڵەیەکن بۆ خۆیان و بەم کارە هەستاون و كەس پشتیوانیان ناكات". پێشیوایە ئەو كارە مەبەستی سیاسی لە پشتەوەیە.

سەرۆكی پێشوی هۆزی عوبێد (شێخ ئەنوەر عاسی)، لە 13ـی ئەیلولى 2022  لە شاری كەركوك كۆچی دواییكرد.

سەبارەت بە رێکارەکانی هەڵبژاردنی سەرۆك بۆ هۆزی عوبێد، شێخ نوری وتی "ئەو کارە بە هەرەوەزی دەکرێت و پیاو ماقوڵانی عوبێد و هەموو عوبێد تیایدا بڕیاردەدەن".

بەڵام لە راگەیەنراوەكەی، ئەو سێ كەسایەتییەی هۆزی عوبێد، كە تیایدا قەیس مەزهەر عاسی "وەكو سەرۆك هۆز دیاریكراوە" هیچ ئاماژەیەكیان بە چۆنیەتیی و رێكارەكانی دەستنیشانكردنی ناوبراو نەداوە و تەنیا هاتووە "بەهیچ شێوەیەك لەم بڕیارە پاشگەزنابینەوە".

hoz-6
دەقی راگەیەنراوی دانانی شێخ قەیس مەزهەر عاسی، وەكو "سەرۆكی هۆزی عوبێد"

(كەركوك ناو) چەندجارێك هەوڵی رای ئەو سێ كەسایەتییەكە كە لە راگەیەنراوەكەدا "سەرۆكی نوێیان هەڵبژاردووە" وەربگرێت،  بەڵام هەوڵەكان بێئەنجام بون و وەڵامیان نەدایەوە.

چ كەسایەتییەك دەكرێتە سەرۆكی هۆزی عوبێد؟

شێخ زیا نوری عاسی، لەڕێی (كەركوك ناو)ەوە باس لە جۆری كەسایەتی ئەو كەسە دەكات، كە بە سەرۆكی هۆزی عوبێد هەڵدەبژێردرێت و دەڵێت "دەبێت پاشخانێکی خێر و خزمەتی زۆری بۆ هەموو هۆز لە باکور تا باشور و دەوروبەریدا هەبوبێت، خاوەن حیکمەت و مەعریفەتێکی زۆربێت، خاوەن بڕیاربێت و هەموان پێکەوە بڕیاری لەسەر دەدەن و دەستنیشانی دەکەن، نەک بەم جۆرە هەڕەمەکەییەی چەند کەسێک پێی هەستاون".

وتیشی "ئاراستەکان و رای عوبێدییەکان بەلای شێخ وەسفیدا دەچن، کە وەک سەرۆكی نوێ دابنرێت، کاتی خۆیشی شێخ ئەنوەر کردبوییە نزیکی خۆی، چونکە کەساییەتییەکی بەهێزی هەیە، بەڵام شێخ وەسفی رەتیكردۆتەوە لەئێستادا ئەو بابەتە تاوتوێبکرێت، ئەوەش بەهۆکاری رێزلێنان لە ڕۆحی کۆچکردوو و هەروەها بەهۆی تەواونەبونی پرسەی ماتەمینی سەرۆكی كۆچكردوو".

شێخ وەسفی عاسی، لە ئێستادا پەرلەمانتارە و نوێنەرایەتی پارێزگای كەركوك دەكات. دەكاتە مامی شێخ زیا نوری عاسی.

لە كۆتاییدا شێخ زیا نوری، وتی "دوای تەواوبونی پرسەی ماتەمینی، بەدڵنیاییەوە هەمووان کۆدەبینەوە بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆكێكی نوێ... بەفەرمی و  رێوڕەسمی بۆ دەکرێت و کۆنگرەی رۆژنامەوانی بۆ دەبەسترێت، بەشێوەی ئاشکراو شکۆدار رای گشتی لێی ئاگاداردەكرێتەوە".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT