راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، رەزامەندی نیشاندا لەسەر دەستبەكاربونی تەواوی ئەو 398 دامەزرێنراوەی فەرمانگەی تەندروستی كە بە بڕیاری ئیدارەی كەركوك دەستبەكاربوانیان راگیرابوو.
راكان سەعید، ئەمڕۆ یەكشەممە 2ی تشرینی یەكەم، لە نوسراوێكدا كە ئاراستەی فەرمانگەی تەندروستی كەركوكی كردووە، تیایدا رەزامەندی نیشاندەدات لەسەر دەستبەكاربونیان بەڵام بەچەند مەرجێك.
لە نوسراوەكەدا كە كۆپییەكی دەست (كەركوك ناو)، كەوتووە، تیایدا لە خاڵی یەكەمدا هاتووە پێویستە ئەو كەسەی دەستبەكاردەبێت، پێویستە یەكێك لەم بڕگەیەی تێدابێت، لەوانە هەڵگری هەر چوار بەڵگەنامەكەی كەركوك بێت (رەگەزنامە، پێناسی باری شارستانی، فۆڕمی خۆراك و كارتی زانیاری)، یان تاپۆی موڵكیان لە كەركوك هەبێت، بەناوی خۆیانەوە بێت یان باوك یاخود دایك.
هەروەها هاتووە "یان ئەو كەسە كەسوكاری شەهید و زیندانیانی سیاسی بن و پشتگری لایەنی پەیوەندیداریان هەبێت. یان پێویستە باوك یان دایكیان، فەرمانبەربن لەسەر میلاكی هەمیشەیی فەرمانگەیەكی كەركوك".
لە خاڵی دووەمی بڕیارەكەی راكان سەعید-دا ئاماژە بەوەكراوە كە ئەوانەی ئەو چوار خاڵەی سەرەوە نایانگرێتەوە، رەزامەندی دەستبەكاربونیان بۆ دەكرێت، دواتر و لە ماوەی 60 رۆژدا پێویستە بگوازرێنەوە بۆ پارێزگاكانى زێدی خۆیان.
وەزارەتی تەندروستی عیراق لە مانگی ئابدا، هەزار و 802 دەرچوی بەشە پزیشكییەكانی لەسەر فەرمانگەی تەندروستی كەركوك دامەزراند، بەڵام ئیدارەی پارێزگا ناوی 398 دامەزرێنراوی راگرت، بە پاساوی ئەوەی "لەدایكبوی كەركوك نین، یان بەڵگەنامەكانیان نایسەلمێنێت خەڵكی پارێزگای كەركوكن"، ئەوەش ناڕەزایی دامەزرێنراوەكانی لێكەوتەوە، بەڵام ئەمڕۆ پارێزگاری كەركوك بەوكالەت، رەزامەندی لەسەر دامەزراندنی هەمویان دەركرد، ئەوەش دوای خۆپیشاندانێكی دامەزرێنراوەكان هات لەبەردەم بینای دیوانی پارێزگا.
عیماد دەهام، سەرۆکی دەستەی راوێژکارانی پارێزگاری کەرکوك، لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "مامەڵەی پشکنین و بەدواداچونی ئەمنی بۆ ئەو دەرچووانە کراوە، دەرکەوتووە رەگەزنامەیان کەرکوک نییە، بۆیە مامەڵەکانیان دواكەوتووە، بەڵام ئەمڕۆ یەكشەممە لەسەر راسپاردەی ئیدارەی پارێزگای کەرکوک فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک ئاگاداركرایەوە كە رێكارەكانی دەستبەكاربونیان بۆ بكات و لە ئەمڕۆوە فەرمانی ئیدارییان بۆ دەركراوە".