ئیدارەی كەركوك چارەسەری نوێ بۆ بەرزی نرخی مۆلیدە ئەهلییەكان دەدۆزێتەوە، ئەوەش رێپیدانە بە هەر هاوڵاتییەك كە بیەوێت مۆلیدەی ئەهلی لە گەڕەكەكان دابنێت بەو مەرجەی نرخی هەر ئەمپێرێك بۆ هەر كاتژمێرێك كەمتر بێت لە 45 دینار و لە زیادكردنێكی ئاشكرادا رێپێدانی بۆ بكرێت.
ئەو بڕیارە دوای ناڕەزایی و خۆپیشاندانی بەشێك لە هاوڵاتیانی كەركوك هات لەبەردەم قایمقامیەتی كەركوك دژی بەرزی نرخی ئەمپێری كارەبا، كە بۆ هەر ئەمپێرێك لە مانگەكەدا لە نێوان 15 هەزار دینار بۆ 17 هەزار دینار دانراوە.
عیماد دەهام، سەرۆکی دەستەی راوێژکارانی پارێزگاری کەرکوک، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا یەكشەممە 2ی تشرینی یەكەم، وتی "سێشەممەی داهاتوو كۆبونەوەیەكی فراوان سەبارەت بە بەرزی نرخی ئەمپێری مۆلیدە ئەهلییەكان دەكەین و چارەسەر و میكانیزمی نوێ دەدۆزینەوە بۆ ئەو گرفتە".
لەبارەی میكانیزمەكەوە، عیماد وتی "پارێزگا، شارەوانی كەركوك رادەسپێرێت لە زیادكردنێكی ئاشكرادا رایبگەیەنێت كە هەركەسێك لە توانایدایە مۆلیدە دابنێت، ئەوا دەتوانێت بەو مەرجەی نرخی هەر ئەمپێرێک بە کەمتر لە 45 دینار بۆ هەر كاتژمێرێك هەژماربكات".
وتیشی "پاش دروستكردنی هەلی كێبڕكێ، ئەوكات ئیدارەی كەركوك هاوكاریی ئەو كەسە دەكات لە دابینكردن و بەكرێگرتنی شوێن بۆ دانانی مۆلیدە ئەهلییەكان".
عیماد دەهام، لەكاتی راگەیاندنی چارەسەرە نوێیەكەدا.
لە ئێستادا پارێزگای كەركوك، رۆژانە پێویستی بە زیاتر له هەزار مێگاوات كارەبا هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت كارەبای پێویست بە هاوڵاتیان بدات و بۆ پڕكردنهوهی ئهو بۆشاییهش پشت به 733 مۆلیدهی ئههلی دهبهستێت.
لەبارەی هۆكاری بەرزی نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكانەوە، عیماد دەهام وتی "هۆكار ئەوەیە كارەبای نیشتیمانی وەكو پێویست نییە و ناچارین پشت بە مۆلیدەی ئەهلی ببەستین، ئەوەش بۆتەهۆی بەرزی نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان، جگەلەوەش بەشە گازی پێویست بۆ مۆلیدە ئەهلییەكان لە وەزارەتەوە ناگاتە كەركوك".
بەڵام ئاماژەی بەوەدا كە لە ئێستادا (بۆ مانگی تشرینی یەكەم)، كارەبای نیشتیمانیی لە ماوەی 24 كاتژمێردا بۆ 19 كاتژمێر بەرزبۆتەوە و وتی "بۆ مانگی داهاتوو بەدڵنیاییەوە نرخی ئەمپێری مۆلیدە زۆر کەمتر دەبێتەوە".