رونكردنەوەیەك بۆ رای گشتی لە دادوەر سالار رەوف مەحمودەوە

بینای دادگای سلێمانی

یەک دوو رۆژێکە لە سایتەکان هەواڵی ئەوە بڵاودەکرێتەوە گوایە من دەستملەکارکێشاوەتەوە لە سەرۆکی دادگای تاوانەکانی سلێمانی یەکەم، یان لابراوم لەسەر کەیسێک کەمن سەرۆکایەتی دادگاییکردنەکەم کردووە، ئەو بابەتە وا وێنا دەکرێت کە ئەوە دورخستنەوەی من بێت لەپای ئەو بڕیارەی لەو کەیسەدا دەرچووە.

لێرەوە رایدەگەیەنم سەرلەبەری ئەو هەواڵانە راست نین و دورن لەڕاستییەوە، راستی بابەتەکە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

من پۆستەکەم جێگری سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانییە، ماوەی دووساڵ دەبێت لەیەککاتدا بەهۆکاری نەبوونی دادوەر بەپلەوسنفی من سەرۆکایەتی دادگا ناچاربووە چەند ئەرکێک بەمن بسپێردرێت لەوانە ئەندامی دەستەی پێداچوونەوەی داوا شارستانیەکانی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی، بەهەمان شێوە ئەندامی یەدەک لە دادگای تێهەڵچونەوە بەسیفەتی رەسەن، هەروەها سەرۆکی دادگای تاوانەکانی سلێمانی یەکەم کە ئەوەش بارگرانی بۆ من دروستکردبوو.

ماوەی ساڵ زیاترە من داوای چارەسەر دەکەم بۆ ئەو کێشەیە، بەڵام بەهۆکاری کۆنەبونەوەی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم چارەسەر دواکەوت بۆ هەفتەیەک لەمەوبەر کە سنفی چەند دادوەرێکی بەڕێز بەرزکرانەوە بەجۆرێک کە بتوانرێت ئەرکی منیش سوکبکرێت، من سەرپشک بوم لە هەڵبژاردن لەو سێ پۆستەی لەسەرەوە ئاماژەم پێداون. من ئەو پۆستەی هەڵبژاردووە کە شایستەی پێگەی منە کە ئەندامی دەستەی پێداچونەوەی داوا شارستانییەکانە لە سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی. واتە ئەگەر پۆستی سەرۆکی دادگای تاوانەکانم هەڵبژاردایە ئەم لێکدانەوە هەر نەدەبوو.

سەبارەت بەو کەیسەش کە لە راگەیاندنەکان لێکدانەوەی بۆ کراوە وە لەلایەن خەڵکانی نەشارەزاوە قسەی لەسەرکراوە گوایە من بڕیاری ئازادکردنی تۆمەتبارەکەم دەرکردووە، ئەوە بەو شێوەیە نییە، چونکە ئەو بڕیارە لە دادگاوە دەرچووە کە لە دەستە پێکهاتووە، دەستەكە سێ دادوەرن (سەرۆك، لەگەڵ دوو ئەندام), بڕیاری ئیفراجکردنی تۆمەتبارەکە بەکۆی دەنگ دەرچووە و بەڵگەکانی ناو دۆسیيەکەش تۆمەتبار نکوڵی دەکات. دایکی کچەکان سکاڵای نیيە, دەڵێت گومانم نیيە.

بەڕێز داواکاريی گشتی کە ژنە داوای ئیفراجکرنی دەکات بەوەش هیچ بەڵگەیەک لە کەیسەکەدا نەبووە, تۆمەتباری راستەقینە هەڵهاتووە و تائێستا دەستگیرنەکراوە.

من لەگەڵ ئەوەی بڕوای تەواوم بە مافەکانی ژنان هەیە و هەردەم بەرگریم لێکردون، بەڵام من وەکو دادوەر مامەڵەم لەگەڵ کەیسەکەدا کردووە و دەبێت ئەوەش بزانرێت کە ئەوە  ئەلف و بێی یاسایە، بەبێ بەڵگە هیچ کەسێک ناتوانرێت ئیدانەبکرێت و سزابدرێت و بڕیار لەسەر سۆز عاتیفە بنیات نانرێت، بەڵکو بەڵگەی متمانەبەخش لە تاوانێک کە سزای کەسی تۆمەتبار دەگاتە لەسێدارەدان و هەموو تۆمەتبار و گومانلێکراوەکان بێتاوانە تا ئەوکاتەی بەڵگەی تەوای لەسەر کۆدەکرێتەوە و ئیدانە دەکرێت.

ئاماژە بەوەی سەرەوە ئەگەر من سزادراوبم وەکو سایتەکان دەڵێن یان ئیحادەدەن و بازاڕی خۆیانی پێگەرم دەکەن و گۆڕانکارییەکە دەبەستنەوە بەو کەیسە و بە وتارەکەی بەڕێز جێگری سەرۆکی حکومەت، ئەوا دەبوایە هەردوو دادوەرە بەڕێزەکەی تری ئەندامی دادگاکە کە واژۆیان لەسەر ئیفراجکردنی تۆمەتباری کەیسەکە کردووە ئەوانیش بگواسترانایەتەوە و سزابدرانایە کە یەکێکیان بە جێگر ناوی هێنراوە.

هەروەها بەڕێز داواکاری گشتیش کە داوای ئیفراجکردنی کردووە، دەبوایە ئەویش سزابدرایە وێڕای ئەوانەش هەمووی ئەگەر بابەتەکە بەو شێوەیە بوایە وەکو بڵاوکراوەتەوە، ئەوا من خۆم هەڵوێستم دەبوو و بێدەنگ  نەدەبووم.

 بۆیە دوپاتیدەکەمەوە سەرلەبەری ئەو دەنگۆیانە راست نین و بێجگە لە لێکدانەوەیەکی فالگرتنەوانە هیچی تر نییە.

لەگەڵ رێزمدا.

 

 دادوەر

سالار رۆوف محمود

  4/10/2022

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT