ئەو دوو كەسەی هێرشیانكردە سەر بەڕێوەبەری خوێندنگەیەكی قەزای داقوق، تائێستا دەستگیرنەكراون و بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، پێشتر خوێندكاری ئەو خوێندنگەیە بون و دەرنەچون. گومانەكانیش لەسەر ئەوان چڕبونەتەوە.
چوارشەممە 5ی تشرینی یەكەم، زێدان عەلی محەمەد، بەڕێوەبەری دواناوەندی شەهیدان لە قەزای داقوق لەكاتی گەڕانەوەیدا لە خوێندنگەكەیەوە بۆ ماڵەوە، لەلایەن دوو كەسەوە كە ماتۆڕسكیلێكیان پێبووە، هێرشدەكرێتە سەر و بریندار دەكرێت.
مامۆستا زێدان لە نەخۆشخانەی گشتی داقوق، دوای وەرگرتنی چارەسەر، بە (كەركوك ناو)ی وت "دوو رۆژ بوو لەگەڵ چەند مامۆستایەكی خوێندنگەكەمان، سەرقاڵی چاككردنەوەی بۆری و هەندێك پێداوسیتی تری خوێندنگەكە بوین و ئامادەمان دەكرد بۆ ساڵی نوێی خوێندن، كاتژمێر یەكی دواینوەڕۆ دوای ئەوەی مامۆستاكان رۆیشتن، منیش دەرگای خوێندنگەكەم داخست و بە پاسكیل بەرەو ماڵەوە بەڕێكەوتم، كەمێك لە خوێندنگەكە دوركەوتمەوە، دوو كەس لەدواوە لە پاسكیلەكەمیاندا و كەوتم بەزەویدا".
وتیشی "دواتر هەردوكیان بەدار بەربونە گیانم و ئازاریاندام".
هەردوكیان بەدار بەربونە گیانم و ئازاریاندام
بەپێی راپۆرتی پزیشكی مامۆستا زێدان سەری شكاوە و دەست و قاچیشی برینداربووە.
ئەو بە (كەركوك ناو)ی وت كە سكاڵای تۆماركردووە و دەیەوێت لەڕێی دادگاوە سزای ئەو كەسانە بدرێت كە هێرشیانكردۆتە سەری. هەرچەندە بۆ دەزگاكانی راگەیاندن هیچ كەسێكی تۆمەتبار نەكرد.
بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو) كە لەسەرچاوەیەكی پۆلیسی داقوقەوە وەریگرتووە، گوماندەكرێت دوو لە خوێندكارەكانی پێشوی ئەو خوێندنگەیە هێرشەكەیان ئەنجامدابێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ساڵی رابردوو دەرنەچون.
سەرچاوەكە جەختیكردەوە "ئەو دوو كەسە ماتۆڕسكیلێكیان پێبووە و لەدواوە لە مامۆستاكەیانداوە و دوای كەوتنی مامۆستاكە لەسەر زەوی، بەدار لێیانداوە".
بەپێی پۆلیسی داقوق هێشتا تۆمەتبارەكان دەستگیرنەكراون.
روداوەكە هاوكات بوو لەگەڵ رۆژی جیهانی مامۆستایان، هەروەها هاوكاتە لەگەڵ نزیكبونەوەی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی عیراق، كە بڕیارە هەفتەی داهاتوو دەستپێبكات.