پرسی دورخستنەوەی پێشمەرگە، ئاسایش و پۆلیسی هەرێم لە خانەقین راگیراوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئاشكرابووە راپۆرتێكی هەواڵگری زانیاریی "هەڵە"ی لەسەر ژمارەی چەكدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە خانەقین بۆ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی دیالە بەرزكردۆتەوە.
ئەو راپۆرتە، بەپێی سەرچاوەیەك لە سەنتەری ھەماھەنگی ھاوبەشی دیالە كە تایبەت بۆ (كەركوك ناو)، قسەی كردووە، لەلایەن لایەنێكی ئەمنی هەواڵگری خانەقینەوە ئامادەكراوە و رادەستی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی دیالە كراوە، كە دۆسییەی ئەمنی تەواوی پارێزگاكەیان لە ئەستۆیە.
بەپێی راپۆرتەكە، "بارەگای ئاسایشی یەكێتی لە خانەقین 750 چەكداری لێیە، بارەگای پێشمەرگەش 300 چەكدار و ھێزەکانی پۆلیسی فریاکەوتنی خانەقینیش 250 چەكدار"، هەر لە راپۆرتەكەدا ئاماژەبەوەكراوە كە ژمارەی چەكدارەكان بەردەوام لە زیادبوندان.
لەكاتێكدا بەپێی رێككەوتنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی دیالە و لێپرسراوانی باڵای یەكێتی دەبێت ژمارەی چەكدار لەو بارەگایانە سنوردرابن و ئەركیان تەنیا پاراستنی بەنداوی ئەڵوەند و فەرمانگەكانی سەر بە حكومەتی هەرێم بێت.
سەرچاوەكەی (كەركوك ناو) لە سەنتەری ھەماھەنگی ھاوبەشی دیالە، وتی "ئەو راپۆرتە هۆكار بووە بۆ ئەوەی سوپای عیراق داوای چۆڵكردنی بارەگاكانی ئەو هێزانە بكات لە خانەقین... بەڵام لەڕاستیدا ئەم ژمارانە زۆر گەورە کراون و بەو شێوەیە نین، راپۆرتەكە زاناریی هەڵەی تیابووە".
هەر بۆیە یەكشەممە 9ی تشرینی یەكەم، جارێكی هێزێكی سوپای عیراق، بە سەرۆكایەتی لێپرسراوی هەواڵگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی دیالە سەردانی تەواوی بارەگانی پۆلیس، ئاسایش و پێشمەرگەیان کرد لە خانەقین، بە مەبەستی وردبینیكردن لە ژمارەی چەكدارەكان و چەكەكانیان، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەك لە پۆلیسی فریاكەوتن لە خانەقین.
سەرچاوەكە جەختیكردەوە "لیژنەكە بەشێوەیەکی مەیدانی سەردانی خاڵە سەربازیی و ئەمنییەکانی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد".
ئەو سەردانە دوای تێپەڕبونی تەنیا چوار رۆژ دێت بەسەر سەردانێكی تری هاوشێوەیان و داواكردن بۆ چۆڵكردنی بارەگاكانیان لە خانەقین و كشانەوەیان.
بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو) لەم سەردانەی یەكشەممە 9ی تشرینی یەكەمدا، داوایاننەكردووە بارەگاكان چۆڵبكەن.
ژمارەیەك چالاكوانی كوردی خانەقین، هەر یەكشەممە سەردانی قایمقامیەتی خانەقینیان كرد و لە راگەیەنراوێكدا جەختیانكردەوە "پێویستە رێگەبگیرێت لە فیتنەی دهرکردنی هێزی ئاسایش و فریاکهوتنی سهر به ههرێم له خانهقین". بڕیاریشە سێشەممە 11ی تشرینی یەكەم بۆ هەمان مەبەست كۆببنەوە.
لەئێستادا داواكاری سوپای عیراق بۆ دەركردنی ئەو هێزانە راگیراوە و بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا لە كۆبونەوەی لێپرسراوانی باڵای دیالە و سلێمانی بڕیاری كۆتایی بدرێت، ئەوەش بەپێی سەرچاوە ئەمنییەكانی (كەركوك ناو) لە خانەقین.