دوو رۆژنامەنوسەكەی دەزگای میدیایی بوار لە ئاسایشی سلێمانین و دوو كەیسیان لەسەرە

سلێمانی/ 10ی تشرینی یەكەمی 2022/ نوێنەرانی پەرلەمانی كرودستان، سەندیكای رۆژنامەنوسان و سەنتەری میترۆ لەگەڵ هەردوو رۆژنامەنوسی دەستگیركراو (سەرتیپ وەیسی و ئیبراهیم عەلی) لەناو ئاسایشی سلێمانی.

هەردوو رۆژنامەنوسەكەی دەزگای میدیایی بوار لە ئاسایشی سلێمانی دەستگیركراون و دوو كەیسی یاساییان لەسەرە، كە یەكێكیان لەلایەن هێزەكانی دژە تیرۆر (یەكێتی) و ئەوەی تر لەلایەن وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمەوە لەسەر تۆماركراوە.

شەوی رابردوو 9ی تشرینی یەكەم، لەكاتی گەڕانەوەیان لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر، هەریەكە لە سەرتیپ وەیسی، سەرنوسەری دەزگای میدیایی بوار و ئیبراهیم عەلی، بەڕێوەبەری نوسینی دەزگاكە لە نزیك قەزای كۆیە دەستگیركراون و رەوانەی ئاسایشی سلێمانی كران، تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە دەزگای میدیایی بوار بڵاویكردەوە كە بێسەروشوێنن.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەریەكە لە لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستان و سەندیكای رۆژنامەنوسان و سەنتەری میترۆ، سەردانی ئاسایشی سلێمانیان كرد و چاویان بەهەردوو رۆژنامەنوسەكە كەوت.

كاروان ئەنوەر، سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی "ئەو دوو رۆژنامەنوسە لەكاتی گەڕانەوەیاندا و لە نزیك كۆیە دەستگیركراون، ئەوان دوو كەیسی رۆژنامەنوسییان لەسەرە كە تایبەتە بە بڵاوكردنەوەی بابەتی رۆژنامەوانی".

وتی "ئێمە هەردوو رۆژنامەنوسەكەمان بینی، دەركەوت فەرمانی دەستگیركردنیان هەبووە، بەڵام بڕیارەكە نەگەیشتووە بە ئەوان".

داواشیكرد، لە چوارچێوەی یاسای رۆژنامەگەری هەرێمی كوردستان مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، نەك یاسای تر.

bwar
سەرتیپ وەیسی، سەرنوسەری دەزگای میدیایی بوار، لەگەڵ ئیبراهیم عەلی بەڕێوەبەری نوسین. فۆتۆ: بوارنیوز

ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی یاسای رۆژنامەگەری رۆژنامەنوسان نابێت دەستگیربكرێن.

بەدرییە ئیسماعیل، بڕیاردەری لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكی لە مافەكانی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان، كە یەكێك بوو لەوكەسانەی هەردوو رۆژنامەنوسەكەی لە ئاسایشی سلێمانی بینی، لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وتی "هەندێك دەنگۆ بڵاوبۆتەوە گوایا باری تەندروستییان ناجێگیرە، یان بریندارن و ئۆتۆمبێلەكەیان وەرگەڕاوە، بەڵام لەڕاستیدا هیچ شوێنەوارێكی برین و گولـلە بە جەستەیانەوە نییە، ئۆتۆمبێلەكەیان وەرنەگەڕاوە، وەكو پەرلەمان چاودێری كەیسەكەیان دەكەین، بۆ ئەوەی تەنیا لە چوارچێوەی ئەو یاسایەدا دادگایی بكرێن".

ئاماژەی بەوەشدا كە دوو داوای یاساییان لەسەر تۆماركراوە، یەكێكیان لەلایەن دژە تیرۆر و ئەوەی تر لەلایەن وەزیری داراییەوە، بەڵام جەختیانكردەوە كە ناوەڕۆكی داواكە نازانن.

دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ، كە ئەویش یەكێك بوو لەو وەفدەی سەردانی دوو رۆژنامەنوسەكەیان كرد لە ئاسایشی سلێمانی، وتی "رۆژنامەنوسەكان دەڵێن هیچ بڕیارێكی دادگامان پێنەگەیشتووە، لەكاتی گەڕانەوەماندا لەلایەن هێزێكی دژە تیرۆرەوە دەستگیركراوین".

ئاماژەی بەوەشدا كە رۆژنامەنوسەكان وتویانە، هەشت كاتژمێر لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كراوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT