یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئامادەنەبوو دەرگای هۆڵی شەهید سیروان تاڵەبانی بەڕوی مامۆستایانی وەرزشی سەر بە خوێندنی كوردیدا لە كەركوك بكاتەوە، كە بڕیاربوو لەو هۆڵە كۆبونەوەی ساڵانەی مامۆستایانی وەرزش رێكبخەن.
ئەمڕۆ كاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی ژمارەیەك لە مامۆستایانی وەرزشی لە بەشی خوێندنی كوردی پەروەردەی كەركوك، چونەبەردەم هۆڵەكە، بەڵام سەرپەرشتیارانی هۆڵەكە ئامادەنەبون دەرگاكە بكەنەوە، بەو هۆیە كۆبونەوەكە نەكرا.
یەكێك لە مامۆستاكان كە لەبەردەم هۆڵەكەدا بوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "ساڵانە بەر لە دەستپێكردنی خوێندن كۆبونەوەی ساڵانەی وەرزش دەكرێت، بۆ دانانی پلان و شێوازی خوێندنی وانەی وەرزش بۆ ساڵی نوێ، مامۆستایانی ناو شار و دەرەوەی شاریش، لەوانە قەزای داقوق، دوبز و ناحییەكانی شوان و قەرەهەنجیر و گوندەكان هاتبون، پێشتریش داوای مۆڵەتمان لە لێپرسراوانی یەكێتی كردبوو، بەڵام دواتر درەنگانێكی شەوی رابردوو پەشیمانبونەوە كە بواری ئەوەمان نەبوو هەموو مامۆستایان ئاگاداربكەینەوە".
پێشتریش داوای مۆڵەتمان لە لێپرسراوانی یەكێتی كردبوو، بەڵام دواتر درەنگانێكی شەوی رابردوو پەشیمانبونەوە
وتیشی "نزیكەی 125 مامۆستا ئامادبون بۆ بەشداریكردن لەو كۆبونەوەیە، بەڵام بەبێ ئەنجامدانی كۆبونەوە گەڕاینەوە بۆ شوێنی خۆمان".
هۆڵی شەهید سیروان تاڵەبانی لەلایەن بەشی وەرزشی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتییەوە سەرپەرشتی دەكرێت و هەر ئەوانیش خاوەندارێتی دەكەن.
بەشی وەرزشی مەڵبەند راگەیەنراوێكی لەبارەی رێگەنەدان بە مامۆستایانی وەرزش بۆ ئەنجامدانی كۆبونەوەكەیان بڵاوكردەوە و لە بەشێكیدا هاتووە "یهكهی چالاكی وهرزشی خوێندنی كوردی لهمساڵدا بێگوێدانە هیچ رێكارێك ئەو هۆڵەی بۆ كۆبونەوەی ساڵانەی خۆیان دیاریكردووە، بێئهوهی لیژنهی وهرزش ئاگاداربكهنهوه كه دامهزراوهكە راستهوخۆ بهرپرسە له بهڕێوهبردنی هۆڵهكه".
هەروەها هاتووە "بۆیە بەهیچ شێوەیەك قابیلی قبوڵ نییە بێ پرسكردن هۆڵەكە بەكاربهێنرێت". ئەوەش لەكاتێكدایە مامۆستایانی وەرزش جەختیانكردەوە كە پێشتر رەزامەندی هۆڵەكەیان وەرگرتووە.
بەشی وەرزشی مەڵبەندی یەكێتی، لە كۆتایی راگەیەنراوەكەدا داوای لێبوردن لە مامۆستایانی وەرزش دەكات بۆ ئەو كارە.