گەڕانەوە بۆ ماڵەوە
نەتەوە یەكگرتووەكان هەزاران خانوی روخێنراوی كاتی داعش نۆژەندەكاتەوە  

نەینەوا/ سامیە ئیبراهیم (55 ساڵ) دڵخۆشە گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەكەی لە موسڵی كۆن دوای نۆژەنكردنەوەی فۆتۆ: UNDP

كەركوك ناو

"هەر هاوسەرەكەم لەدەستنەدا، بەڵكو بەشێكی گەورە لە مێژوی خێزانەكەشمان فەوتا"، سامیە ئیبراهیم (55 ساڵ) لە بارەی زیانەكانی سەردەمی شەڕی داعش لە موسڵ، وای وت.

ئەو هاوسەرەكەی یەكێكە لە قوربانیانی بارگرژییەكانی موسڵ، "لەكاتی هەڵاتنماندا بەپێ، بەهۆی بۆردومانی ئاسمانییەوە برینداربوو، دوای چەند رۆژێكیش گیانیلەدەستدا".

سامیە و خێزانەكەی لە موسڵی كۆن دەرچون، كاتێك شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارەكە دەستیپێكرد، بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێك، لەم خانوو بۆ ئەو خانووی كرێ دەیانگواستەوە، "تەمەنی خانوەكەمان دەوروبەری 100 ساڵ بوو، لە چوار پشتمەوە بۆمان ماوەتەوە، لە گەڕانەوەدا بینیمان بۆتە وێرانە"، ئێستا ئەو خانوە روخاوەكەی نۆژەنكراوەتەوە و گەڕانەوە بۆ گەڕەكی ئەحمەدییە لە موسڵی كۆن.

سامیە لە ماڵێكی قەرەباڵغدایە، لەگەڵ هەشت كچ و سێ كوڕەكەی، هاوسەر و منداڵەكانیاندا، لە خانویەكی دوو نهۆمی حەوت ژوریدا دەژین.

musl ta3mir
موسڵ/ تیمی ئەندازیاری بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لەكاتی كاركردندا فۆتۆ: UNDP

بەپێی راپۆرتێكی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عیراق (UNDP)، نۆژەنكردنەوەی خانوەكەی ئەو ژنە، لە چوارچێوەی پرۆسەی نۆژەنكردنەوە و بنیاتنانەوەی 12 هەزار خانوی زیانلێكەوتوی موسڵی كۆنە لە بەری راستی شاری موسڵ.

"عیراقییەكان كەسانی خۆڕاگرن، توانیمان بگەڕێینەوە بۆ زێدی خۆمان و دوبارە ژیانمان بونیادبنێینەوە، دەتوانی لە دەوروبەرتەوە ببینی كە ژیان وردەوردە ئاسایی دەبێتەوە، كاتێكیش نەوەكانم دەبینم بە خانوەكەدا رادەكەن، هیوای ئەوەم پێدەبەخشن كە داهاتوو باشتر دەبێت" سامیە وادەڵێت.

رێكخراوی (UNDP) نەك هەر لە موسڵ، لە ناوچەكانی دیكەی كۆنتڕۆڵكراوی ژێر دەستی داعش پرۆژەی هەیە و لە هەموو عیراقدا تائێستا 35 هەزار و 20 خانوی نۆژەنكردۆتەوە، كە بەهۆیەوە ژیانی هەزاران كەس ئاسایی بۆتەوە، لە نێویاندا هاوڵاتیانی چەند ناوچەیەكی پارێزگای دیالە.

وەلید یەعقوب (44 ساڵ)، خێزاندارە و لە میقدادیەی دیالە دەژی، دەڵێت بۆ چەند ساڵێك، ئەو و خێزانەكەی نەهامەتی زۆریان بینی، لە داعش هەڵاتن و رویانكردە ناحیەی كوڵەجۆ و دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەكە، گەڕانەوە "تەنیا وێرانەمان بینی، داعش خانوی باوباپیرانمی كردبوو بە دارو پەردوو، زۆر دڵتەنگ بوین".

بە ناچاری دەچێتە خانوی كرێ، تا رێگەیەك بۆ نۆژەنكردنەوەی خانوەكەی دەدۆزێتەوە، چونكە بەهۆی شەڕی پاشەكەوتەكانیشی هەموی خەرجكردبوو، تەنانەت نەیدەتوانی دەرفەتێكی كاركردنیش بدۆزێتەوە، لەكاتێكدا دەرچوی زانكۆی موسڵە، بۆیە قەرزی بۆ بژێوی خێزانەكەی كرد.

waleed
ديالە/ وەلید یەعقوب پێدەكەنێت و دڵخۆشە بە نۆژەنكردنەوەی خانوەكەی فۆتۆ: UNDP

لە چوارچێوەی هاوكارییەكانی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان، وەلید خانوەكەی نۆژەنكراوەتەوە و ئێستا دڵخۆشە بە ئارامی لە ماڵەكەی خۆیدایە، "گەڕانەوە بۆ ماڵەوە جیاوازییەكی گەورە بۆ من و خێزانەكەم دروستدەكات، ئومێدەوارم دەرفەتێكی كاركردن بەدەستبهێنم، تا قەرزەكانم بدەمەوە و بگەڕێینەوە بۆ ئەو ژیانەی پێشتر هەمانبوو" وەلید وادەڵێت.

لە كۆی زیاتر لە شەش ملیۆن ئاوارەكانی سەردەمی شەڕی داعش (2014-2017) هێشتا زیاتر لە ملیۆن كەس ئاوارەن و بەهۆی چەندین تەحەدی ناتوانن بۆ زێدی خۆیان بگەڕێنەوە.

عامر حەمودی (45 ساڵ)، لە نزیكی ماڵی وەلید دەژی، لەگەڵ خێزانی برا گەورەكەیدا لە ماڵێكدایە، دوای ئاوارەیی بۆ قەرەتەپە و دواتر گەڕانەوە، خانوەكەی بە وێرانەیی دەبینێتەوە، "وێرانكاری ناوچەكەمان بۆ چەندین ساڵ گەراندەوە دواوە، دەستمان بە ئاوی پاك و كارەبا نەدەگەیشت، خزمەتگوزاری تەندروستی نەبوو، سەرباری ئەوەش داعش كێڵگەكانی سوتاند و مەڕو ماڵاتەكانمانی لەناوبرد، كە كاریگەری لەسەر سەرچاوەكی سەرەكی بژێویمان دانا".

ئێستا عامر چیرۆكێكی جیاوازی هەیە، لە باخچەیەكی سەوزی حەوشەی خانوەكەیدا قسە دەكات، دوای نۆژەنكردنەوە، "پارە كۆدەكەمەوە تا بتوانن هەموو ناوماڵەكەم بگۆڕم، نەمدەتوانی بە پارەی خۆم خانوەكەم نۆژەنبكەمەوە، ئەگەر وابوایە تا چەندین ساڵی دیكە نەدەگەڕاینەوە"، عامر هەوڵەكانیشی چڕكردۆتەوە بۆ ئەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكانی ببوژێنێتەوە.

salima diyala
دیالە/ سەلیمە عەوز لە دەرەوەی خانوەكەی دوكانێكی بەرگدوری داناوە فۆتۆ: UNDP

لە كۆڵانەكانی تەنیشتی خانوەكەی عامر، ماڵی سەلیمە عەواد ( 50 ساڵ) هەیە، ئەو ژنە سەرباری وێرانەیی خانوەكەی بەڵام گەڕایەوە و لەگەڵ خوشكێكیدا دەژی، كە هاوسەرەكەی لەدەستداوە، خۆیشی كوڕێك و دوو كچی هەیە، هەر ئەویش بژێوی خێزانەكە دابیندەكات.

"لە ئاوارەیدا پیشەی بەرگدروییم دەستپێكرد، حەزمدەكرد بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە و دەست بەو كارە بكەم، دەمزانی ئەو تاكە رێگایە بۆ قەرەبوی زیانەكان و دابینكردنی پارەی پێویستە بۆ نۆژەنكردنەوەی خانوەكەمان" سەلیمە وای وت.

سەلیمە لەگەڵ سەرقاڵی بە پیشەكەیەوە، خانوەكەیشی نۆژەنكردەوە، "شانازی دەكەم بەوەی پێیگەیشتوین و كچەكانیشم فێردەبین لەسەرپێی خۆیان بوەستن كاتێك دەبینم من بە هەموو هەوڵێكەوە كاردەكەم".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT