منداڵێكی تر لە روداوی تەقینەوەكەی گوندی عادلییە لە ناحیەی یایچی كەركوك گیانیلەدەستدا، بەوەش ژمارەی قوربانییەكان بۆ سێ منداڵ بەرزبۆوە.
ئێوارەی دوێنێ دووشەممە 17ی تشرینی یەكەم، تەقەمەنییەك لە گوندی عادلییە لە سنوری ناحیەی یایچی تەقییەوە و بەهۆیەوە دوو منداڵ هەر لەوێ برینداربون و دووانی تر گیانیانلەدەستدا.
كەمێك لەمەوبەر پەیامنێری (كەركوك ناو) لە گوندی عادلییە رایگەیاند "یەكێكی تر لە منداڵەكانی گیانیلەدەستدا و بەخاكسپێردرا، بەوەش ژمارەی ئەو منداڵانەی بەهۆی تەقینەوەی ئەو تەقەمەنییەوە گیانیانلەدەستدا بووە سێ منداڵ و یەك بریندار". وتیشی "ئەو منداڵە لە نەخۆشخانە و لەكاتی وەرگرتنی چارەسەردا گیانیلەدەستداوە".
تەقینەوەكە لەكاتێكدا بوو، كە منداڵەكان لەسەر زبڵدانێكی گوندەكە سەرقاڵی یاریكردن بون و لەوكاتەدا رویداوە.
هێزە ئەمنییەكان و رێكخراوەكانی تایبەت بە هەڵگرتنەوەی مین، ئەمڕۆ سێشەممە 18ی تشرینی یەكەم، گەیشتنە گوندەكە و سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن.
بەپێی وتەی پەیامنێری (كەركوك ناو) هێزە ئەمنییەكان لە خەڵكی گوندەكەیان پرسیوە ئایا هیچ كێشەیەكتان لەگەڵ كەسدا نەبووە، چونكە گوماندەكەن ئەو تەقەمەنییە پاشماوەی جەنگی نەبێت.
ئەندامێكی هێزە ئەمنییەكان وتویەتی "چونكە پاشماوەی تەقەمەنییەكە لە كۆن ناچێت، لەوە ناچێت پاشماوەی جەنگ بێت، پێدەچێت كەسێك داینابێت، چونكە ژەنگی نەكردووە و پێكهاتەكەیشی لەوە دەچێت دروستكراوبێت"، بەڵام ئەوانە هێشتا پشتڕاستەنەكراونەتەوە و لەژێر لێكۆڵنیەوەدان.
ئەوە لەكاتێكدایە بەپێی وتەی خەڵكی گوندەكە كە قسەیان بۆ (كەركوك ناو) كردووە، ئەوە سێیەم حاڵەتی تەقینەوەی تەقەمەنییە لەهەمان زبڵداندا لە 10 ساڵی رابردودا.
جاری یەكەم لە ساڵی 2011، جاری دووەم لە ساڵی 2016 و دواینجاریش لە ساڵی 2022 بووە.