دوجار بۆتە پاڵەوانی عیراق لە زۆرانبازیدا
زوهێر محەمەد ئەو ئەفسەرەی كۆماندۆ كە لە تەقینەوەیەكدا گیانیسپارد كەركوكییە

دوو وێنەی زوهێر محەمەد، بە جلی وەرشیی و سەربازییەوە. وێنەكە لە پەیجی یانەی گازی باكور وەرگیراوە

كەركوك ناو

زوهیر محەمەد ئەفسەر بە پلەی مولازم، كە ئەمڕۆ لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێك بە كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی هێزەكانی كۆماندۆدا گیانیلەدەستدا، یاریزانی تیپی زۆرانبازیی یانەی گازی باكور بووە و دوجار بۆتە پاڵەوانی یانەكانی عیراق لە زۆرانبازیدا.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی تشرینی یەكەم، بۆمبێكی چێنراو بە كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی ئاكام عومەر، فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە هێزەكانیدا تەقییەوە، بەوهۆیەوە زوهێر محەمەد، ئەفسەر بە پلەی مولازم گیانیلدەستدا و هەشت كەسی دیكە برینداربون، لە نێویاندا فەرماندەی هێزەكە (ئاكام عومەر).

سنور ئازاد، راهێنەری تیپی زۆرانبازی یانەی گازی باکور بە (كەركوك ناو)ی وت "زوهێر محەمەد سێ ساڵە یاریزانی یانەی گازی باكورە بۆ یاری زۆرانبازی، لەو سێ ساڵەدا دوجار بۆتە پاڵەوانی یانەكانی عیراق".

زوهێر محەمەد سێ ساڵە یاریزانی یانەی گازی باكورە بۆ یاری زۆرانبازی، لەو سێ ساڵەدا دوجار بۆتە پاڵەوانی یانەكانی عیراق

زوهێر خەڵكی پارێزگای كەركوكە و بەرلەوەی پەیوەندی بە یانەی گازی باكورەوە بكات، یاریزانی یانەی سۆلاڤ بووە لەهەمان یاریدا.

هێزەكانی كۆماندۆ، ئەمڕۆ چوارشەممە لە راگەیەنراوێكدا بڵاویانكردەوە كە "لەکاتی راپەڕاندنی ئەرکی رەسمیدا بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش و سەرپەرشتیکردنی ئۆپەراسیۆنێک لە سنوری تاوێر کەوە لەناوچەی پەڵکانە و زینانە لە گەرمیان بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆر و پاشماوەکانی داعش چەند بۆمبێکی چێنراو بە ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان تەقینەوە لە ئەنجامدا ئاکام عومەر فەرماندەی ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان بە سەختی برینداربووە و مولازم زوھێر محەمەد شەھید دەبێت و حەوت پێشمەرگەی تری ھێزی کۆماندۆی کوردستان برینداردەبن".

یانەی گازی باكور، ئێوارەی ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێكدا لەبارەی روداوەكەوە، جەختیكدرەوە "یاریزانی تیپی زۆرانبازی یانه‌كه‌مان و پاڵه‌وانی سه‌ر ئاستی عیراق (نەقیب زوهێر) شه‌هید بووە".

ده‌سته‌ی كارگێڕی و وه‌رزشكارانی گازی باكور پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی خۆیان ئاراستەی بنەماڵەكەی كردووە.

سنور ئازاد، راهێنەری زۆرانبازی یانەكە، ئاماژەی بەوەدا كە بڕیارە سبەی پێنجشەممە 20ی تشرینی یەكەم، لە مەراسیمێكدا تەرمی زوهێر محەمەد لە بارەگای فەرماندەیی لە شاری سلێمانییەوە بۆ كەركوك بگوازرێتەوە و هەر لە كەركوك بەخاكبسپێردرێت.

هێزەكانی كۆماندۆ بەشێكن لە یەكەی 70ی هێزەكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و تەنیا لە سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان چالاكن.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT