پزیشكی دادوەری بەغدا رێكاره‌كانی پشكنین و ناسینه‌وه‌ی روفاتی 16 ئێزیدی دیكەی تەواوكرد و رادەستی كەسوكارییان دەكاتەوە، ئەوەش دوای هەشت ساڵ لە كوژرانیان بەدەستی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش).
روفاتەكان لە لیستیكدا ناوەكانیان لەلایەن پزیشكی دادوەرییەوە ئاشكراكراوە كە كۆپییەكی لای (كەركوك ناو)ەو زۆرینەیان خەڵكی قەزای شنگالن لە باكوری خۆرئاوای موسڵ. بەڵام ئاماژە بەوە نەكراوە لە چ گوڕێك و لە چ ناوچەیەك دەرهێنراون.
لە 6ی شوباتی 2021یش روفاتی 104 ئێزیدی لە بەغداوە گەینرایەوە شنگال و لە مەراسیمێكدا بە ئامادەبونی كه‌سوكاری قوربانیانی ده‌ستی داعش، پیاوانی ئایینیی، لێپرسراوانی هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان بەخاكسپێردران.
یه‌كه‌م گۆڕی به كۆمه‌ڵی ئێزیدییه‌كان له قه‌زای شنگال، به بڕیاری حكومه‌تی عیراق له 15ی ئازاری 2019دا هه‌ڵدرایەوە، تائێستاش سەروو 10 گۆڕی بەكۆمەڵ هه‌ڵدراونه‌ته‌وه و زۆرینەیان روفاتەكان لە قۆناغی پشكنین و ناسینەوەدان.
بەپێی ئاماره‌كانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزیدیان له وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان، له سنوری قه‌زای شنگال، سەروو 80 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە، جگە لە دەیان گۆڕی یەك كەسی، كه مێژوه‌كانیان بۆ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی داعش له دوای ئابی 2014 ده‌گه‌ڕێته‌وه.
هه‌ر له‌و ئامارانه‌دا هاتووه له‌سه‌ر ده‌ستی داعش "هەزار‌و 293 ئێزیدی شەهیدبون"، جگه له‌وه‌ی هێشتا نزیكه‌ی سێ هه‌زار هاوڵاتی ئه‌و پێكهاته‌یه به‌تایبه‌ت ژنان، دوای رفاندنیان له‌لایه‌ن داعشه‌وه چاره‌نوسیان به‌نادیاری ماوه‌ته‌وه.
پێكهاتەی ئاینی ئێزیدی، هاوشانی كریستیانی، كاكەیی و توركمانەكان زۆرترین پێشێلكارییان بەرامبەر كرا لەلایەن داعشەوە و روبەڕوی كوشتنی بەكۆمەڵ بونەوە دوای دەستبەسەرداگرتنی شەنگال (بەدووری 120 لە خۆرئاوای موسڵ) لە 3ی ئابی 2014.