دادگای كەركوك سزای شەش ساڵی زیندانی بۆ هەریەك لە دوو بەڕێوەبەری پێشوی كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی كەركوك دەركرد، بەهۆی کەمتەرخەمى و جێبەجێنەکردنى ئەرکەکانى سەرشانیان لە نێویاندا چاودێرینەكردنی بڕی فرۆشتنی گاز لە بەنزینخانەكانی پارێزگاكەدا.
ئەو بڕیارەی دادگا دوای ئەوە هاتووە كە كۆمپانیای گشتی بەرهەمە نەوتییەكان سەر بە وەزارەتی نەوتی عیراق، بەدواداچونێكی بۆ بڕی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكانی كەركوك، لەنێویاندا گاز كردووە و دەركەوتووە 17 ملیار دینار دیارنییە.
سەرچاوەیەک كە لێپرسراوێتی هەیە لە كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی كەركوك و وەك خۆی وتی "مافی لێدوانی نییە"، بۆیە نەیویست ناوی ئاشكرابكرێت، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو 17 ملیار دینارەی دۆسییەكەی لەسەر دروستبووە، پارەی فرۆشتنی گازە، بڕی پارەكە نەگەڕاوەتەوە بۆ کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان و لای بەنزینخانەکان ماوەتەوە".
ئەو 17 ملیار دینارەی دۆسییەكەی لەسەر دروستبووە، پارەی فرۆشتنی گازە، بڕی پارەكە نەگەڕاوەتەوە بۆ کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان
وتیشی "سەرپێچییەكی تر لە فرۆشتنەكە ئەوەبووە كە گازەكە بە ئامێری تایبەت (عەداد) نەفرۆشراوە".
ئەو گازە لەلایەن ژمارەیەك بەنزینخانەوە فرۆشراوە، كە لە ئێستادا بەشێكی زۆریان بەهۆی ئەوەی مۆڵەتیان نەبوو داخراون.
لە دوو مانگی رابردودا خاوەنی ئەو بەنزینخانانە خۆپیشاندانیان كرد و داوایان كرد ئەو پارەیەیان لێوەرنەگرنەوە، بەڵام كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان، داواكەی رەتكردەوە و لە ئێستادا مانگانە پارەكانیان لێوەردەگرێتەوە.
سەرچاوەیەک لە دادگای كەركوك، كەیسەكەی بۆ (كەركوك ناو) پشتڕاستكردەوە و جەختیكردەوە "ئەو دوو بەڕێوەبەرەی پێشوی كۆمپانیاكە، هەریەكە و بە شەش ساڵ زیندانی سزادراون، هۆكارەكەیشی كەمتەرخەمی و جێبەجێنەكردنی ئەركی سەر شانیان بووە".