بەڕێوەبەری فەرمانگەی چاودێری كۆمەڵایەتی/ پیاوان لە كەركوك، دوای دەستگیركردنی بە بەرچاوی فەرمانبەرەكانیەوە، هەمان رۆژ پۆستەكەی بە بڕیاری وەزارەت پڕدەكرێتەوە.
تیمێكی سەر بە دەستەی نەزاهەی عیراق، نیوەڕۆی چوارشەممە 26ـی تشرینی یەكەمی 2022، لەناو فەرمانگەی چاودێری كۆمەڵایەتی/ پیاوان لە شاری كەركوك و لەكاتی دەوامی فەرمیدا، واسق جبوری، بەڕێوەبەری فەرمانگەكە دەستگیردەكەن.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (كەركوك ناو)ـی وت "بەڕێوەبەری فەرمانگەكە بە بەرچاوی فەرمانبەرەكانەوە كەلەپچە كرا دەستەكانی و دەستگیركرا".
هەمان رۆژ و بەر لە كۆتاییهاتنی دەوام؛ بە بڕیاری وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، "نوسراوێك ئاراستەی فەرمانگە كرا بۆ پڕكردنەوەی شوێنی واسق جبوری بە كەسێكی دیكە و دانانی جێگرێكیش بۆ بەڕێوەبەر"، بەوتەی ئەو سەرچاوەیە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە.
دوای دەستگیركردنی لەلایەن دەستەی نەزاهەوە، جبوری لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا كراوە و شەوی رابردوو، بە كەفالەت تا رۆژی دادگاییكردنی ئازادكراوە.
سەرچاوەیەكی دیكەی ئاگادار لەو دۆسیەیە بە (كەركوك ناو)ـی وت "واسق جبوری ئازادكراوە و هۆكاری دەستگیركردنەكەی تۆمەتی گەندەڵی بووە لە دۆسیەی بەكرێدانی كۆشكەكانی بەردەم فەرمانگەی چاودێری كۆمەڵایەتی".
(كەركوك ناو) زیاد لە جارێك هەوڵیدا پەیوەندی بە واسق جبوری-ـیەوە بكات بەڵام هەوڵەكان بێ ئاكام بون.