24 گوندی خانەقین چۆڵكراون و دەیان باخ لەناوچون

دیالە/ هاوینی 2019/ گوندی مەردان لە خانەقین دوای چۆڵكردنی فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

ئەمیر خانەقینی

لە چوار ساڵی رابردودا لانیكەم 24 گوندی كوردنشین لە قەزای خانەقین چۆڵبون و بەهۆیەوە دەیان باخ لەناوچون.

بەپێی خەڵكی ناوچەكە، هۆكاری سەرەكی چۆڵكردنی گوندەكان دۆخی ئەمنیی و نەبونی متمانە بووە لە پاراستنی ژیانیان لە چنگی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش).

رزگار هەمەوەندی، سەرۆک هۆزی هەمەوەند لە سنوری خانەقین، دەڵێت بەگشتی لە ساڵی 2018ەوە كۆچیی دانیشتووانی ئەو گوندانە دەستیپێكردووە، ئەوەش دوای زنجیرەیەك پەلاماری داعش بۆ سەر گوندنشینان و رفاندن و كوشتنی هاوڵاتیان.

رزگار هەمەوەندی وتی "چۆڵكردنی گوندەكان سەرەتا و لە كۆتایی 2018 بە چۆڵكردنی گوندی مەردان دەستیپێكرد و تا ئێستا ناوبەناو گوندەكانی تر چۆڵی دەكەن".

چۆڵكردنی ئەو گوندە دوای ئەوە هات كە لە زنجیرەیەك هێرشدا لە ماوەی ساڵی 2018، بۆ سەر گوندی مەردان پێنج كەسی گوندەكە كوژران، كە خزم و كەسوكاری نزیكی رزگاربون.

رزگار هەمەوەندی خۆی خەڵكی گوندی مەردانە و گوندەكەی بەجێهێشتووە، وتی "ئەو هێرشانە ناوبەناو بۆ سەر گوندەكان بەردەوامبون، ئەوەش وایكرد گوندنشیان لە ژیانی خۆیان بترسن و وردە وردە گوندەكانیان چۆڵبكەن".

ئەو هێرشانە ناوبەناو بۆ سەر گوندەكان بەردەوامبون، ئەوەش وایكرد گوندنشیان لە ژیانی خۆیان بترسن و وردە وردە گوندەكانیان چۆڵبكەن

بەپێی ئامارێكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم – سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان-، تا مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ 24 گوندی كوردنشین لە سنوری قەزای خانەقین لە پارێزگای دیالە چۆڵكراون.

رەوا سەمیر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ناوچە كوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە نوسینگەی خانەقین، بە (كەركوك ناو)ی وت "چەند گوندێكی تریش بەشێك لە خەڵكەكەی گوندەكەیان بەجێهێشتووە، لەكاتێكدا خاوەنی باخ و مەڕو ماڵات بون". زیاتر وتی "لە چوار ساڵی رابردودا نزیكەی پێنج هەزار خێزانی كورد زێدی خۆیان بەرەو خانەقین یان شارەكانی هەرێمی كوردستان بەجێهێشتووە".

xanaqin.mardan
دیالە/ هاوینی 2019/ گوندی مەردان لە خانەقین بە تەواوی چۆڵكرا كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی كوردن فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

بەپێی وتەی رەوا سەمیر، هۆكاری سەرەكی خراپبونی دۆخی ئەمنی گوندەكان بۆ روداوەكانی تشرینی یەكەمی 2017 دەگەڕێتەوە، لەو بەروارەدا هێزە عیراقییەكان بۆ تەواوی ناوچەكانی جێناكۆك لەوانەش خانەقین گەڕانەوە كە بەهۆی شەڕی داعشەوە ئەو ناوچانە زیاتر لە سێ ساڵ بوو لەژێر دەسەڵاتی هێزە ئەمنییەكانی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو.

لەئێستادا بەشێكی كەم لە هێزە ئەمنییەكانی هەرێم لە خانەقین ماون، جموجۆڵ و ژمارەیان سنورداركراوە و لەناو شاردا ئەركی پاراستنی چەند دامودەزگایەكی حكومەتی هەرێمیان لە ئەستۆیە.

ئەو خێزانانەی گوندەكانیان بەجێهێشتووە لەلایەن فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانەوە وەكو ئاوارە هەژمارنەكراون.

رزگار هەمەوەندی كە ئێستا خۆی لە خانەقین دەژیت، دەڵێت چەند مانگێك لەمەوبەر سەردانی گوندەكەی كردۆتەوە، "بینیم 15 خانوی گوندەكە بە تەواوی روخێنراوە، نزیکەی هەشت باخ-یش دارەكانیان بڕاونەتەوە و لە ناوچون".

ئەو پرسیاری لە هێزە ئەمنییەكانی ناوچەكە لەوانەش سوپا كردووە لە هۆكاری روخان و بڕینەوەی دارەكان، وتی "وتیان داعش ئەو خانوو و باخانە بۆ پشودان بەكاردەهێنێت و لەوێوە هێرشدەكاتە سەر هێزە ئەمنییەكان".

وتیان داعش ئەو خانوو و باخانە بۆ پشودان بەكاردەهێنێت و لەوێوە هێرشدەكاتە سەر هێزە ئەمنییەكان

سوپای عیراق لە چوارچێوەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی دیالە، ئەركی پاراستنی دەوروبەری خانەقینی لە ئەستۆیە.

بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، لە ئەمساڵدا دۆخی ئەمنی گوندەكان بە بەراورد بە پێشوو باشتر بووە، بەو هۆیەوە چەند جارێك سوپا داوای لە خەڵكی ناوچەكە كردووە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

رزگار هەمەوەندی، وتی "راستە داوای گەڕانەوەیان لێكردوین و وتیانە دەتانپارێزین، بەڵام ئێمە متمانەمان نییە".

وتیشی "هۆكارێكی تری نەگەڕانەوەی خەڵكەكە بەهۆی ئەوەوەیە خانوەكانیان روخێنراون و باخەكانیان لەناوچون".

سەرچاوەیەک لە ئیدارەی قەزای خانەقین، بە (کەرکوک ناو)ی وت "دەتوانم بڵێم لە ئێستادا دۆخی ئەمنی گوندەكان تاڕادەیەك سەقامگیرترن و گوندەكان پارێزراوترن، بەگشتی بۆشایی ئەمنی كەمترە، بەڵام گوندنشینان متمانەیان بەوە نییە ژیانیان پارێزراوبێت".

"ئەگەر هەر گوندێك ئاوەدانبكرێتەوە، ئێمە بەڵێنی دابینكردنی خزمەتگوزاریی سەرەتاییان پێدەدەین لە ئاو و كارەبا و پێداویستی تر".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT