كەركوك ناو
لە ئۆپەراسیۆنێكدا كە هێزەكانی هاوپەیمانان تیایدا بەشداربون، دوو چەكداری داعش لە سنوری قەزای داقوق كوژران، لە پارێزگای نەینەواش لێپرسراوێكی باڵای ئەو رێكخراوە دەستگیركراوە.
ئەو دوو چالاكییەی هێزە ئەمنییەكانی عیراق ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی تشرینی دووەم لە هەردوو پارێزگای كەركوك و نەینەوا بەڕێوەچوو.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی، ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویكردەوە كە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك پاڵپشت بە زانیاریی هەواڵگریی و سودوەرگرتن لە كامێرای حەراریی و لەكاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكدا لە وادی شای، لەگەڵ ژمارەیەك چەكداری داعش پێكیاندادا و لە ئەنجامدا دوو چەكداری داعش كوژران.
روداوەكە لە گوندی سوهەیل بووە لە وادی شای كە دەكەوێتە باشوری پارێزگای كەركوك لە سنوری قەزای داقوق.
لە راگەیەنراوێكی شانەكەدا هاتووە "هەر لەو ئۆپەراسیۆنەدا دەست بەسەر ژمارەیەك چەك و تەقەمەنی چەكدارانی داعشدا گیراوە و هێزە ئەمنییەكان كەوتونە راوەدونانی ژمارەیەك چەكداری تر".
بەپێی سەرچاوەیەكی (كەركوك ناو) كە لە هێزە ئەمنییەكانی كەركوك وەریگرتووە، لەو ئۆپەراسیۆنەدا هێزەكانی هاوپەیمانان بەشداربون لەگەڵ فرقەی مغاویری سەر بە لیوای 8ی وەزارەتی بەرگری عیراق.
هەر ئەمڕۆ شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە راگەیەنراوێكی تردا، ئاماژەی بە دەستگیركردنی لێپرسراوێكی داعش كرد لە نەینەوا و تیایدا هاتووە "ناوبراو پاڵپشتی لۆجستی و گواستنەوەی شانەی نوستوی داعشە بۆ باشوری نەینەوا".
راگەیەنراوەكە ئاماژە بەوە دەكات كە دەستگیركراوەكە بڕیاری دەستگیركردنی هەبووە لەسەر پەیوەندیكردنی بە دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) و لە سەردەمی خەلافەتی ئەبوبەكر بەغدادی-دا پاسەوانی تایبەتی لێپرسراوی باشوری نەینەوای ویلایەتی دیجلە بووە.