هێزە ئاسمانییەكانی عیراق چوار جار بۆردومانی مۆڵگەكانی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) دەكەن لە دوو ناوچەی ناحیەی رەشاد لە باشوری كەركوك. بۆردومانەكان ئامانجەكانیان پێكاوە، بەڵام هێشتا دیارنییە هیچ چەكدارێكی داعش پێكراوە یاخود نا.
ئەو هێرشانە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 21ی تشرینی دووەم، كرایە سەر سێ مۆڵگەی چەكدارانی داعش، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەكی هەواڵگری لە سنورەكە كە تایبەت بۆ (كەركوك ناو)، قسەی كردووە.
سەرچاوەكە جەختیكردەوە "هێزە ئاسمانییەكانی عیراق ئەو سێ مۆڵگەیەیان لەڕێی چوار هێرشەوە لە وادی زغەیتون و گوندی ئەلكوبا لە نزیك ناحیەی رەشاد كردۆتە ئامانج".
لەبارەی ئامانجەكانەوە، وتی "ئامانجەكانی پێكاوە، بەڵام هێشتا رون نییە ئایا هیچ چەكدارێكی داعش پێكراوە یاخود نا".
ئامانجەكانی پێكاوە، بەڵام هێشتا رون نییە ئایا هیچ چەكدارێكی داعش پێكراوە یاخود نا
رەشاد یەكێكە لە ناحییەكانی سەر بە قەزای حەویجە و دەكەوێتە باشوری ناوەندی كەركوك، ئەو ناوچەیە بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافیی و بونی چەم و دۆڵ و دەشتەوە بۆتە شوێنی خۆحەشاردانی چەكدارانی داعش و دروستكردنی مۆڵگە.
سەرچاوە ئەمنییەكانی (كەركوك ناو) لە نێو هێزە ئەمنییەكاندا، جەختیكردەوە "كاتێك دەزانرێت چەكداری داعش لەو هێرشانەدا پێكراوە كە هێزی پیادە بچنە ناوچەكە".
ئەو هێرشە ئاسمانییە دوابەدوای كوژرانی چوار سەربازی سوپای عیراق دێت لە سەنگەرێكدا لە نزیك ناحیەی قەرەهەنجیر لە شەممەی رابردوو، كە بەهۆیەوە هێزە ئەمنییەكان بڕیاریاندا بۆشاییە ئەمنییەكان لە پارێزگاكە نەهێڵن و هەڵمەتی راوەدونان و خاپوركردنی مۆڵگەكانی داعش دەستپێبكەن.
داعش ناوبەناو لە ناوچەكانی جێناكۆك (كەركوك، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین) پەلاماری هاوڵاتیان و هێزە ئەمنییەكان دەدات و بەپێی ئامارێكی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای ساڵی 2018ەوە تاوەكو تشرینی یەكەمی 2021، داعش "دوو هەزار و 412 هێرشی تیرۆریستی لە عیراق ئەنجامداوە".
ئەو ئامارە لەزاری فەریق ڕوکن جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی پێشوی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوكرایەوە، لە چوارچێوەی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رادیۆی دەنگی ئەمریكا.
ئەوەش لەكاتێكدایە لە كۆتایی 2017ە حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشوتری عیراق، كۆتایهاتنی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام راگەیاندووە.