شارەزایانی دەرونی و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە كۆنفراسێكدا كە تایبەت بوو بە ناوچەكانی جێناكۆك، بەدوای رێگاچارەیەكدا دەگەڕێن بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو كێشە دەرونییانەی دوچاری خەڵكی ناوچەكە بونەتەوە لە دوای شەڕی سێ ساڵەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش).
دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام لە حوزەیرانی 2014 تا كۆتایی 2017 پارێزگای نەینەوا و بەشێك لە پارێزگاكانی كەركوك، دیالە و سەڵاحەدینیان كۆنترۆڵكرد و لەو ماوەیەدا خەڵكەكەی روبەڕوی كوشتن، دەستدرێژی سێكسی، رفاندن و ئاوارەبون بونەوە، ئەوەش بەپێی شارەزایانی دەرونی كە لە كۆنفرانسەكەدا بەشداربون، زۆرێك لە خەڵكی ناوچەكەی روبەڕوی شۆكی دەرونی و كێشە دەرونییەكانی تر كردۆتەوە.
ئیبراهیم خەلیل، بەڕێوەبەری کارگێڕی پەیمانگەی چارەسەری دەرونی و یەكێك بوو لە بەشداربووانی كۆنفرانسەكە، جەختیكردەوە "ئامانج لەم کۆنفرانسە ئەوەبوو پسپۆڕانی دەرونی بەدوای ئەنجام و لێکەوتەی کێشە دەرونییەكانی خەڵكی ناوچەكەدا بگەڕێن، چونکە ئەم ناوچانە لە دۆخێکی سیاسیی و ئەمنی نا تەندروستدان، پێویستە بەردەوام توێژینەوە لەسەر لایەنی دەرونی خەڵكەكەی بكرێت".
ئامانج لەم کۆنفرانسە ئەوەبوو پسپۆڕانی دەرونی بەدوای ئەنجام و لێکەوتەی کێشە دەرونییەكانی خەڵكی ناوچەكەدا بگەڕێن
ئەوە سێیەم كۆنفرانسە لە دوای شەڕی داعشەوە لە زانكۆی دهۆك لەسەر هەمان پرس ببەسترێت و رۆژانی 16 و 17ی تشرینی دووەم چەندین شارەزا و لایەنی پەیوەندیدار تاوتوێی ئەو پرسەیان كرد.
ئامادەبووان سەرنجیان زیاتر لەسەر شۆكی دەرونی بوو، وەك ئەوەی ئیبراهیم خەلیل وتی كە ئەوە یەكێكە لە كێشە گەورەكان بۆ ئایندەی خەڵكی ئەو ناوچەیە.
ئەو وتی "دەمانەوێت بە دوای رێگەچارەیەكدا بگەڕێین بۆ چارەسەركردنی كۆی كێشە دەرونییەكانی خەڵكی ناوچەكانی جێناكۆك و ئەو ناوچانەی شەڕ و ماڵوێرانی لێبووە".
چەندین شارەزای دەرونی و رێكخراو كە لەسەر هەمان پرس كاردەكەن لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بەشداربون.
بەشار ئەحمەد، چارەسەرکاریی دەرونی و پسپۆڕی چارەسەری شۆكی دەرونی، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەم ناوچانە و لە كۆمەڵگەی ئێمەدا شۆكی دەرونی زیاتر روبەڕوی منداڵان و ژنان دەبێتەوە، چونكە منداڵان هێشتا مێشكیان بە باشی گەشەی نەكردووە و روداوەكان زیاتر كاریگەرییان لەسەر دروستدەكات، ژنانیش لە سەردەمی داعش-دا روبەڕوی دەستدرێژیی سێكسی و رفاندن بونەوە".
"دەبێت شۆكی دەرونی چارەسەر بكرێت و ترس و دڵەڕاوكێ بۆ نەوەكانیان نەگوازرێتەوە، كە هەندێكجار ترسەكە بەهۆی گێڕانەوەی چیرۆكەكان دەگوازرێتەوە، بۆ نمونە ئێزیدییەكان بەردەوام ئەوە دەڵێنەوە كە دەیان گۆڕی بەكۆمەڵیان هەیە و خەڵكەكەیان روبەڕوی كوشتنی بە كۆمەڵ و رفاندن و دەستدرێژی سێكسی بونەتەوە، ئەمە دەبێتەهۆی ئەوەی كە شۆكی دەرونی لەگەڵیاندا بەردەوامبێت"، بەشار ئەحمەد وایوت.
زیاتر وتی "بەگشتی دەبێت بەدوای هۆكارەكانی شۆكی دەرونی لە هەر تاكێك و رێگاچارسەرەكاندا بگەڕێین، ئەوە پێویستی بە كاركردنی زۆر هەیە و پێویستە ئەزمونی ئەو وڵاتە بگوازینەوە كە روبەڕوی هەمان كێشە بونەتەوە بەهۆی جەنگەوە".
بەگشتی دەبێت بەدوای هۆكارەكانی شۆكی دەرونی لە هەر تاكێك و رێگاچارسەرەكاندا بگەڕێین
دیان جەعفەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان لە دهۆك – سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان- لە پانێڵێكی كۆنفرانسەكەدا وتی "ئەوەی لەو رووەوە كراوە لەپاڵ دامەزراندنی نوسینگەیەك بۆ رزگاركردنی ئێزیدییەكانی دەستی داعش بەتایبەت ژنان، هاوكات پەیمانگەیەكی تایبەتی دەرونی كراوەتەوە بۆ ئەوەی لەڕوی چارەسەری دەرونییەوە هاوكاریی ئەو ژن و منداڵانە بكرێت تا بە ئاسانیی بگەڕێنەوە ناو كۆمەڵگە".
بەشار کۆچەر، دەرونناس كە لە كۆنفراسنەكەدا بەشداربوو و لە ناوچەكانی جێناكۆك كاردەكات بۆ چارەسەریی شۆكی دەرونی لەگەڵ رێكخراوەكاندا، وتی "زۆربەی نەخۆشییە دەرونییەکان لەو ناوچانە بەهۆی شەڕەوە دروستبون، ئێستاش بۆشایی ئەمنی و ناكۆكی و توندوتیژییە ناوبەناوەكان هۆكارن بۆ دڵەڕاوكێ و كێشەی دەرونی و پێویستە لەم ناوچانە و لەو رووەوە كاری بەردەوام بكرێت".