دەنگۆ:
"ڤاكسینی كۆڤید-19 دەبێتە هۆی شێرپەنجەی مەمك، زیاتر لە 20 حاڵەتی توشبون بە شێرپەنجەی مەمك بەوهۆیەوە تۆماركراوە".
"ئەگەر تۆ شێرپەنجەت هەبێت، ئەوا ڤاكسین نەخۆشییەكەت زیاتر دەكات".
"من توشبوی شێرپەنجەم، بۆیە نابێت ڤاكسینی كۆڤید-19 وەربگرم".
"ڤاكسین دەبێتە هۆی نەزۆكی لای نێرینە و شێرپەنجە لە مێیینەدا".
دڵنیابونەوە لە زانیارییەكان (پشتڕاستكردنەوە):
فیراس جەبار موسەوی، بەڕێوەبەری بەشی كوتان لە وەزارەتی تەندروستی عیراق جەختیكردەوە وەزارەتی تەندروستی هیچ زیادبونێكی حاڵەتێكی شێرپەنجەی مەمك تۆمارنەكردووە دوابەدوای كوتان بە ڤاكسینی كۆڤید-19.
هەروەها وتی "بەستنەوەی بابەتی شێرپەنجەی مەمك بە ڤاكسینی كۆڤید-19ـەوە بەشێك لە دەنگۆ"، ئاماژەی بەوەشدا توشبوانی شێرپەنجە "لە گروپی یەكەمن بۆ وەرگرتنی ڤاكسینی كۆڤید-19".
توشبوانی شێرپەنجە زیاتر ئەگەری توشبون بە نیشانە توندەكانی كۆڤید-19ـیان هەیە.
هیچ بەڵگەیەك نییە ڤاكسینی كۆڤید-19 بە شێرپەنجەوە ببەستێتەوە، بەوتەی دكتۆر ستیڤن پێرگام، لە ناوەندی فرێد هاچنسۆن بۆ توێژینەوەی شێرپەنجە، ڤاكسینەكان لە مەترسی چونە نەخۆشخانە و مردن بەهۆی كۆڤید-19 كەمدەكەنەوە، بە دیاریكراوی لەنێو توشبوانی شێرپەنجەدا.
دانا كەریم، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكان خوێن كە لە نەخۆشخانەی هیوا-ـی تایبەت بە شێرپەنجە كاردەكات، دەڵێت توشبون بە شێرپەنجەی مەمك بە چەند هۆكارێكە كە پەیوەندییان بە ڤاكسینەكانەوە نییە و جەختیشیكردەوە، لە هۆكاری سەرەكی و مەترسیدارەكانی توشبون بە شێرپەنجەی مەمك بریتین لە (بۆماوەیی، كەسانی پلەیەكی توشبوو بە شێرپەنجە، چارەسەری هۆرمۆنات، حەبی رێگری لە دوگیانی و ... هتد).
ئەو دكتۆرە رونیكردەوە كە رەتكردنەوەی ڤاكسین لە مەترسییەكانی پەتای كۆڤید-19 زیاددەكات و دەبێتە هۆی گەشەسەندنی لەناو توشبوانی شێرپەنجەدا.