بۆ بەرەنگاربونەوەی دەنگۆكانی مردن و نەزۆكی
خەڵك هەڵمەتی هۆشیاری بۆ وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا دەكەن

كەركوك/ تشرینی دوەمی 2022/ بەردەوامی هەڵمەتی كوتان بە ڤاكسینی كۆڤید-19 لە بنكەیەكی تەندروستی فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

حەنان سالم

نەزۆكی، مردن، سیخوڕی بەسەر هاوڵاتیانەوە لەلایەن وڵاتانی "بیانی" و كاریگەرییە لاوەكییەكانی وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا، لەو دەنگۆیانە بون وایكرد ئەبو بەشیر و عەلی رەسوڵ هەڵمەتێكی هۆشیاری لە كەمپەكان و ئەو ناوچانەی دیكەدا رێكبخەن، كە دانیشتوانیان لە ئاواڕەیی گەڕاونەتەوە.

ئەبو بەشیر خۆی توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە، ئەو لە كەمپی ئاوارەكانی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی دەژی، دەڵێت "لە لێواری مەرگ گەڕامەوە، بەهای ڤاكسینم نەدەزانی تا توشی ڤایرۆسەكە بوم، خەمی منداڵەكانم بوو كە لە خێوەتدا دەژین و كەس نییە دوای من بژێوییان دابینبكات".

ئەو كەمپە دەكەوێتە ناحیەی عەربەت لە خۆرهەڵاتی شاری سلێمانی دراوسێی ئێران لە باكوری عیراقەوە، خێزانەكەی ئەبو بەشیر و دانیشتوانی دیكەی ئاوارە لە ساڵی 2014ـدا چونەتە كەمپەكە، كاتێك چەكدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام - داعش" دەستیگرت بەسەر ژمارەیەك شار و ناوچەی عیراقدا.

"پێیانوتم ڤاكسین توشی نەزۆكیم دەكات بۆیە خۆم نەكوتا"، ئەبو بەشیر وای وت، بە خێمەكەیانەوە پاڵیدایەوە و بە زەردەخەنەوە وتی "من بڕوام پێكردن و خەریك بوو بەهۆی ئەوانەوە بمرم".

ژینگەیەكی ئارام و سەلامەتم بۆ منداڵەكانم دەوێت

لە تەواوی پارێزگای سلێمانی 136 هەزار و 390 ئاوارە هەن لەگەڵ 32 هەزار و 263 پەنابەری سوری.

11 هەزار و 518 هاوڵاتی ئاوارە بەسەر چوار كەمپی (ئاشتی، عەربەت، قۆرەتوو و تازەدێ)ـدا دابەشبون، نۆ هەزار و 565 پەنابەریش لە كەمپی عەربەت-ـن، ئەوانیتر لە ئاوارە و پەنابەران، لە ناوەندی شاری سلێمانی و قەزا و ناحیەكانی نیشتەجێبون.

ئەبو بەشیر (40 ساڵ) ئاوارەی كەركوكە، دوای چاكبونەوەی لە كۆرۆنا هەڵمەتێكی هۆشیاری لەناو كەمپەكەیدا دەستپێكرد، لە خێوەتە نزیكەكانی خۆیەوە دەربارەی گرنگی وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا و توانی باوەڕ بە هەندێكیان بهێنێت خۆیان بكوتن، "بەهۆی دەنگۆكانەوە لە وەرگرتنی ڤاكسین دەترسان".

ئەو كە باوكی سێ منداڵە، چەندین كاتژمێر بەناو خێوەتەكاندا دەگەڕا و باسی لە رێگە و رێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ خەڵك دەكرد، "ژینگەیەكی ئارام و سەلامەتم بۆ منداڵەكانم دەوێت بۆیە هەوڵمدا دانیشتوانی كەمپەكە لە گرنگی وەرگرتنی ڤاكسین هۆشیار بكەمەوە".

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای ئەمساڵدا بڕیاریدا وەكو مەرجێك هەر هاوڵاتییەك سەردانی فەرمانگە و شوێنە گشتییەكان پێویستە كارتی وەرگرتنی ڤاكسین یان پشكنینی نەرێنی كۆرۆنای پێبێت.

photo_2022-11-24_13-46-24 (2)
دهۆك/ تشرینی یەكەمی 2022/ كەمپی چەممشكۆ لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ فۆتۆ: زەهرە یوسف

"دەنگۆ و بیرۆكەی زۆری هەڵە دەربارەی ڤاكسینەكانی كۆرۆنا بڵاودەبنەوە، سەرباری هەڵمەتەكانی هۆشیاری فەرمانگەی تەندروستی، بەردەوام هەوڵیشدەدەین ژمارەی وەرگرانی ڤاكسین بەرزبكەینەوە بەڵام پێویستمان بە هەماهەنگی و هاوكاری هاوڵاتیانە تا سنورێك بۆ مردن و توشبون دابنێین" بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی كەركوك، وای وت.

یەكەم هاوڵاتی عیراقی توشبوو بە كۆرۆنا لە كەركوك بوو، لەگەڵ گەیشتنی ڤاكسینیشدا تەندروستی پارێزگاكە هەموو جۆرەكانی دابینكرد، بەڵام زۆرینەی هاوڵاتیان بڕوایان بە چالاكبونی ئەو ڤاكسینە نییە، وەك سامان یابە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی دەڵێت "رێژەی ئەوانەی دوو یان سێ ژەمی ڤاكسینیان وەرگرتووە گەیشتۆتە سەدا 160 كە ئەوەش لە 260 هەزار كەس تێناپەڕێت".

یابە وتی "ترسی خەڵك لە ڤاكسین مەنتقی و لەجێی خۆیدا نییە".

هاوكات سەباح نامیق، بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی لە فەرمانگەی تەندروستی كەركوك لەبەرنامەیەكی رادیۆییدا –كە لە چوارچێوەی پرۆژەی (Rooted in Trust)  پێشكەشكرا- وتی "رێژەی وەرگرانی ڤاكسین لە كەركوك تائێستا نەگەیشتۆتە سەدا 20 و ئەو رێژەیەش زۆر كەمە بەراورد بە وڵاتانی دیكە و لە ئاست خواستی ئێمەدا نییە"، رونیكردەوە كە "دەنگۆ و زانیاری هەڵە كاریگەری راستەوخۆی هەبووە".

 ترسی خەڵك لە ڤاكسین لەجێی خۆیدا نییە

عەلی رەسوڵ، لە شاری كەركوك نیشتەجێیە و یەكێك لە هاوڕێكانی بەهۆی كۆرۆناوە لەدەستداوە، پێش ئەوەی ڤاكسین بگات، بۆیە بڕیاریداوە بە خۆبەخشی زۆرترین كەس هۆشیاربكاتەوە و قایلیان بكات ڤاكسین وەربگرن، تا پارێزگاری لە ژیانی خۆیان و خۆشەویستانیان بكەن.

"كاتێك هەواڵی مردنی هاوڕێكەم بیست، هیوام دەخواست چارەسەر یان ڤاكسینێك هەبێت تا تارمایی مردن دوربخەینەوە" عەلی وای وت.

كاتێك وەزارەتی تەندروستی دابینكردنی ڤاكسینی لە عیراق راگەیاند، عەلی بە هەڵمەتێكی هۆشیاری دەربارەی گرنگی وەرگرتنی ڤاكسین دەستپشخەری كرد تا كەسانی دیكە بە ئەزمونی لەدەستدانی ئازیزانیاندا تێپەڕنەبن، بۆ ئەوەش ماوەی چوار مانگ هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوی تەندروستی (مدخل)ـی عیراقی و فەرمانگەی تەندروستی كەركوك كرد، تیمی لە حەویجە، دوبز و داقوق پێكهێنا.

ئەو تیمانە لە سێ فەرمانبەری رێكخراوەكە و پێنج فەرمانبەری دامەزراوە تەندروستییەكان پێكهاتبون، لە هەر ناوچەیەكدا بە شەقامەكاندا دەسوڕانەوە و لە دەرگای ماڵانیان دەدا تا قایلیان بكەن ڤاكسین وەربگرن، "هەوڵماندا 60 هەزار كەس بە قایل بكەین بۆ وەرگرتنی ڤاكسین و لە كۆتایی دەستپێشخەرییەكەماندا رێژەی وەرگرتنی ڤاكسین لەلایەن پیاوانەوە گەیشتە سەدا 32 و ژنانیش سەدا 19 لە حەویجە، دوبز و داقوق".

photo_2022-11-24_13-46-24
كەركوك/ تشرینی دوەمی 2022/ هاوڵاتییەك لە بنكەی تەندروستی بەدر لە گەڕەكی واحد حوزەیران ڤاكسین وەردەگرێت فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

لە 22ـی ئابی 2022ـدا ئیدارەی كەركوك پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، وەرگرتنی ڤاكسینی كردە مەرج بۆ فەرمانبەرانی دەوڵەت و جەختیكردەوە هیچ هاوڵاتییەكیش مامەڵەكانی بۆ راییناكرێت، ئەگەر كارتی وەرگرتنی ڤاكسین یان ئەنجامی پشكنینی نەرێنی ڤایرۆسی كۆرۆنیان پێنەبێت.

لەو بڕیارەدا تەنیا ئەو كەسانە بەخشران كە بەپێی راپۆرتی پزیشكی پاساوێكیان بۆ وەرنەگرتنی ڤاكسین هەیە یان سێ مانگ بەسەر توشبونیان بە كۆرۆنا تێنەپەڕیوە.

بەشدار ئەركان، چالاكوانی مەدەنی و بەرگریكار لە مافەكانی مرۆڤ پێیوایە بۆ هاوڵاتیانی ناوچە رزگاركراوەكانی ژێر دەستی داعش لە ئێستادا سەقامگیری ئەمنی و ئابوری لە پێشترە، بۆیە ئەوەش وایكردووە رێژەی وەرگرانی ڤاكسین كەمببێتەوە، جگە لە كاریگەری بڵاوبونەوەی دەنگۆ دەربارەی ڤاكسین بەوەی زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی مردن یان هۆكارێكە بۆ ئەوەی لەلایەن وڵاتانی بیانییەوە سیخوڕی بەسەر هاوڵاتیانەوە بكرێت.

ئەنبار لەكاتێكدا ڤایرۆسی كۆرۆنای پێگەیشت كە بەشێك لە دانیشتوانەكەی ئاوارەی كەمپەكان بون، 27 كەمپ لە سنوری پارێزگاكەدا هەبون پێش ئەوەی حكومەتی عیراق لە ساڵی رابردودا هەمویان دابخات، رێژەی وەرگرانی ڤاكسین لەوێ گەیشتۆتە نزیكەی سەدا 30 و تەندروستیش بەردەوام هەڵمەتی هۆشیاری هەبوو، تا خەڵك ڤاكسین وەربگرن.

ەدەمەوەچونی هاوڵاتیان بۆ ڤاكسین زۆر سستە

محەمەد سەباح، بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی لە فەرمانگەی تەندروستی ئەنبار جەختیكردەوە سێ جۆر ڤاكسینی كۆرۆنا لە ناوەندەكانی كوتان بەردەستە بەڵام "بەدەمەوەچونی هاوڵاتیان بۆ ڤاكسین زۆر سستە لەبەرئەوەی هیچ هۆكار و پاڵنەرێك شكنابەن وایانلێبلكات ئێستا ڤاكسین وەربگرن".

هەروەها ئاماژەی بەوەدا هەر كاتێك ژمارەی توشبوان بە كۆرۆنا زیادبكات، خەڵكی زیاتر ڤاكسین وەردەگرن، كاتێكیش توشبون كەمدەبێتەوە خەڵك ترسی لە ڤایرۆسەكە نامێنێت و بەهۆیەوە وەرگرانی ڤاكسین كەمدەبنەوە، پێشیوایە "هەندێك بڕیاری حكومەت رۆڵی هەبوو لە زیادبونی وەرگرانی ڤاكسین وەك ناچاركردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت بەڵام لەگەڵئەوەشدا هێشتا بەربەستی 394 هەزار كەسمان تێنەپەڕاندووە كە دوو یان سێ ژەم ڤاكسینیان وەرگرتبێت".

ئەحمەد كەربولی، چالاكوان لە بواری فریاگوزاری ئاوارە جەختیكردەوە "شەپۆلەكانی ئاوارەیی كاریگەری لەسەر بڕوا و بیركردنەوەی هاوڵاتیان داناوە، ئێستا ئاوەدانكردنەوە و نۆژەنكردنەوەی وێرانكارییەكانی شەڕ بۆ ئەوان لە پێشترە و گرنگی بە بارودۆخی تەندروستی نادەن سەرباری ئەوەی مەترسیدارە".

لە پارێزگای نەینەواش بارودۆخەكە زۆر لە كەركوك و ئەنبار و كەمپەكانی سلێمانی جیاوازتر نییە، سەرباری هەبونی جۆرەكانی ڤاكسین لە گەڕەك و ناوچە و كەمپەكانیشدا، بەڵام رێژەی وەرگرانی ڤاكسین نزیكەی سەدا 18ـیە و ئەوانەی دوو ژەم یان سێ ژەمیان وەرگرتووە لە 410 هەزار كەس تێناپەڕن، بەپێی ئامارەكانی فەرمانگەی تەندروستی نەینەوا.

بەڵام لە كەمپەكانی ئاوارەیی نەینەوا رێژەكە بەرزترە و زیاتر لە سەدا 90 لەڕێی ناوەندەكانی كوتانەوە ڤاكسینیان وەرگرتووە بەهۆی بەردەستبونی ڤاكسین و هەڵمەتەكانی هۆشیاری، بەوتەی لێپرسراوانی تەندروستی پارێزگاكە.

photo_2022-11-24_13-46-24 (3)
كەركوك/ تشرینی دوەمی 2022/ هەڵمەتی هۆشیاری و باسی گرنگی ڤاكسین بۆ هاوڵاتیان لە بنكەی تەندروستی فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

دەیان ناوەندی كوتان لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە لە پارێزگای دیالە كراونەتەوە، بەڵام بەدەمەوەچونی هاوڵاتیان بۆ ڤاكسین لاوازە، بەهۆی سەرقاڵی هاوڵاتیان و بە تایبەت بە ئاوارەكان بە بابەتی ئابوری، خزمەتگوزاری و ئەمنی لە پارێزگاكەدا.

فارس عەزاوی، بەڕێوەبەری تەندروستی دیالە دەڵێت "هەموو جۆرەكانی ڤاكسین لە نزیكەی 80 ناوەندی كوتاندا بەردەستە لە ناوچە جیاوازەكانی پارێزگاكە بەڵام پێشوازی هاوڵاتیان لە ڤاكسین لاوازە"، پێشیوایە "بڕیارەكانی حكومەت بۆ وەرگرتنی ڤاكسین لەلایەن فەرمانبەرانەوە رۆڵی هەبووە لە هاندانی هاوڵاتیان تا ڤاكسین وەربگرن".

رێژەی پێدانی ڤاكسین لە دیالە سەدا 22ـە، كە 284 هەزار كەس دوو یان سێ ژەمیان وەرگرتووە، ئەو رێژەیەش بەلای رەفل جبوری، كچە چالاكوانی مەدەنییەوە كەمە، بەهۆی گرنگیدانی هاوڵاتیان بە كاروبارەكانی دیكەی وەك بارودۆخی دارایی و خزمەتگوزاری و ئەمنی.

"ئەوەی ئاوارە بووە و گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەكەی دوای رزگاركردنی ناوچەكانیان گرنگی بە قوتی رۆژانە و دوبارەنەبونەوەی ئەزمونی ئاوارەیی دەدەن، رەنگە دوایین شت كە بیری لێبكاتەوە وەرگرتنی ڤاكسین بێت كە پێیانوایە هیچ سودێكی هەستپێكراوی بۆ ئەوان تێدا نییە" بەوتەی جبوری.

كاری بەخۆبەخشی و تیمی گەڕۆك لە تەواوی پارێزگای سەڵاحەدین و ناوچەكانی گەڕانەوەی ئاوارە وایكردووە بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی پارێزگاكە داوای دوبارەكردنەوەی ئەو ئەزمونە بۆ ئێستا بكات.

ئەزمونی تیمی گەڕۆك بۆ هاندانی وەرگرتنی ڤاكسین پێویستە لە هەموو پارێزگاكان دوبارە بكرێتەوە

عومەر غەسان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی سەڵاحەدین وتی "رێژەی وەرگرتنی ڤاكسین بە هەموو جۆرەكانی گەیشتۆتە نزیكەی سەدا 40 واتە ئەوانەی دوو یان سێ ژەمیان وەرگرتووە لە 285 هەزار كەس تێنەپەڕێت"، جەختیشیكردەوە ڤاكسین لە پارێزگاكە بەردەستە و رێژەی كوتان لە زیادبوندایە، لەوەشدا تیمی گەڕۆك رۆڵیان هەبووە.

غەسان لەگەڵئەوەدایە ئەزمونی تیمی گەڕۆك دوبارە بكرێتەوە لە تەواوی پارێزگاكان و بە تایبەت ئەو پارێزگایانەی ئاوارە و كەمپی زۆری تێدایە، هەڵمەتەكانی هۆشیاریش بەردەوام بن تا هانی هاوڵاتیان بدرێت پارێزگاری لە ژیانیان بكەن".

بەتول عەلی، چالاكوانی ژینگە كە چەندین هەڵمەتی هۆشیاری دەربارەی سودەكانی ڤاكسین هەبووە، دەڵێت هاوڵاتیان لە ناوچە رزگاركراوەكان كاروباری گرنگ لە بیردەكەن ئەگەر چاویان لەسەر نەبێت ئەوەش بەهۆی بارودۆخی ئەمنی پێشتر و ئێستا.

لە كەمپەكانی ئاوارەیی هەولێر، دهۆك و سلێمانی كە ژمارەیان 26 كەمپە، ئامادەكاری ئەم بەدواداچونە زیاد لە جارێك هەوڵیدا زانیاری و لێدوان دەربارەی رێژەی وەرگرتنی ڤاكسین لە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەربگرێت، بەڵام هەوڵەكان بێ ئاكام بون.

ئەم راپۆرتە لەلایەن رۆژنامەنوس حەنان سالم بەرهەمهێنراوە، لە چوارچێوەی پڕۆژەی (Rooted in Trust) كە لەلایەن رێکخراوی (ئینتەرنیوز) و بە هاوبەشی (كەركوك ناو) جێبەجێدەكرێت.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT