خێزانەكەی هیشام 38ساڵ، لە كاتژمێر 7ی ئێوارەی هەینی 25ی تشرینی دووەم روبەڕوی روداوێكی ناخۆش بونەوە، كاتێك بەهۆی بارانێكی بەخوڕەوە لافاو گەیشتە ناو خانووەكەیان لە گوندی حەسار لە باكوری خۆرهەڵاتی كەركوك.
هیشام هەوڵدەدات خێزانەكەی رزگار بكات، بۆ ئەوەش دوو بچوكترین منداڵی لەباوەش دەگرێت، شەیخەی یەك ساڵ و ئەحمەدی یەك مانگ، بەڵام بەهۆی زۆری لافاوەكەوە هەردوكیانی لەدەست دەكەوێتە خوارەوە و لافاو دەیانبات.
هیشام و خانەوادەکەی خەڵكی پارێزگای ئەنبارن و چەند ساڵێكە لە گوندی حەسار ئاوارەن، پاسەوانی حەوزی ماسی جوتیارێكی ناوچەكە دەكەن.
لەكاتی لافاوەكەدا خێزانەكەی هشام تەلەفون بۆ خەڵكی گوندی حەسار دەكەن و داوای هاوكاریی دەكەن، ئەوانیش بە ئامێرێكی كشتوكاڵی (تراكتۆر) تەواوی ئەندامانی ئەو خێزانە رزگاردەكەن كە ژمارەیان 12 كەسە، جگە لە شەیخە و ئەحمەد.
لە دوای رزگاركردنی ئەو خێزانە، دایكی شەیخە و ئەحمەد، كە ژنی دووەم هیشام، بەدەنگی بەرز هاواردەكات منداڵەكانی رزگاربكەن و دەڵێت "لافاو بردنی و بۆم بهێننەوە".
خەڵكی گوندی حەسار، بەردەوامدەبن لە گەڕان بەدوای ئەو دوو منداڵەدا و كاتژمێر 11:30ی شەو توانیان لە دوری 500 مەتر تەرمی هەردوكیان بدۆزنەوە.
شەممە 26ی تشرینی دووەم، تەرمی هەردوكیان لە پزیشكی دادی كەركوكەوە رادەستی كەسوكاریان كرایەوە و هەر لە گوندی حەسار بەخاكسپێردران.