تەرمی خوێندكارەكەی زانكۆی كەركوك دۆزرایەوە و شوێنەواری دوو فیشەك بە دڵ و سەرییەوە بوو، هاوڕێیەكیشی دەڵێت "بێوەیترین كوڕی گەڕەك بوو".
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 29ی تشرینی دووەم، تەرمی محەمەد ئازاد، خوێندكاری كۆلێژی یاسای زانكۆی كەركوك لە شەقامێكی نزیك خاسە لە گەڕەكی شۆراو دۆزرایەوە و دوو فیشەك بە جەستەیەوە بوو.
فەهمی ئەحمەد هاوڕێ و دراوسێی ماڵی ئەحمەد ئازاد، بە (كەركوك ناو)ی وت "شەوی رابردوو باوكی وتی كوڕەكەم نەگەڕاوەتەوە ماڵ و سۆراغی نییە، ئێمەش سەیری كامێرای ماڵی خۆمان كردەوە دەركەوت ئەحمەدی دراوسێمان لە كاتژمێر یەكی دواینیوەڕۆی دوێنێ دووشەممە لەماڵ دەچێتە دەرەوە و ئیتر لەوكاتەوە نەگەڕاوەتەوە".
بەپێی وتەی قسەی كەسوكاری، ئەحمەد پلەی سەیشنی پێبووە و ویستویەتی بچێت لای وەستا چاكی بكاتەوە.
فەهمی دراوسێ و هاوڕێی ئەحمەد، بە (كەركوك ناو)ی وت "بێوەیترین كوڕی گەڕەك بوو، كەسێكی زۆر بێدەنگ و بێ كێشە بوو، قەت نەمبیستووە كێشەیەكی هەبوبێت، بەیانی ئەمڕۆ باوكیان ئاگاداركردەوە لە بونی تەرمێك لەسەر خاسە لای دووسایدی گەڕەكی شۆراو، دەركەوت تەرمی ئەحمەدە، دوو فیشەكی پێوەبوو، یەكێكیان لەسەری دراوە و ئەوەی تریان لەسەر دڵی".
ئەحمەد ئازاد، خوێندكاری قۆناغی یەكەمی كۆلێژی یاسای زانكۆی كەركوك بوو و یەكێك بووە لە خوێندكارە زیرەكەكانی قۆناغی ئامادەیی بەشی وێژەیی.
عامر شوانی، وتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی راگەیاند كە تەرمی ئەو گەنجە لە نزیك سۆما ستی لە گەڕەكی شۆراو دۆزراوەتەوە، "دوو فیشەكی پێوەنراوە، یەكێكیان بە سەریەوە و ئەویتر بە دڵییەوە". هەروەها وتی ئەو گەنجە رۆژی پێشتر "لەگەڵ دوو هاوڕێیدا چۆتە دەرەوە، بەڵام هیچ تۆمەتبارێك دەستگیرنەكراوە و لێكۆڵینەوە بەردەوامە".