مامۆستا گوڵاڵە بۆ لوتكە دەڕوانێت

گوڵاڵە حەمید، لەگەڵ یەكێك لە تابلۆكانیدا كە ئاماژە بە وشكبونی بەنداوی باوە شاسوار دەكات لە كفری بەهۆی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەواوە. فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

لەیلا ئەحمەد - گەرمیان

"ماندوبوم و قوربانیمداوە، بەڵام چاوم لە لوتكەیە"، مامۆستا گوڵاڵە لەبەردەم تەحەدییەكاندا چۆكی دانەدا، روبەڕوی دەیان بەربەست بۆوە، ئێستا بەپێی پێویستی كۆمەڵگە و خەڵك لەڕێی هونەری وێنەكیشانەوە مەینەتییەكانی ژنان و كۆمەڵگە نێشاندەدات و هۆشیاریی بڵاودەكاتەوە.

ئەو پێداگرییانەی گوڵاڵە حەمید و گوێنەدان بە بەربەستەكانی بەردەمی، وەك خۆی دەڵێت وایكردووە ئەوانەی سەردەمانێك دژی بون، ئێستا یارمەتیدەر و پاڵپشتيی دەكەن، ئەوەش جێی دڵخۆشی ئەو مامۆستایەیە.

گوڵاڵە حەمید (30ساڵ)، مامۆستای پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی كفری و سەرۆكی گروپی کیژانى شێوەکارى، یەكێكە لە چالاكوان و هونەرمەندە دیارەكانی قەزای كفریی و لەڕێی هونەرەوە دەیەوێت بەرەنگاری توندوتیژییەكانی ژنان ببێتەوە و خەمەكانی كۆمەڵگەی هەڵگرتووە.

گوڵاڵە لە ساڵی 2014 وەكو مامۆستا لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی كفری دامەزرا، دوای ئەوەی وەكو خوێندكار پلەی یەكەمی پەیمانگەكەی بەدەستهێنا.

دوای دامەزراندنی گروپی كیژانی شێوەكاری كفری؛ گوڵاڵە وەك سەرۆكی گروپەكە هەڵبژێردرا، كە بیرۆكەی دامەزراندنی گروپەكە بۆ مامۆستا دەرباز مەجید دەگەڕێتەوە.

"ئامانجی ئەم گروپە خستنەڕوی توانا و کارى ئەو خانمانەیە كە لە بواری هونەردا كاردەكەن، پەرەپێدانە بە تواناكانیان ئەوەش لەڕێی چالاكی جۆراوجۆر و كردنەوەی پێشانگە و بەشداریكردن لە بۆنە نیشتیمانیی و نەتەوەییكاندا"، گوڵاڵە كە ئێستا خۆی سەرۆكی گروپەكەیە، وایوت.

tabloo
چەند تابلۆیەكی گوڵاڵە حەمید فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

كاتێك ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهان بڵاوبۆوە و گەیشتە عیراق، گوڵاڵە بیریكردەوە لەڕێی هونەرەوە هۆشیاریی تەندروستی بڵاوبكاتەوە و داوایان لێبكات خۆیان بپارێزن، ئەوەش لەڕێی وێنەكیشان و بڵاوكردنەوەیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا.

لەم دوو ساڵەیی دواییدا، كە عیراق روبەڕوی وشكەساڵی و گۆڕانی كەشوهەوا بۆوە، ژینگەكەیی و رێژەی سەوزایی لەبەردەم مەترسیدایە، بۆیە گوڵاڵە كارە هۆنەرییەكانی بۆ بەرەنگاربونەوەی مەترسییەكانی سەر ژینگە تەرخانكردووە.

گوڵاڵە حەمید، هەروەها سەرۆکى رێکخراوى (کیماش)ە بۆ گەشەپێدانى مرۆیی، لە ناوەندەکانى خوێندندا پەیامی ژینگەیی و ژینگەپارێزی بڵاودەكاتەوە و داوا دەكات سەرچاوەكانی ئاو بپارێزرێن.

یەكێك لەو تابلۆیانەی گوڵاڵە كە بەباشی چووە ناو خەڵكەوە و دەنگدانەوەی هەبوو، تابلۆی وشكبونی بەنداوی باوەشاسوار بووە لە كفری، ئەو تابلۆیەكی هەبووە كاتێك بەنداوەكە لە ساڵانی رابردودا پڕ ئاو بووە، ئەمساڵ كاتێك بەنداوەكە وشكبوو، هەمان تابلۆی بەنداوەكەی كێشایەوە كاتێك ئاوی تیانەما.

"وشكبونی بەنداوەكە زۆر ئازاریدام، هەر بۆیە تابلۆی دووەم كێشا و پێكەوە بەراوردم كرد"، ئامانجی گوڵاڵە لەو تابلۆیە نیشاندانێتی بە خەڵك تا گرنگی زیاتر بە ژینگە بدەن و خۆیان بۆ گۆڕانی كەشوهەوا ئامادە بكەن و سەرچاوەكانی ئاو بپارێزن.

گوڵاڵە، كارەكانی لە بواری هونەردا بەپێی پێویستی كۆمەڵگە و دۆخەكە دەگۆڕێت، سەردەمانێك بە ئێستاشەوە كە ژنان روبەڕوی توندوتیژی دەبنەوە، تابلۆكانی بۆ پرسی ژنان تەرخاندەكات و دەیەوێت لەڕێی هونەرەوە دەنگی ژنان بگەیەنێت.

gwlalaa
گوڵاڵە حەمید لە پێشانگەیەكیدا باس لە پەیامی تابلۆیەكی دەكات بۆ فریاد رەواندزی، وەزیری پێشوتری عیراق. فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

ئەو وتی "لەئێستادا كارەكانم زیاتر تایبەت كردووە بە هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە و بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان". ئەوەش لەكاتێكدایە لە 25ی تشرینی دووەمەوە، هەڵمەتی 16 رۆژەی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان لە عیراق و جیهان دەستپێكردووە و ساڵی رابردودا و ، بەپێی ئامارێكی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەر كاتژمێرێكدا زیاتر لە پێنج ژن یان كچ لەلایەن ئەندامێكی خێزانەكەیانەوە لە جیهاندا كوژراون و لەسەدا 45ـی ژنانیش خۆیان یان ژنێكی دیكە دەناسن كە روبەڕوی توندوتیژی بۆتەوە.

گوڵاڵە وتی "لەڕێی هونەرەوە پەیامەکەم بۆ بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان بڵاودەكەمەوە، توندوتیژی بووە بە هەڕەشە لەسەر ژیانی مێینە".

خودی گوڵاڵەش بێبەش نەبووە لەو پێشێلكارییانەی كە دژ بە ژنان دەكرێن، ئەو دەڵێت "منیش بەهۆی زۆرێک لە تابلۆکانمەوە روبەڕوى تانە و توانجی هاوڵاتیان بومەتەوە و وتویانە نابێت ئەو پەیامە یان ئەو تابلۆیە لەناو کۆمەڵگاى ئێمەدا هەبێت و لەگەڵ دابونەریتی ئێمەدا ناگونجێت".

گوڵاڵە زیاتر وتی "تەنانەت زۆرجار ئازارى دەرونی دراوم، بۆ نمونە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا پەڕەیان بەناوی منەوە كردۆتەوە و هەر لەدژی تابلۆكانی من نوسینیان بڵاودەكردەوە و ئازاری دەرونیان دەدام". بەڵام گوڵاڵە وتی "ئەو كارانە ناموەستێنن".

tablo
تابلۆیەكی تری گوڵاڵە حەمید، پەیامی ئەو تابلۆیە ئەوەیە سەرچاوەكانی ئاو بپارێزین و خۆمان بۆ گۆڕانی كەشوهەوا ئامادە بكەین. فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو
 

ئەو هونەرمەندە لە ماوەی كاركردنیدا بەربەستی زۆر روبەڕوی بۆتەوە، چ لەلایەن كۆمەڵگەوە یان تەنانەت خودی خێزانەكەی. ئەو وتی "تانە و تەشەری زۆریان لێدەدام".

گوڵاڵە ئێستا لە تێكەڵكردنی رەنگەكاندا، پەیامی هۆشیاریی جۆراوجۆر بڵاودەكاتەوە و دەڵێت "تابلۆ و هونەر بەشێکن لە روحى من و ئاویتەى ژیانم بووە... لەگەڵئەوەشدا هونەر بۆتە پەیداكردنی بژێوی ژیانم".

بەشێك لە تابلۆكانی لەناو هەرێمی كوردستاندا دەفرۆشێت، بەشێكیشی چۆتە دەرەوەی عیراق، ئەو وتی "تابلۆكانم بۆتە جێی سەرەنجی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لەناو ئەنجومەنی وەزیراندا هەڵواسراون".

گوڵاڵە روبەڕوی تەحەدیی و بەربەستەكان بۆوە، وتی "من بڕیارمدا رێگای سەركەوتن هەڵبژیرم، قورسە بۆ ئافرەتێک بگاتە لۆتکەى سەرکەوتن لە ناوچەى گەرمیان، من ماندوبوم و قوربانی زۆرمداوە، بەڵام چاوم لە لوتكەیە و سوربونم لەسەر کارەکانم وایکرد ئەوانەى سەردەمانێک دژم بون، ئێستا یارمەتیدەر و پاڵپشت و هاندەرمن، ئەمە خۆی سەركەوتنە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT